دروشمى دژ بە حیزبوڵڵا لە شاشەى فڕۆکەخانەیەکى لوبنان بڵاودەکرێتەوە

07-01-2024
هەستیار قادر
هەستیار قادر
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ 

بەشێک لە شاشەکانى نێو فڕۆكەخانەى رەفیق حەریرى لوبنان، نووسینى دژ بە حیزبوڵڵاى لوبنانى تێدا بڵاوکرایەوە و کۆمپانیاى فڕۆکەوانى نیشتمانیى فەرمیى لوبنان بە گەشتیارانى دەڵێت، "پابەندبن بە رێنماییە ئەمنییەکانەوە." تائێستا هیچ دەزگەیەکی فەرمیی لوبنانیش هۆکاری بڵاوکردنەوەی ئەو دروشمانەی روون نەکردووەتەوە.
 
7ـی کانوونى دووەمى 2024، بەشێک لە شاشەکانى ئاگادارکردنەوە لە فڕۆكەخانەى رەفیق حەریرى لە بەیرووتى پایتەختى لوبنان چەند دروشمێکی دژ بە حیزبوڵڵاى لوبنانى تێدا بڵاوکرایەوە. 
 
لەسەر یەکێک لە شاشەکان نووسراوە، "بەناوى خودا و گەلەوە، فڕۆکەخانەى رەفیق حەریرى، فڕۆکەخانەى حیزبوڵڵا و ئێران نییە، ئەى حەسەن نەسروڵڵا، پاڵپشتیت نابێت ئەگەر لوبنان لە جەنگەوە بگلێنیت، بەرپرسیارێتى و پاشهاتەکانى دەگریتە ئەستۆ، ئەى حیزبوڵڵا لە برى کەس ناجەنگین، بەندەرکەتان بە ئاسماندا بردین، ئێستاش دەتانەوێت فڕۆکەخانەکەمان بە ئاسماندا ببەن، بەهۆى هێنانە ناوەوەى چەکەوە، با فڕۆکەخانە لە چنگى دەوڵەتۆچکە ئازاد بێت."
 
هیچ دەزگەیەکى فەرمیى لوبنان زانیارى لەبارەى ئەوە نەداوە کە بڵاوکردنەوەى ئەو نووسینانە بەهۆى هاککردنى ئەو شاشانەوە بووە یان هۆکارى دیکەى لەپشتەوە بووە. 
 
کۆمپانیاى فڕۆکەوانیى شەرقولئەوسەت کە کۆمپانیاى نیشتمانیی فەرمیى فڕۆکەوانیى لوبنانە، لەبارەى دەرکەوتنى ئەو نووسراوانە لە فڕۆکەخانەى رەفیق حەریرى، نامەیەکى ئاراستەى گەشتیاران کردووە و تێیدا ئاماژەى بەوەداوە کە "بەهۆى پەککەوتنی فڕۆکەخانەى بەیرووت، گەشتیاران پابەندبن بە رێنماییە ئەمنییەکانەوە."
 
2ـی کانوونى دووەمى 2024، نووسینگەی بزووتنەوەی حەماسی فەلەستینی لە گەڕەکێکی باشووری بەیرووت کرایە ئامانج، لە ئەنجامدا حەوت کەس کوژران و 11ـی دیکەش بریندار بوون، ساڵح عارووری، بەرپرسی باڵای بزووتنەوەکە و شەش ئەندامی باڵای دیکەیان لەو هێرشەدا کوژراون، کە دووانیان فەرماندە بوون لە کەتیبەکانی قەسام.
 
بڵاوکردنەوەى ئەو نووسراوانە لەدواى  پێنج رۆژ لەو رووداوە دێت کە بەهۆیەوە ململانێى نێوان سووپاى ئیسرائیل و حیزبوڵڵاى لوبنانى تووندتر بووەتەوە کە حەسەن نەسروڵڵا ئەمیندارى گشتییەتى.

 

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە