رووداو دیجیتاڵ
وەزیرانی دەرەوەی عێراق و ئێران، پابەندبوونی وڵاتەکەنیان بە رێککەوتنی ئەمنیی نێوان بەغدا و تاران دووپاتکردەوە و "تاوتوێی گرنگترین ئەو هەنگاوانەیان کرد کە لەو بوارەدا لە هەرێمی کوردستان جێبەجێکراون".
ئەمیر حوسێن عەبدوڵڵاهیان، وەزیری دەرەوەی ئێران، ئێوارەی رۆژی سێشەممە، 5ـی ئەیلوولی 2023، بە تەلەفۆن لەگەڵ فوئاد حوسێن، جێگری سەرۆکوەزیران و وەزیری دەرەوەی عێراق قسەی کرد و سوپاسی حکومەت و خەڵکی عێراقی کرد بۆ کارئاسانیکردن بۆ زیارەتکاران. فوئاد حوسێن گوتی، حکومەتی فیدراڵیی عێراق، حکومەتی هەرێمی کوردستان و هەموو حکومەتە خۆجێییەکان لە پارێزگاکاندا لە خزمەتی زیارەتکاران بوون.
بەگوێرەی راگەیێندراوی وەزارەتی دەرەوەی عێراق، لە بەشێکی دیکەی پەیوەندییەکەدا هەردوولا باسیان لە پەیوەندیی دوو قۆڵیی نێوان هەردوو وڵات کردووە و هەڵسەنگاندنیان بۆ پەرەپێدانی بەردەوامی ئەو پەیوەندییانە کردووە. ئەوان "گفتوگۆیان لەبارەی رێککەوتنی ئەمنیی نێوان حکومەتی فیدراڵی و کۆماری ئیسلامیی ئێران کردووە و هەردوولا پابەندبوونی وڵاتەکانیان پێوە دووپاتکردوەتەوە؛ هەروەک تاوتوێی گرنگترین ئەو هەنگاوانەیان کردووە کە لەو بوارەدا لە هەرێمی کوردستان جێبەجێکراون".
لە کۆتایی پەیوەندییە تەلەفۆنییەکەدا وەزیری دەرەوەی ئێران بانگهێشتی وەزیری دەرەوەی عێراقی کردووە سەردانی تاران بکات بۆ تاوتوێکردنی کۆمەڵێک بابەتی جێگەی بایەخی هەردوولا.
رۆژی 19ـی ئاداری 2023 لە بەغدا، عێراق و ئێران کۆنووسێکی ئەمنیی هاوبەشیان واژۆکرد کە قاسم ئەعرەجی، راوێژکاری ئاسایشی نیشتمانیی عێراق و عەلی شەمخانی، سکرتێری ئەوکاتی ئەنجوومەنی ئاسایشی نیشتمانیی ئێران واژۆکەیان کرد. یاداشتەکە هاوئاهەنگی لە رووی پاراستنی سنووری هاوبەشی نێوان هەردوو وڵاتی لەخۆگرتووە.
باسم عەوادی، گوتەبێژی حکومەتی عێراق رۆژی 28-08-2023 لە تویتێکی لە تۆڕی کۆمەڵایەتی ئێکس رایگەیاند، "عێراق رێککەوتنی لەگەڵ ئێران واژۆ کردووە و تێیدا باس لە رێگریکردن لە دزەکردنی چەکداران، رادەستکردنی داواکراوان، چەک داماڵین و لابردنی سەربازگەکان کراوە و پابەندبوونەکانی خۆشی جێبەجێ کردووە."
گوتەبێژی حکومەتی عێراق ئاماژەی بەوەش کرد، "گرنگترین بنەمای سیاسەتی دەرەوە بریتییە لەوەی نابێت عێراق لایەنێک بێت لە زیانگەیاندن بە دراوسێکانی. سەروەریی عێراق پێویستی بە لێکتێگەیشتنی ئەمنییە بۆ پاراستنی سنووری عێراق لە هەر پەلامارێک."
قاسم ئەعرەجی، راوێژکاری ئاسایشی نەتەوەیی عێراق ، رۆژی 4ی ئەیلوولی 2023 سەردانی هەرێمی کوردستانی کرد و لە هەولێر لەگەڵ رێبەر ئەحمەد، وەزیری ناوخۆی هەرێمی کوردستان و لە شاری سلێمانی لەگەڵ بافڵ تاڵەبانی، سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان بە ئامادەبوونی قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆکی حکومەتیی هەرێمیی کوردستان کۆبووەوە؛ تووندتۆڵکردنی سنوور یەکێک لە مژارەکانی نێوانیان بوو.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ