رووداو دیجیتاڵ
رێکخراوی لێبووردنی نێودەوڵەتی (Amnesty International) هاتەدەنگ و هۆشداری لە بەرزبوونەوەی ژمارەی قوربانییانی حەلەب دەدات؛ داواش لە هەردوو لایەنی شەڕکەر دەکات "چەکی هەڕەمەکی" بەکارنەهێنن و رێگە بدەن هاووڵاتییان بە سەلامەتی دەرچن.
رۆژی چوارشەممە 07-01-2026، رێکخراوی لێبووردنی نێودەوڵەتی لە پەیامێکدا بڵاوی کردەوە: "هاوکات لەگەڵ گەیشتنی هەواڵەکان سەبارەت بە بەرزبوونەوەی ژمارەی قوربانییانی سڤیل لە حەلەب و بەردەوامیی ئاوارەبوونی دانیشتووان، دوای سێ رۆژ لە کارە دووژمنکارییەکان لەنێوان دەسەڵاتدارانی سووریا و هێزەکانی سووریای دیموکرات (هەسەدە)، مەترسیی زیادبوونی گرژییەکان هەیە."
رێکخراوەکە داوا لە هەردوولا دەکات رێز لە یاسای مرۆیی نێودەوڵەتی بگرن، بەتایبەت پرەنسیپەکانی (جیاکاری و رێژەیی) و دەڵێت: "دەبێت دەستبەجێ هێرشکردنە سەر سڤیل و موڵک و ماڵی سڤیل رابگرن و خۆیان بەدوور بگرن لە بەکارهێنانی ئەو چەکانەی کە سرووشتەکەیان جیاکاری لەنێوان سڤیل و سەربازدا ناکات."
لێبووردنی نێودەوڵەتی داوا دەکات رێگە بە گەیشتنی هاوکاریی مرۆیی بدرێت و لایەنەکان "ئاسانکاری بۆ دەرچوونی ئارام، ئازادانە و بێ بەربەست بکەن بۆ ئەوانەی لە تووندوتیژییەکان رادەکەن، بەبێ ئازاردان و ترساندنیان."
لە کاژێرەکانی دوای نیوەڕۆی رۆژی سێشەممەوە (06-01-2026) لە حەلەب شەڕە.
لە گەڕەکە کوردییەکانی (شێخ مەقسوود و ئەشرەفییە)، ئاسایش رایگەیاند، 7 هاووڵاتی گیانیان لەدەستداوە (کە دووانیان ژنن و منداڵێکیان تێدایە) و 54 کەسی دیکە بریندارن. لەودیوی بەرەکانیشەوە، لە گەڕەکەکانی ژێر دەسەڵاتی حکومەت (وەک مەیدان)، تەندروستیی حەلەب کوژرانی 5 سڤیل و برینداربوونی 27ـی دیکەی راگەیاند، جگە لە کوژرانی سەربازێک و برینداربوونی 5ـی دیکە.
دیمەنی سەربازیی شارەکە ئاڵۆزە؛ هەسەدە دەڵێت، حکومەت 80 تانک و زرێپۆشی هێناوە و یەکەم هێرشی تانکی بۆ سەر "گردی کاستێلۆ" تێکشکێنراوە. ئاسایش حکومەتی بە بەکارهێنانی "گەنجانی رفێندراو وەک قەڵخانی مرۆیی" تۆمەتبار کرد. لە بەرامبەردا، دیمەشق گەڕەکەکانی وەک "ناوچەی سەربازیی داخراو" ناساند و هەسەدە بە "بۆمبڕێژکردنی شەقامەکان" تۆمەتبار دەکات.
دۆخی مرۆیی گەیشتووەتە لێواری کارەسات؛ بەرگریی شارستانیی سووریا رایگەیاند تەنیا ئەمڕۆ 3 هەزار کەسی لە شێخ مەقسوود گواستووەتەوە. 1200 خێزانی ئێزدی لە مەترسیدان و گەمارۆی 5 مانگە هەیە. سەرۆک بارزانی هۆشداری لە "هەڕەشەی پاکتاوی رەگەزی دژی کورد" دا.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ