حەج و عومرەی سعودیە وێنەگرتن لە مزگەوتی حەرام و پێغەمبەر قەدەخە دەکات

06-12-2025
سۆلین حەمەدەمین
سۆلین حەمەدەمین
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

گوتەبێژی بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی حەج و عومرەی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، لە وەرزی حەجی ساڵی داهاتوودا وێنەگرتن و تۆمارکردنی ڤیدیۆ لە هەردوو مزگەوتی پێغەمبەر (د.خ) لە مەدینە و مزگەوتی حەرام لە مەککە قەدەخە دەکرێت.
 
رۆژی شەممە، 6ـی کانوونی یەکەمی 2025، کاروان ستوونی، گوتەبێژی بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی حەج و عومرەی هەرێمی کوردستان بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، بڕیارەکە لەلایەن وەزارەتی ناوخۆی سعودیەوە دەرکراوە.
 
کاروان ستوونی گوتی: "بەپێی بڕیارەکە، لە وەرزی حەجی 2026ـدا بە هەموو شێوەیەک وێنەگرتن و تۆمارکردنی ڤیدیۆ لە هەردوو مزگەوتی پێغەمبەر (د.خ) لە مەدینە و مزگەوتی حەرام لە مەککە قەدەخەیە".
 
گوتەبێژی حەج و عومرەی هەرێمی کوردستان لەبارەی ئامانجی بڕیارەکە رایگەیاند: "ئامانج لە بڕیارەکە خزمەتکردنی حاجییان و رەخساندنی کەشێکی ئیمانیی گونجاوە، بۆ ئەوەی حاجییان لە وێنەگرتن و سەرقاڵبوون بە مۆبایلەوە دوور بکەونەوە".
 
تاوەکو ئیستا مامەڵەی حاجییان بۆ حەجی 2026 تەواو نەبووە، وەزارەتی ئەوقاف پێنجشەممەی رابردوو، ماوەی مامەڵەی تاوەکو 8-12-2025، واتا رۆژی دووشەممە درێژکردەوە. بەپێی ئەو کاتەی لە سعودیە دیاریکراوە، پێویستە تاوەکو نێوەڕاستی مانگی کانوونی دووەمی 2026، هەموو رێکارەکان بۆ پڕۆسەی حەج تەواو بووبن.
 
ئەو کەسانەی ناویان بۆ حەجی ساڵی داهاتوو دەرچووە، دەتوانن لە نووسینگەکانی بەڕێوەبەرایەتیی حەج و عومرە لە هەولێر، سلێمانی، دهۆک، هەڵەبجە، سۆران، گەرمیان، زاخۆ و راپەڕین مامەڵەکانیان تەواو بکەن.
 
ناونووسین بۆ حەجی 2026 لە 11ـی ئەیلوول دەستیپێکرد و کاژێر 12:00ـی شەوی 26ـی ئەیلوولی 2025 کۆتایی هات؛ 89 هەزار و 893 کەس ناویان تۆمار کردبوو.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە