رووداو دیجیتاڵ
ئەحمەد شەرع، سەرۆککۆماری قۆناخی راگوزەری سووریا، لە وەڵامی پرسیارێکی تۆڕی میدیایی رووداو دا گوتی: "کورد چاومانن. لەگەڵ ئەوان یەک دەگرین."
رۆژی شەممە، سەنگەر عەبدولڕەحمان، نێردراوی رووداو لە پەراوێزی کۆڕبەندی دەوحە لە قەتەر، لە شەرعی پرسی کە داهاتووی کورد لە سووریا چۆن دەبینن؟ سەرۆککۆماری راگوزەری سووریا گوتی: "کورد چاومانن"، دواتر بە هەردوو دەست ئاماژەی بە چاوەکانی کرد و گوتی "ئەوان لێرەدان. بە پشتیوانی خوا یەک دەگرین."
ئەم قسانەی شەرع لە کاتێکدان کە حکومەتە راگوزەرەکەی تاوەکو ئێستا نەیتوانیوە لەگەڵ کورد لەسەر چەندین پرسی ئەمنی، سیاسیی و ئابووریی پەیوەست بە داهاتووی سووریا و رۆژئاوای کوردستان، رێکبکەوێت.
لە ئاداری 2025، حکومەتی دیمەشق و هێزەکانی سووریای دیموکرات (هەسەدە)، کە سوپای دیفاکتۆی بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەرە، رێککەوتنێکیان واژۆکرد بە ئامانجی تێکەڵکردنەوەی هێزەکانی هەسەدە لەنێو سوپای نیشتمانیی سووریا.
🔴ئەحمەد شەرع بۆ رووداو: کورد لەسەر چاومانن، ئینشاڵڵا یەکدەگرین pic.twitter.com/xegUA43Ise
— Rudaw (@Rudawkurdish) December 6, 2025
بەگوێرەی رێککەوتنەکە، دەروازە سنوورییەکان، فڕۆکەخانەکان و کێڵگە نەوت و گازییەکان کە پێشتر هەموویان لەلایەن بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەرەوە بەڕێوەدەبردران، دەخرێنەوە ژێر کۆنترۆڵی حکومەتی دیمەشق. هەروەها رێککەوتنەکە کورد وەکو هاووڵاتیی تەواو دەناسێنێت و مافی نوێنەرایەتیکردنیان لە دامەزراوەکانی دەوڵەتدا پێدەدات.
ئەم رێککەوتنە هیوای ئەوەی لای زۆر کەس دروستکرد کە دواجار گرژییە درێژخایەنەکانی نێوان بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەر و دیمەشق کەمببنەوە. ئەم هەنگاوە لەلایەن هەندێکەوە وەکو دەرفەتێک بۆ سووریایەکی گشتگیرتر سەیر دەکرا، کە تێیدا دان بە مافە نەتەوەیی و مافەکانی کورددا بنرێت.
بەڵام سەرەڕای ئەو هیوایانە، رێککەوتنەکە پەکیکەوتووە. یەکێک لە هۆکارە سەرەکییەکانیش، داهاتووی هەسەدەیە.
هێزە زۆرینە کوردییەکە داوا دەکات بەم پێکهاتەی کە ئێستا هەیەتی، ببێتە بەشێک لە سوپای نوێی سووریا. بەڵام دیمەشق داوا دەکات هێزەکە هەڵبوەشێتەوە و ئەندامەکانی تاک تاک بچنە نێو سوپا نوێیەکەی.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ