هەوکردنی پەردەی مێشک لەنێو منداڵانی غەززە زیادیکردووە

06-07-2025
تەنیا ئەحمەد
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ
 
کەرتی غەززە رووبەڕووی بڵاوبوونەوەیەکی بێوێنەی نەخۆشیی هەوکردنی پەردەی مێشک (Meningitis) بووەتەوە، بەتایبەتی لەنێو منداڵاندا، کە زۆربەیان بەهۆی برسێتی و بەدخۆراکییەوە لاواز بوون.
 
سیستمی تەندروستیی کەرتەکە لەسەر لێواری داڕمانە و دانیشتووانی فەلەستین مانگانێکە لە دۆخێکی کارەساتباری مرۆیی و ژینگەییدا دەژین.
 
نەخۆشخانەی رەنتیسی تایبەت بە منداڵان لە شاری غەززە، رایگەیاندووە لەم دواییانەدا ژمارەی ئەو منداڵە فەلەستینیانەی تووشی نەخۆشیی کوشندەی هەوکردنی پەردەی مێشک بوون، بەشێوەیەکی بەرچاو زیادیکردووە. 
 
دکتۆر راغب وەرش ئاغا، پزیشکی پسپۆڕی منداڵان بڵاوبوونەوەی مەترسیداری نەخۆشییەکەی پشتڕاستکردەوە و گوتی، بڵاوبوونەوەی نەخۆشییەکە لەنێو منداڵە ئاوارەکان و کەمیی دەرمانی ئەنتیبایۆتیک (دژەزیندەیی) دۆخەکەی خراپتر کردووە.
 
دکتۆر راغب گوتیشی: "بینیمان ژمارەی تووشبووان بە هەوکردنی پەردەی مێشک زیادیکردووە، هۆکارەکەشی وێرانبوونی ژێرخان، بڵاوبوونەوەی ئاوی پیس، بەدخۆراکیی منداڵان و قەرەباڵخیی زۆرە لەنێو خێمەکاندا. هەموو ئەم دۆخانە بوونەتە هۆی زیادبوونی نەخۆشییەکە."
 
نەخۆشخانەکان تەنانەت سەرەتاییترین خزمەتگوزاریی تەندروستیشیان نییە. قەرەوێڵەکان پڕن و پزیشکان کار بۆ رزگارکردنی ژیانی خەڵک دەکەن. 
 
ئوم تەمیم بەرەکات، دایکێکی ئاوارەیە و چاودێریی کوڕە 5 ساڵانەکەی دەکات لە نەخۆشخانە، کە دوای تووشبوونی بە نەخۆشییەکە چارەسەر وەردەگرێت.
 
ئوم تەمیم گوتی: "ئەو خێمەیەی تێیدا دەژین، ئاوی پیس دەوری داوە. دوای ئەوەی تایەکی بەرزی کوڕەکەم بووە هۆی گەشکە، تووشی هەوکردنی پەردەی مێشک بوو. دەرمانخانەکانی ئێرە بە دەگمەن دەرمانیان هەیە، تەنانەت شاف، پاراسیتامۆڵ و ئەنتیبایۆتیکیشیان نییە."
 
قەرەباڵخیی زۆر و نەبوونی سەرەتاییترین رێکاری پاکوخاوێنی، ناوچەکەی کردووەتە ژینگەیەکی لەبار بۆ بڵاوبوونەوەی نەخۆشی. خێزانە ئاوارەکان لە شوێنی بچووک و تەسکدا کۆکراونەتەوە و منداڵان هیچ ژینگەیەکی سەلامەت و تەندروستیان نییە.
 
وەلید موسلیح، ئاوارەیەکی فەلەستینییە و دەڵێت: "منداڵەکانمان لە نزیک ئاوی پیس یاری دەکەن و ناتوانین هەمیشە چاودێرییان بکەین. ئێمە بە زەحمەت ئارد و خۆراکیان بۆ دابین دەکەین. لێرە هیچ پاکوخاوێنییەک بوونی نییە. خێمەکان بە پیسی و ئاوی لێڵ دەورە دراون کە دێتە ژوورەوە و جلەکانمان تەڕ دەکات."
 
بەپێی ئاژانسی منداڵانی نەتەوە یەکگرتووەکان (UNICEF)، ئێستا نزیکەی یەک ملیۆن منداڵ لە غەززە رووبەڕووی مەترسیی تەندروستیی بوونەتەوە، ئەمەش بەهۆی داڕمانی سیستمی تەندروستی و نەبوونی هیچ مەرجێکی سەلامەتی. لەگەڵ بڵاوبوونەوەی نەخۆشییە گوازراوەکان، ترس لە کارەساتێکی مرۆیی گەورەتر زیاتر دەبێت، کە دەکرێت شوێنەوار لەسەر نەوەیەکی تەواو جێبهێڵێت.

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە