گوتەبێژی سکرتێری گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ رووداو: لە گرژییەکانی عێراق و سووریا نیگەرانین

07-02-2024
تەنیا ئەحمەد
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ

گوتەبێژی سکرتێری گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان لەبارەی کوژرانی شەش شەڕڤانی هەسەدە وەڵامی رووداوی دایەوە و گوتی، "نیگەرانی مەترسییەکانی فراوانبوونی گرژییەکانی سووریا و عێراقین".
 
ستیڤان دووجاریک، گوتەبێژی سکرتێری گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەڤانیدا لەبارەی دوایین هێرشی سەر هێزەکانی ئەمریکا و هەسەدە لە سووریا، وەڵامی سینان تونجدەمیر، پەیامنێری رووداوی دایەوە و گوتی، "نیگەرانی زیادبوونی گرژییەکانین؛ نیگەرانین لە مەترسیی زیادبوونی ئەو گرژییانە، بەتایبەتی دوای هێرشەکانی سەر سووریا و عێراق. ئەوانە (ئەو گرژییانە) لەگەڵ هێرشەکانی دەریای سوور و یەمەن، دۆخێکی هەستیارن".  
 
رۆژی دووشەممە، 05-02-2024، هێزەکانی سووریای دیموکرات - هەسەدە لە راگەیێندراوێکدا بڵاویکردەوە، "دوێنێ شەو، بە درۆن هێرشێکی تیرۆریستی کرایە سەر ئەکادیمیایەکی مەشق و راهێنان لە کێڵگەی عومەر لە رۆژهەڵاتی پارێزگەی دێرەزوور. هێرشەکە لە ناوچەکانی بەکرێگیراوانی رژێمی سووریاوە کرا".

 

 
ئەوکات هەسەدە لە راگەیێندراوەکەی هۆشداریدا کە "مافی خۆمانە لە کات و ساتی دیاریکراودا وەڵام بدەینەوە." 
 
هێزەکانی ئەمریکا بە هاوبەشیی هەسەدە لە کێڵگەی نەوتی عومەرن لە پارێزگای دێرەزوور. دوو سەرچاوەی ئاگادار لە هێرشەکە بە تۆڕی میدیایی رووداویان راگەیاند، 14 کەس لەو هێرشەدا برینداربوون.
 
ئەو هێرشەی سەر هێزەکانی ئەمریکا و هێزەکانی سووریای دیموکرات دوای هێرشەکەی شەوی 2-2-2024 هات کە تێیدا ئەمریکا چەند ناوچەیەکی سووریا و عێراقی کردە ئامانج و رایگەیاند، "لەلایەن سوپای پاسدارانی ئێران و گرووپەکانی سەر بە پاسدارانەوە بەکاردەهاتن."
 
ئەو هێرشەی ئەمریکاش لە وەڵامی کوژرانی سێ سەرباز و برینداربوونی 41 سەربازی بوو لە ئوردن کە لە 28-1-2024 بە درۆن کرانە ئامانج.

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە