بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەر نهێنیی کۆبوونەوەی مەزڵووم عەبدی و وەزیری بەرگریی سووریا ئاشکرا دەکات

دوێنێ کاژێر 10:58
تەنیا ئەحمەد
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوەی بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەر لە راپۆرتێکدا وردەکاریی ئەو هێزە "تووندڕەوانە"ـی ئاشکرا کرد کە هێرش دەکەنە سەر حەلەب؛ هەروەها بۆ یەکەمجار زانیاری لەبارەی کۆبوونەوەیەکی 4ـی ئەم مانگەی مەزڵووم عەبدی و وەزیری بەرگریی سووریا لە دیمەشق بڵاوکردەوە کە تێیدا دیمەشق رەتیکردووەتەوە سووتەمەنی بۆ گەڕەکەکان بنێرێت.
 
رۆژی چوارشەممە، 07-01-2026، فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوەی بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەر راپۆرتێکی وردی لەسەر دۆخی گەڕەکەکانی شێخ مەقسوود و ئەشرەفییە بڵاوکردەوە و تێیدا هاتووە، لە ئێوارەی 6ـی کانوونی دووەمەوە هێرشێکی فراوان دەستیپێکردووە.
 
راپۆرتەکە زانیارییەکی هەستیاری تێدایە و دەڵێت: "لە کۆبوونەوەی رۆژی 4ـی کانوونی دووەمی 2026 (سێ رۆژ لەمەوبەر) لە دیمەشق لەنێوان جەنەڕاڵ مەزڵووم عەبدی، فەرماندەی گشتیی هەسەدە و مورهەف ئەبو قەسرە، وەزیری بەرگریی سووریا بەڕێوەچوو، ئێمە داوامان کرد رێگە بە تانکەرەکانی سووتەمەنی بدرێت بچنە نێو گەڕەکەکان."
 
بە گوێرەی راپۆرتەکە: "وەڵامی لایەنی سووری ئەوە بوو کە رێگە بە چوونی ئەو مادەیە بۆ نێو دوو گەڕەکەکان نادەن بە بیانووی ئەوەی بۆ هۆکاری سەربازیی هەسەدە بەکاردێت؛ وەزیرەکە جەختی کردەوە کە لە گەمارۆدانی گەڕەکەکان بەردەوام دەبن."
 
ناسنامەی هێزە هێرشکارەکان
 
راپۆرتەکە بە وردی ناوی ئەو "فیرقانە"ـی بڵاوکردووەتەوە کە هێرش دەکەن و دەڵێت سەر بە "وەزارەتی بەرگریی حکومەتی کاتی"ـن و مێژوویەکی رەشیان هەیە، ئەوانیش:
 
فیرقەی 60: پێکهاتووە لە ئەندامانی تووندڕۆی "دەستەی تەحریری شام - HTS"ـی پێشوو، بە سەرکردایەتیی (عەواد جاسم - ئەبو قەتەیبە مەنبەجی).
 
فیرقەی 76: لە چەکدارانی (حەمزات)ـی نزیک لە تورکیا پێکهاتووە بە سەرکردایەتیی (سەیفەدین پۆڵاد - ئەبو بەکر) کە سزای ئەمریکا و بەریتانیای لەسەرە.
 
فیرقەی 72: چەکدارانی چەندین گرووپی نزیک لە تورکیان و لەلایەن (خەتاب ئەلبانی) سەرکردەی پێشووی تەحریری شام سەرکردایەتی دەکرێن.
 
فیرقەی 80: بە سەرکردایەتیی (خالید عومەر) کە ئەفسەرێکی هەڵگەڕاوەی سوپای سووریایە.
 
تاکتیکی جەنگ؛ دەرکردنی خەڵک و دانانی نیشانەشکێن
 
بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەر دەڵێت، فیرقەی 60 کاروانێکی تانک و زرێپۆشی هێناوەتە پێشەوە. دانیشتووانی گەڕەکەکانی دەوروبەری ناوچە کوردییەکانیان بە زۆر دەرکردووە بۆ ئەوەی "نیشانەشکێن" لە ماڵەکانیان جێگیر بکەن و تانک لەنێو گەڕەکەکان دابنێن.
 
لە راپۆرتەکەدا هاتووە، لە 23ـی کانوونی یەکەمی 2025ـەوە کارەبا و ئاو بەتەواوی بڕاوە و ئینتەرنێت پچڕاوە. دانیشتووان تەنیا پشت بە مۆلیدە دەبەستن کە ئەویش بەهۆی نەبوونی سووتەمەنییەوە تەنیا "2 کاژێر" لە رۆژێکدا کاردەکات.
 
هەروەها هەر 7 رێگەی گەڕەکەکان داخراون و تەنیا یەک رێگە بەکراوەیی ماوەتەوە کە تێیدا پشکنینی ورد بۆ "مۆبایلی هاووڵاتییان" دەکرێت و رێگە نادرێت خۆراک تێپەڕێت، مەگەر بە پێدانی "سەرانە و پارە."
 
شەڕی گەڕەکەکانی شێخ مەقسوود و ئەشرەفییە لە حەلەب (کە زیاتر لە 500 هەزار کەس، واتە 55 هەزار خێزانی کوردی تێدا دەژین) پێی ناوەتە قۆناخێکی خوێناوییەوە.
 
بەپێی بەڵگەنامەکە، بەهۆی هێرشی درۆنی بۆمبڕێژکراو، تانک و مووشەکی گراد، 6 کەس شەهید بوون و 44 کەسی دیکە بریندار بوون.
 
ناوەکان:
 
فاتیمە حەمادە (41 ساڵ)
مەسعوود فایق عەبدۆ (30 ساڵ)
منداڵ: خورشید عومەر (13 ساڵ)
منداڵ: شام دلۆ (3 ساڵ)
حەسەن محەممەد حەسەن (42 ساڵ)
ژنێکی نەناسراو
 
 
لە لیستەکەدا ناوی 44 بریندار هاتووە، کە منداڵ و بەساڵاچووی تێدایە.
 
بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەر هۆشداری دەدات کە نەخۆشخانەی گەڕەکەکان بەدەست نەبوونی دەرمان و پزیشکەوە دەناڵێنێت و رێگە بە چوونی پزیشک لە دەرەوە نادرێت.

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە