د. عەلی قەرەداخی: داوامان کردووە لووتکەیەکی وڵاتانی ئیسلامی بۆ راگرتنی شەڕی غەززە ببەسترێت

06-09-2025
مالیک محەممەد
د. عەلی قەرەداخی، سەرۆکی یەکێتیی زانایانی جیهانیی ئیسلامی
د. عەلی قەرەداخی، سەرۆکی یەکێتیی زانایانی جیهانیی ئیسلامی
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

سەرۆکی یەکێتیی جیهانیی زانایانی ئیسلامی دەڵێت، کۆنفرانسێکی تایبەتیان بە پرسی غەززە لە ئیستەنبووڵ بەستووە و داوایان لە ئەردۆغان کردووە لووتکەیەکی گەورەی وڵاتانی ئیسلامی ببەسترێت، دواتر داوا لە ترەمپ بکرێت فەرمان بە نەتەنیاهوو بکات شەڕ رابگرێت.
 
د. عەلی قەرەداخی لەکاتی بەشداریکردنی لە بووڵتەنی کاژێر 16:00ـی تۆڕی میدیایی رووداو کە زانا کایانی پێشکێشی کرد رایگەیاند، "کۆنفرانسەکەی ئیستەنبووڵ دەرئەنجامێکی باشی لێکەوتەوە و راگەیێندراوێکی 17 بەندی وەکو راگەیێندراوی کۆتایی لە مزگەوتی ئایاسۆفیا خوێندرایەوە."
 
بە گوتەی عەلی قەرەداخی، دوای کۆنفرانسەکە، چاویان بە رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆککۆماری تورکیا کەوتووە ئەنجامی کۆنفرانسەکەیان لەگەڵ تاوتوێ کردووە. "بەتایبەتی ئەو بەندانەی کۆنفرانسەکە کە پەیوەندییان بە وڵاتانی ئیسلامییەوە هەبوون."
 
سەرۆکی یەکێتیی جیهانیی زانایانی ئیسلامی گوتی، "پێمان گوت چوار پڕۆژە هەیە وڵاتانی ئیسلامی دەتوانن سوودی لێوەربگرن، یەکێک لەوانە راگرتنی شەڕی غەززەیە، دەتوانرێت لووتکەیەکی بچووک لەنێوان دەوڵەتە ئیسلامییە گەورەکان ئەنجام بدرێت، لەوانە تورکیا، ئەندەنوسیا، مالیزیا، سعودیە، نەیجیریا و قەتەر، کە ئەوانە پەیوەندی باشیان لەگەڵ ئەمریکا هەیە و پێگەیان لە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی دا هەیە."
 
وەک عەلی قەرەداخی دەڵێت، "ئەو وڵاتانە داوا لە ترەمپ بکەن کە فەرمان بە نەتەنیاهوو بکات شەڕەکە بووەستێنێت، چونکە ئەگەر سەرۆک ترەمپ بیەوێت لەماوەی رۆژێکدا شەڕەکە بوەستێنێت، چونکە نەتەنیاهوو بیەوێت هەرچیەک بکات دەڵێت، پرسم بە ترەمپ کردووە."
 
سەرۆکی یەکێتیی جیهانیی زانایانی ئیسلامی ئاماژەی بەوە کرد، "جەنابی ئەردۆغان گوتی ئەمە زۆر باشە و من جێبەجێی دەکەم، بەڵام لە نیویۆرک کۆبوونەوەیەکمان لەسەر ئاستی جیهان هەیە لەسەر پرسی غەززە، من ئەم پێنج بۆ شەش سەرۆکە کۆدەکەمەوە و سەردانی ترەمپ دەکەین یان پەیوەندی پێوە دەکەین بۆ ئەو پرسە."
 
لەبارەی هەڵبژاردنی تورکیا وەکو شوێنی بەستنی کۆنفرانسەکە عەلی قەرەداخی گوتی، "تورکیا تاڕادەیەکی گەورە پاڵپشتی دۆسیەی فەلەستین و غەززەیە، جگە لەوەی تورکیاش لەنێوان ئەو 8 وڵاتەیە کە نەتەنیاهوو هەڕەشەیان لێدەکات."
 
سەبارەت بە دۆخی غەززە ئاماژەی بەوە کرد، "نزیکەی 23 مانگە بەرەنگاربوونەوەی داگیرکاری بەردەوامە، برسێتی و گەمارۆیەکی زۆر لەسەر غەززە هەیە، بەڵام تاوەکو ئێستا مقاوەمەکردن بەردەوامە."
 
بە گوتەی د. عەلی، تاوەکو ئێستا نەتەنیاهوو "سەرکەوتوو نەبووە" لە جێبەجێکردنی پلانەکانی. دەشڵێت، "گەلی غەززە گەلێکی نەبەزە، وەکو چۆن کوردستان کاتی خۆی هوتافی یان کوردستان یان نەمانیان دەگوتەوە، ئێستاش لە غەززە بە هەمان شێوەیە."
 
سەرۆکی یەکێتیی جیهانیی زانایانی موسڵمان باسی گەیاندنی هاوکارییە مرۆییەکانی کرد و گوتی، "هاوکارییەکان دەگەنە غەززە، سەرەڕای ئەوەی گەمارۆیەکی گەورە هەیە، بەڵام دەرفەتی گەیاندنی هەندێک هاوکاری کەم هەیە."
 
701 رۆژە جەنگی غەززە بەردەوامە. بە گوێرەی نوێترین ئاماری وەزارەتی تەندروستیی کەرتی غەززە کە نەتەوە یەکگرتووەکان پشتی پێ دەبەستێت، لانیکەم 64 هەزار و 300 کەس لە غەززە کوژراون و 162 هەزار و 5 کەس برینداربوون. 

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە