پارێزگاری حەلەب "لیژنەی بە هاناوەچوونی ئاوارەکان"ـی پێکهێنا

دوێنێ کاژێر 08:38
تەنیا ئەحمەد
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

پارێزگاری حەلەب بڕیاری پێکهێنانی "لیژنەی ناوەندی بۆ هاناوەچوونی ئاوارەکانی حەلەب"ی دەرکرد، کە ئەرکی بەدواداچوونە بۆ دۆخی ئاوارەکان و دابینکردنی شوێنی مانەوە بۆیان؛ ئەوەش لە کاتێکدایە بەهۆی شەڕەوە هەزاران کەس ماڵەکانیان جێهێشتووە.
 
رۆژی چوارشەممە، 07-01-2026، عەزام غەریب، پارێزگاری حەلەب بڕیاری ژمارە (70)ـی ساڵی 2026ـی دەرکرد کە تایبەتە بە پێکهێنانی "لیژنەی ناوەندی بۆ هاناوەچوونی حەلەب."
 
بە گوێرەی بڕیارەکە، لیژنەکە بە سەرۆکایەتیی پارێزگار خۆی دەبێت و ژمارەیەک لە ئەندامانی نووسینگەی جێبەجێکردن، فەرماندەکانی ئاسایشی نێوخۆ و بەڕێوەبەری کەرتە خزمەتگوزاری و مرۆییەکان تێیدا ئەندامن.
 
ئەرکی سەرەکیی ئەم لیژنەیە بریتی دەبێت لە:
 
- بەدواداچوون بۆ دۆخی ئاوارەکان کە بەهۆی بارودۆخی ئەم دواییەی بەشێک لە گەڕەکەکانی شارەکە (شێخ مەقسوود و ئەشرەفییە) ئاوارە بوون.
 
- دابینکردنی پەناگە و پشتیوانیی پێویست بۆیان.
 
- هاوئاهەنگیی راستەوخۆ لەگەڵ لایەنە حکومییەکان و رێکخراوە ناوخۆیی و نێودەوڵەتییەکان بۆ یەکخستنی هەوڵەکان.
 
لە رۆژی سێشەممەوە (06-01-2026) شەڕێکی قورس لە شاری حەلەب لەنێوان هێزەکانی ئاسایشی نێوخۆ و سوپای عەرەبیی سووریا دەستیپێکردووە.
 
ئاسایشی حەلەب رایگەیاند، "7 هاووڵاتی شەهید بوون و 54 کەسی دیکە بریندار بوون."
 
تەندروستیی حەلەب کوژرانی 5 سڤیل و برینداربوونی 27ـی دیکەی لە گەڕەکەکانی ژێر دەسەڵاتی حکومەت راگەیاند؛ وەزارەتی بەرگریش کوژرانی سەربازێک و برینداربوونی 5ـی دیکەی پشتڕاستکردەوە. هەروەها 3 ئەندامی ئاسایشی ناوخۆ بریندارن.

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە