نەتەنیاهوو و هێرزۆگ لەبارەی غەززە و پەیوەندی لەگەڵ وڵاتانی عەرەبی کۆبوونەوە

06-07-2025
تەنیا ئەحمەد
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ
 
سەرۆکایەتیی ئیسرائیل رایگەیاند، ئەمڕۆ یەکشەممە بنیامین نەتەنیاهوو، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل پێش سەردانەکەی بۆ واشنتن، لەگەڵ سەرۆکی وڵاتەکە کۆبووەوە و تێیدا باسیان لە جەنگی غەززە و هەوڵەکانی فراوانکردنی پەیوەندییەکان لەگەڵ وڵاتانی ئەندام لە کۆمکاری عەرەبی کرد.
 
بڕیارە نەتەنیاهوو رۆژی دووشەممە 07-07-2025 لە کۆشکی سپی لەگەڵ دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا کۆببێتەوە، کە هەوڵدەدات کۆتایی بە جەنگی 21 مانگەی نێوان ئیسرائیل و بزووتنەوەی حەماسی فەلەستینی بهێنێت.
 
لەلایەکی دیکە بڕیارە رۆژی یەکشەممە دانوستاندنە ناڕاستەوخۆکان لە دەوحە بە نێوەندگیریی قەتەر، میسر و ئەمریکا بۆ ئاگربەست دەستپێبکەنەوە.
 
ئیسحاق هێرزۆگ، سەرۆکی ئیسرائیل لە راگەیێنراوێکدا گوتی: "سەرۆکوەزیران لە سەردانەکەیدا بۆ واشنتن، ئەرکێکی گرنگی لەسەر شانە، ئەویش پێشخستنی رێککەوتنێکە بۆ گەڕاندنەوەی هەموو بارمتەکانمان."
 
هەروەها گوتی: "ئەمە ئەرکێکی باڵای ئەخلاقییە. من بە تەواوی پشتگیری لەم هەوڵانە دەکەم، تەنانەت ئەگەر بڕیاری قورس و ئاڵۆز و بەئازاریشی تێدابێت. دەبێت هەموومان لەبیرمان بێت کە باجەکەی ئاسان نییە."
 
دوو سەرچاوەی فەلەستینی نزیک لە گفتوگۆکان رایانگەیاندووە، پێشنیازەکە ئاگربەستێکی 60 رۆژی لەخۆدەگرێت، کە لەو ماوەیەدا حەماس 10 بارمتەی زیندوو و چەند تەرمێک لە بەرامبەر ئەو فەلەستینیانەی کە لەلایەن ئیسرائیلەوە دەستبەسەرکراون، ئازاد دەکات.
 
هەندێک لایەن لە ئیسرائیل داوای رێککەوتنێک دەکەن کە هەموو بارمتەکان بەیەکجار ئازاد بکرێن.
 
نەتەنیاهوو و هێرزۆگ، باسیان لە ئەگەری فراوانکردنی رێککەوتننامەکانی ئەبراهام کرد کە لە ساڵی 2020 بە نێوەندگیریی ئەمریکا واژۆ کران و بەهۆیانەوە ئیسرائیل پەیوەندییەکانی لەگەڵ ئیمارات، بەحرەین و مەغریب دروستکرد.
 
لە راگەیێنراوەکەی نووسینگەی هێرزۆگدا هاتووە: "هەردووکیان باسیان لە دەرفەتەکانی قووڵکردنەوەی پەیوەندییەکان لەگەڵ وڵاتانی دیکە کرد، لە چوارچێوەی دەستپێشخەریی رێککەوتننامەکانی ئەبراهامی دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا."
 
لەم دواییانەدا، جەدعون ساعر، وەزیری دەرەوەی ئیسرائیل رایگەیاندبوو، حکومەتەکەی "ئارەزووی" ئاساییکردنەوەی پەیوەندییەکانی لەگەڵ لوبنان و سووریای دراوسێی هەیە، لە کاتێکدا دیمەشق رایگەیاندبوو کە هەنگاوێکی لەو شێوەیە "پێشوەختەیە."

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە