رووداو دیجیتاڵ
بزووتنەوەی حەماس لەبارەی هەوڵەکان بۆ ئاگربەستێکی نوێ دەڵێت، "135 رۆژ ئاگربەست و کشانەوەی تەواوی هێزەکانی ئیسرائیلمان دەوێت". ئەمریکا و ئیسرائیلیش خەریکی تاوتوێکردنی ئەو پێشنیازەن.
رۆژی چوارشەممە، 7-2-2024، بەرپرسانی بزووتنەوەی حەماس لە رێگەی میسر و قەتەری نێوەندگیرەوە وەڵامی خۆیان بۆ داوایەکی نێوەندگیرەکان دایەوە کە لە 31-1-2024 بۆ حەماسیان ناردبوو بە مەبەستی راگەیاندنی ئاگربەست.
بزووتنەوەی حەماس ئەمڕۆ وەڵامی بۆ ئیسرائیل نارد و تێیدا هاتووە، "ئاگربەستێکی چوار مانگ و نیویمان دەوێت [135 رۆژ]؛ هەروەها ئیسرائیل دەبێت هەموو هێزەکانی لە غەززە بکشێنێتەوە".
دوێنێ سێشەممە، محەممەد عەبدولڕەحمان، سەرۆکوەزیرانی قەتەر لەبارەی وەڵامەکەی حەماسەوە رایگەیاند، "وەڵامی حەماسمان لەبارەی چوارچێوەی گشتی رێککەوتنی ئاگربەست و بارمتەکان بەدەست گەیشتووە؛ وەڵامەکە هەندێک تێبینی تێدایە، بەڵام بەگشتی ئەرێنییە".
ئەم گفتوگۆیەی نێوان حەماس و ئیسرائیل لە کاتێکدایە، ئەنتۆنی بلینکن، وەزیری دەرەوەی ئەمریکا ئێستا لە رۆژهەڵاتی نێوەڕاستە و دوای کۆبوونەوەی لەگەڵ بەرپرسانی باڵای سعودیە، میسر و قەتەر، ئەمڕۆ چوارشەممە گەیشتە ئیسرائیل و لەگەڵ بنیامین نەتەنیاهوو، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل کۆبووەوە.
بەرپرسێکی ئیسرائیل کە قسەی بۆ میدیای وڵاتەکەی کردووە، دەڵێت، "ئیسرائیل بەهیچ جۆرێک بە کشانەوەی تەواوەتیی هێزەکانی رازی نابێت و دەیەوێت حەماس بە یەکجاری لەنێوببات".
ئەو بەرپرسە ئاماژەی بەوەشکردووە، "کابینەی جەنگیی ئیسرائیل تاوتوێی بابەتەکە دەکەن بۆ ئەوەی وەڵامەکەی حەماس رەتبکەنەوە یان داوای چەند بژاردەیەکی دیکەی لێبکەن".
بزووتنەوەی حەماس، هەروەک لە وەڵامەکەیان دەردەکەوێت، داوای لە وڵاتە نێوەندگیرەکان کردووە کە دڵنیاییان بۆ وەربگرن لەدوای ئازادکردنی بارمتەکانی غەززە، ئیسرائیل دەست بە جەنگ و هێرش نەکاتەوە.
سەرچاوەیەکی نزیک لە کۆبوونەوەی نێوان ئەمریکا و ئیسرائیلیش رایگەیاند، "ئیسرائیل هیچ دڵنیاییەک نادات کە جەنگ بە تەواوی کۆتایی دێت، بەڵکو پابەندی ئاگربەستێک دەبێت لەسەر ئەو ماوەیەی هەردوولا رێکدەکەون لەسەری."
عیززەت رەشیق، ئەندامی مەکتەبی سیاسیی حەماس لە لێدوانێکدا لەبارەی ئەو وەڵامی بزووتنەوەکەی گوتی، "دەمانەوێت بە شێوەیەکی ئەرێنی کار بۆ راگرتنی دووژمنکارییەکان دژی خەڵکی فەلەستین بکەین و دڵنیابینەوە لە ئاگربەستێکی تەواو و درێژمەودا؛ جگە لە گەیاندنی یارمەتی و دووبارە بنیاتنانەوەی خانوو و باڵەخانەکان."
قۆناخی یەکەم
لە بەشێکی وەڵامەکەی حەماسدا هاتووە، "لە قۆناخی یەکەمدا کە 45 رۆژ دەبێت، هەموو بارمتە ژنەکان؛ ئەو پیاوانەی لە خوار 19 ساڵن؛ بەساڵاچووان و نەخۆشەکان ئازاد دەکرێن. ئەمەش لەبەرامبەر ئازادکردنی ژنان و منداڵانی فەلەستینی کە لە زیندانەکانی ئیسرائیلدان. دواتر، ئیسرائیل دەبێت هێزەکانی لەو ناوچانە بکشێنێتەوە کە خەڵکی تێیاندا دەژین".
قۆناخی دووەم
قۆناخی دووەم، بەگوێرەی وەڵامەکەی حەماس، بریتییە لە ئازادکردنی هەموو بارمتەکان و کشانەوەی هەموو هێز و سەربازانی ئیسرائیل لە خاکی غەززە.
قۆناخی سێیەم
ئیسرائیل و حەماس ئاڵوگۆڕی تەرم و کوژراوەکانیان دەکەن.
سەردانەکەی وەزیری دەرەوەی ئەمریکا بۆ رۆژهەڵاتی نێوەڕاست لە دوای سەرهەڵدانی جەنگی غەززە پێنجەم سەردانە و هەوڵێکی نوێی ئەمریکایە بۆ راگرتنی ئەو جەنگەی تائێستا بووەتە هۆی کوژرانی زیاتر لە 27 هەزار فەلەستینی و لانیکەم هەزار و 200 ئیسرائیلی، ئەوەش دوای ئەوەی چەکدارانی حەماس لە 7-10-2023 هێرشی کردە سەر ئیسرائیل و ئیسرائیلیش بە تووندی وەڵامی دایەوە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ