تۆم باراک رەخنە لە ستراتیجی ئەمریکا بۆ دروستکردنی هەرێمی کوردی لە باشوور و رۆژئاوای کوردستان دەگرێت

3 کاژێر له‌مه‌وپێش
بژار زوبێر @BBashqaly
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

تۆم باراک، نێردەی تایبەتی ئەمریکا بۆ کاروباری سووریا پێیوایە، ستراتیجی دەیان ساڵەی ئەمریکا بۆ دروستکردنی هەرێمی کوردی لە باشوور و رۆژئاوای کوردستان، بووەتە هۆی ئەوەی رۆژهەڵاتی نێوەڕاست هاوشێوەی "بەلقان"ی لێبێت و سەقامگیری بەدی نەهێنێت. دیپلۆماتەکە دۆخی ئێستای عێراقیش بە "پشێویی رەها" وەسف دەکات.
 
لە هەڤپەیڤینێکدا لەگەڵ رۆژنامەی The Nationalی ئیماراتی، باراک رەخنەی تووندی لە دەستێوەردانەکانی پێشووی ئەمریکا گرت و رایگەیاند، دروستکردنی هەرێمی نیمچە سەربەخۆی کوردی، کە لەسەر بنەمای "فیدراڵیەتێکی لێکترازاو" بنیات نراون، "زیاتر لە دابەشبوونی یوگۆسلاڤیا دەچێت نەک دروستکردنی بەرەیەکی یەکگرتوو."
 
باراک سەبارەت بە پشتیوانییەکانی ئەمریکا بۆ حکومەتی هەرێمی کوردستان و هێزەکانی سووریای دیموکرات (HSD) گوتی: "ئێمە جۆرێکی دیکە لە دەوڵەتی ئۆتۆنۆمیی کوردیمان دروستکرد [...] و لێیانگەڕاین خۆیان مامەڵە لەگەڵ یەکدی بکەن. بۆچی؟ چونکە ئاسانتر بوو."
 
نوێنەرەکەی ئەمریکا گوتیشی: "کێشەکە ئەوەیە، دۆخەکە هاوشێوەی بەلقانی لێدێت، هەروەک چۆن لە یۆگوسلاڤیا روویدا. ئەمەش تەنیا بۆ ماوەیەکی زۆر کورت دەخایەنێت و دواتر دەست دەکەن بە شەڕکردن لەگەڵ یەکدی."
 
تۆم باراک، کە هاوکات باڵیۆزی ئەمریکاشە لە تورکیا، دەڵێت، شێوازی مامەڵەی ئەمریکا بۆ جیاکردنەوەی "ناوچە کوردییە دەوڵەمەندەکان بە سامانە سرووشتییەکان" لە حکومەتە ناوەندییەکان، گرژییەکانی ناوچەکەی "قووڵتر کردوونەتەوە".
 
باراک ئاماژەی بەوەش کرد: "کوردەکان لە دیوەکەی دیکەن، کە نەوتەکەی لێیە، ئەوان نایانەوێت بەشێک بن لەم فیدراڵیەتە."
 
"پشێویی رەها" لە بەغدا
 
سەبارەت بە عێراق، نوێنەرەکەی ئەمریکا وێنەیەکی رەشبینی بۆ دۆخی سیاسیی بەغدا کێشا و رایگەیاند، سەرەڕای خەرجکردنی تریلیۆنان دۆلار و گیانلەدەستدانی سەدان هەزار کەس، واشنتن "بە دەستی بەتاڵ" وڵاتەکەی جێهێشتووە.
 
باراک، دۆخی عێراقی بە "پشێویی رەها" وەسفکرد، کە تێیدا گرووپە چەکدارەکانی نزیک لە ئێران کۆنترۆڵی جومگەکانی دەوڵەتیان کردووە و حکومەتی ناوەندییان بێ دەسەڵات کردووە.
 
تۆم باراک گوتی: "تۆ سەرۆکوەزیرانێکی زۆر باشت هەیە، کە [محەممەد شیاع] سوودانییە، هەڵبژێردراوە؛ بەڵام هیچ دەسەڵاتێکی نییە. سفر دەسەڵات. چونکە ناتوانێت هاوپەیمانیی لەم پەرلەمانەدا پێکبێنێت، لەبەرئەوەی پێکهاتەکانی دیکە، وەک حەشدی شەعبی، رێگرن لەبەردەمیدا."
 
بە بڕوای نێردەکەی ئەمریکا، ئێران کە ئێستا بەهۆی ململانێکانی حیزبوڵڵا و حەماسەوە لەژێر گوشاردایە، هەوڵێکی گەورە دەدات بۆ هێشتنەوەی هەژموونی خۆی لە عێراق. 
 
باراک گوتی: "دەبێت عێراق هی ئێمە بێت"، وەک ئاماژەیەک بۆ هەڵوێستی ئەمریکا، هاوکات دانی بەوەدانا کە تاران عێراق بە "بەشێکی دانەبڕاو" لە هەژموونی خۆی دەزانێت.
 
رێککەوتنی سووریا و ئیسرائیل "نزیکە"
 
لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا سەبارەت بە گۆڕانکارییەکانی دیمەشق، باراک ئاشکرای کرد، سووریا "نزیکە" لە گەیشتن بە رێککەوتنێکی مێژوویی لەگەڵ ئیسرائیل.
 
باراک ستایشی "رژێمی نوێی شەرع"ـی کرد لە سووریا و ئاماژەی بەوە کرد کە حکومەتەکە ساڵێک بەسەر دەستبەکاربوونیدا تێدەپەڕێت. باراک پێیوایە سەرکردایەتیی نوێی سووریا، کۆتایی بە "50 ساڵ لە کارەسات" هێناوە، کە مەبەست لێی دەسەڵاتی بنەماڵەی ئەسەدە، گوتیشی، حکومەتە راگوزەرەکە تەواو هاوکاری داواکارییەکانی ئەمریکان.
 
نوێنەرەکەی ئەمریکا بۆ سووریا گوتی: "ئەوان کارێکی باش دەکەن بۆ بەرەوپێشچوون لە دۆخێکی زۆر سەختدا. هەرچییەکمان لێ داواکردوون بۆ ئەوەی بەرەو ئیسرائیلیان ببەین، دەیکەن."
 
هەروەها باسی لە نەخشەڕێیەک کرد بۆ ئاساییکردنەوەی پەیوەندییەکان کە رێککەوتنی ئەمنی سنوورەکان و بەکارهێنانی ناوچەی دیاریکراو لەخۆدەگرێت، هەرچەندە ئاماژەی بەوەش کرد کە ئیسرائیل هێشتا بە تەواوی متمانەی نییە، "بۆیە پڕۆسەکە کەمێک خاوە."
 
"گۆڕینی رژێم" لە ئارادا نییە
 
باراک جەختی کردەوە، ئیدارەی ترەمپ نایەوێت هێزی ئەمریکی لە گۆڕەپانی هیچ وڵاتێکدا جێگیر بکات و نایەوێت بە زۆر حکومەتی وڵاتان بگۆڕێت. 
 
باراک گوتی: "گۆڕینی رژێم لە راستیدا هەرگیز سەرکەوتوو نەبووە." جەختیشی کردەوە کە واشنتن ئێستا سەرنجی لەسەر چارەسەری هەرێمییە کە لەلایەن هێزە ناوخۆییەکانەوە بەڕێوەببرێت نەک بە سەپاندنی هێزی سەربازیی ئەمریکا.
 
سەبارەت بە لوبنانیش، باراک وڵاتەکەی بە "وڵاتێکی شکستخواردوو" ناوبرد، بەڵام هیوای خواست گفتوگۆی نوێی باڵیۆزی ئەمریکا، لیزا جۆنسن، ببێتە هۆی گفتوگۆی راستەوخۆ لە نێوان بەیروت و تەل ئەڤیڤ، بێ پەنابردنە بەر میکانیزمە ئاڵۆزە نێودەوڵەتییەکان.
 
باراک گوتی: "گفتوگۆکان دەبێت چارەسەرێک بۆ شیعەکان و حیزبوڵڵا لەخۆبگرن. مەبەست چەککردنیان نییە، بەڵکو ئەوەیە چۆن وا بکەین ئەو چەکانە بەکارنەهێنن."

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە