نەتەوە یەکگرتووەکان ئامارەکانی دوو مانگی جەنگی ئیسرائیل و حەماس بڵاودەکاتەوە

06-12-2023
تەنیا ئەحمەد
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

نووسینگەی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ هاوئاهەنگی کاروباری ئابووری - ئۆچا، راپۆرتی دوو مانگەی جەنگی غەززەی بڵاوکردەوە و تێیدا هاتووە، 16 هەزار و 248 کەس لە غەززە و هەزار و 200 کەس لە ئیسرائیل کوژراون؛ ئاماژە بەوەش دەکات، خەڵک لە غەززە چوار کاژێر بۆ شەش کاژێر نۆرە بۆ نیو نان دەگرن.
 
ئۆچا لە نوێترین راپۆرتیدا لەبارەی دۆخی غەززە کە رۆژی سێشەممە، 5-12-2023 بڵاویکردووەتەوە، دەڵێت، بۆردوومانەکانی ئیسرائیل لە 4ـی ئەم مانگەوە زۆر چڕبوونەتەوە و جەنگ لەنێوان گرووپە چەکدارەکانی فەلەستین و هێزەکانی ئیسرائیل بە تایبەت لە بەشی رۆژهەڵاتی شاری غەززە، کامپی جەبالیا و رۆژهەڵاتی شاری خان یونسە. 
 
ژمارەی گیانلەدەستدان و برینداربوون
 
راپۆرتەکە دەڵێت، بە گوێرەی تەندروستیی غەززە، لە 1-12-2023ـەوە لانیکەم هەزار و 207 کەس لەو ناوچەیەی فەلەستین کوژراون، 70%ـی ئەوان منداڵ و ژن بوون. ژمارەی گیانلەدەستدانیش بە شێوەیەکی گشتی لەو کاتەوەی لە 7-10-2023ـەوە کە جەنگەکە دەستپێکردووە، لە کەرتی غەززە بۆ 16 هەزار و 248 کەس بەرزبووەتەوە کە چوار هەزار و 885 ژن و حەوت هەزار و 112 منداڵ لەخۆدەگرێت.
 
هەر بە گوێرەی راپۆرتەکە، لانیکەم هەزار و 550 خێزان زیاتر لە ئەندامێکیان لەدەستداوە؛ زیاتر لە 43 هەزار و 616 کەس برینداربوون و 1.93 ملیۆن کەس ئاوارەبوون کە 78%ـی خەڵکی غەززە پێکدەهێنن.
 
ئەوەی کە پەیوەندی بە لایەنی ئیسرائیلەوە هەیە، زیاتر لە هەزار و 200 کەس گیانیان لەدەستداوە؛ هەزار و 162 کەسیان ناسراونەتەوە کە 33یان منداڵ بوون؛ هەروەها پێنج هەزار و 400 کەس برینداربوون و هێشتا 138 بارمتەش لای حەماسن.
لە کەرتی رۆژئاواش، 249 کەس کە 65یان منداڵ بوون، کوژراون.
 
ئاسایشی خۆراک
 
ئۆچا دەڵێت، لە باکووری کەرتەکە خۆراک خەریکە بە تەواوی نامێنێت، کۆگەکانی رێکخراوی خۆراکی جیهانی خەریکە بەتاڵ دەبن، دوایین ئاشی کەرتەکەش کە کاری دەکرد لە 15-11-2023 لەکار کەوت.
 
بە گوێرەی ئۆچا، خەڵکی لە بەشی زۆری غەززە نزیکەی چوار بۆ شەش کاژێر نۆرە دەگرن بۆ وەرگرتنی نیو نان.
 
ئۆچا ئاماژەی بەوەکردووە کە نەتەوە یەکگرتووەکان لەبەر چەند هۆکارێک ناتوانێت هاوکارییەکان بە رێکوپێکی بگەیەنێت؛ لەوانەش، کەمیی بارهەڵگر لەنێو غەززە و نەبوونی هێڵی پەیوەندی کە لە 4-12-2023ـەوە بڕاوە و ئەوەش وایکردووە، پەیوەندییان لەگەڵ دەروازەی رەفەح نەمێنێت کە لێیەوە یارمەتییەکە دەچێتە نێو غەززە.
 
ئۆچا باس لەوە دەکات، لە 21-10-2023ـەوە نزیکەی سێ هەزار و 97 بارهەڵگر هاوکاری مرۆیی چوونەتە نێو کەرتی غەززە. 
 
کەرتی تەندروستی و پەروەردە
 
هێرشەکانی ئیسرائیل زیانی گەورەیان لەسەر کەرتی پەروەردە و تەندروستی هەبووە. وەک لە راپۆرتەکەدا هاتووە، لە 36 نەخۆشخانەی نێو کەرتەکە تەنیا 18 دانەیان خزمەتگوزاری پێشکێش دەکەن؛ هەروەها لە نەخۆشخانەکاندا هەزار نەخۆش هەن کە گورچیلەیان لەکار کەوتووە؛ دوو هەزار نەخۆشی شێرپەنجە و 130 منداڵی نێو شووشە هەن.
 
625 هەزار قوتابی کە رێژەی ٪100ـی قوتابییانی کەرتەکە پێکدەهێنن، دەستیان ناگات بە ناوەندەکانی پەروەردە و ناتوانن بخوێنن. نزیکەی ٪51ـی ناوەندە پەروەردەییەکانی غەززە بۆردوومانکراون کە 339 دانەن.
 
ئۆچا دەڵێت، 131 کارمەندی نەتەوە یەکگرتووەکان، 286 کارمەندی تەندروستی، 32 کارمەندی بەرگریی شارستانی و 81 میدیاکار کوژراون.
 
خانوو و باڵاخانەکان
 
ئۆچا ئاماژە بەوە دەکات، زیاتر لە 50 هەزار خانوو و شوقە لەنێو غەززە وێران بوون و زیاتر لە 250 هەزاریش زیانیان بەرکەوتووە، واتە ٪60ـی خانوو و شوقەکانی کەرتەکە رووخاون یان زیانیان بەرکەوتووە؛ هەروەها 11 نانەواخانە، سێ کەنیسە و 88 مزگەوت وێران بوون یان زیانی گەورەیان بەرکەوتووە، جگە لە تێکشکاندنی 56 ئامبوڵانس.
 
مارتن گریفیسس، رێکخەری فریاگوزاریی ئۆچا دەڵێت، "لە غەززە هیچ شوێنێک سەلامەت نییە؛ نە نەخۆشخانەکان، نە شێڵتەرەکان و نە کامپەکان. تەنانەت هیچ کەسێکیش سەلامەت نییە؛ نە منداڵان، نە کارمەندانی تەندروستی و نە کارمەندانی مرۆیی. ئەم جەنگە دەبێت بووەستێت."

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە