نەتەوە یەکگرتووەکان: ئیدی بەسە، پێویستە هەر ئێستا شەڕی غەززە بوەستێت

06-11-2023
تەنیا ئەحمەد
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

دوای مانگێک لە شەڕی نێوان ئیسرائیل و باڵی سەربازیی حەماس، چەند بەڕێوەبەرێکی ئاژانسەکانی نەتەوە یەکگرتووەکان بەیاننامەیەکی هاوبەشیان دەرکرد و داوای راگرتنی بەپەلەی شەڕ دەکەن، هەروەها دەڵێن، تائێستا 88 کارماندیان کوژراوە.
 
یەکشەممە 05-11-2023 بەڕێوەبەرانی 18 ئاژانسی جیاوازی نەتەوە یەکگرتووەکان لە بەیاننامەیەکی هاوبەشدا داوای راگرتنی بەپەلەی شەڕیان لە غەززە کرد. ئەوان دەڵێن، "ئەوە بووە مانگێک، ئیدی بەسە. دەبێت بە زووترین کات شەڕ رابگیرێت."
 
بەڕێوەبەرانی هەریەک لە یونیسێف، ژنانی نەتەوە یەکگرتووەکان، بەرنامەی جیهانیی خۆراک و رێکخراوی تەندروستیی جیهانی لە بەیاننامەکەدا کوشتنی هاووڵاتییانی فەلەستینی و ئیسرائیلییان بە "ترسناک" وەسف کرد. هەروەها گوتیان، "نزیکەی مانگێکی تەواوە، جیهان بە ترس و شۆکەوە سەرقاڵی تەماشاکردنی پەرەسەندنی دۆخی ئیسرائیل و فەلەستین و ئەو ژمارە زۆرەی کوژران و لەناوچوونە."
 
سەرکردەکانی نەتەوە یەکگرتووەکان داوایان لە هاوبەشەکانیان کرد، "رێز لە یاسای نێودەوڵەتی بۆ مافەکانی مرۆڤ بگرن، لەوانەش پاراستنی خەڵکی سڤیل، قوتابخانەکان و نەخۆشخانەکان، بهێڵن هاوکاری بچێتە نێو کەرتەکە."
 
لە بەشێکی دیکەی بەیاننامەکەدا هاتووە، "ئەوە قبووڵنەکراوە خەڵک دەستیان بە کەرەستە زۆر پێویستەکانی ژیان نەگات و لەنێو ماڵ و پەناگە و پەرستگا و نەخۆشخانەکانەوە بۆردوومان بکرێن."
 
لەبارەی هێرشی سەر دامەزراوە و کارمەندەکانی خۆشیانەوە گوتیان، "زیاتر لە 100 هێرش لە دژی چاودێریی تەندروستی تۆمار کراون، لە 7ی مانگەوە تائێستا 88 کارمەندی رێکخراوی ئۆنروا (ئاژانسی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ کاروباری پەنابەرانی فەلەستینی) کوژراون، ئەمەش زۆرترین ژمارەی کوژراوانی نەتەوە یەکگرتووەکانە کە تائێستا لە یەک شەڕدا تۆمار کراوە."
 
رێکخراوی UNRWA پاڵپشتیی زیاتر لە 5 ملیۆن و 600 هەزار پەنابەر لە غەززە، کەرتی رۆژئاوا و رۆژهەڵاتی قودس/ئۆرشەلیم، هەروەها پەنابەرانی ئوردن لوبنان و سووریاش دەکات. بەپێی رێکخراوی مرۆیی ئۆچای سەر بە نەتەوە یەکگرتووەکان، نزیکەی 590 هەزار خەڵکی بێماڵ و ئاوارە لە پەناگەکانی رێکخراوی ئۆنروا داڵدەدراون. ئۆچا هۆشداریی دەدات کە چیدی رێکخراوە مرۆییەکان ناتوانن پێداویستیی ئەو ژمارە زۆرەی ئاوارەکان دابین بکەن، خەریکە ئاو، کارەبا، خواردن و کەرەستە سەرەکییەکانی ژیان بەتەواوی نامێنن.
 
ئۆنروا رێکخراوێکی گەشەپێدانی مرۆییە و لە ساڵی 1949 بۆ هاوکاریکردنی پەنابەرانی فەلەستینی دامەزراوە، بودجەی ساڵانەی نزیکەی 800 ملیۆن دۆلارە و 30 هەزار کارمەندی هەیە. زۆربەیان لە فەلەستین و وڵاتانی دەوروبەری کاردەکەن و بنکەی سەرەکیی رێکخراوەکەش لە ئوردن و غەززەیە.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە