رووداو دیجیتاڵ
باڵی سەربازیی بزووتنەوەی حەماس ناوی سێ بارمتەی بڵاوکردەوە کە بڕیارە رۆژی 08-02-2025 رادەستی ئیسرائیل بکرێنەوە، ئەوەش وەک بەشێک لە رێککەوتنی ئاگربەستی غەززە لەنێوان حەماس و ئیسرائیل.
رۆژی هەینی 07-02-2025 ئەبو عوبەیدە، گوتەبێژی کەتیبەکانی عیزەدین قەسام، باڵی سەربازیی بزووتنەوەی حەماس رایگەیاند: "لە چوارچێوەی رێککەوتنی تۆفانی ئەقسا بۆ ئاڵوگۆڕی بەندکراوان، کەتیبەکانی قەسام بڕیاریاندا سێ بارمتەی دیکە ئازاد بکەن."
بەگوتەی ئەبو عوبەیدە، بارمتەکان بریتین لە ئێلی شەرابی، ئۆهاد بن ئامی و ئۆر لێڤی.
بڕیارە بارمتەکان سبەی شەممە 08-02-2025 رادەستی لیژنەی نێودەوڵەتیی خاچی سوور بکرێن.
حکومەتی ئیسرائیل پشتڕاستیکردەوە ناوی سێ بارمتەکەی بەدەست گەیشتووە و خێزانەکانیانی ئاگادار کردوونەتەوە. هەرسێ بارمتەکە پیاون.
ئۆهاد بن ئامی تەمەنی 56 ساڵە و لە 07-10-2023 لە ماڵەکەی خۆی لە ئۆردووگای جوونشینی بێری لەلایەن حەماسەوە بە بارمتە گیرا.
ئێلی شەرابی تەمەنی 52 ساڵە و لە بێری دەستگیرکرا. ئەو رۆژە هاوژین و منداڵەکانی شەرابی کوژران.
بەگوێرەی سوپای ئیسرائیل، یاسی شەرابی، برای ئێلی شەرابی لە هەمان رۆژ بە بارمتە گیرا، بەڵام لە بارمتەیی گیانی لەدەستدا و هێشتا تەرمەکەی لە غەززەیە.
ئۆر لێڤی تەمەنی 34 ساڵە لە فێستیڤاڵی نۆڤا لە هەمان رۆژ دەستگیرکرا و ئیناڤی هاوژینی لەو رۆژەدا کوژرا.
حەماس رایگەیاند، لە بەرامبەردا پێشبینی دەکەن ئیسرائیل 183 بەندکراوی فەلەستینی لە زیندانەکاندا ئازادبکات.
ئاگربەستی نێوان ئیسرائیل و حەماس لە 15-01-2025 راگەیێندرا و لە 19ـی هەمان مانگ دەستی پێکرد.
بەگوێرەی ئاگربەستەکە، لە قۆناخی یەکەمدا حەماس پێویستە 33 بارمتەی ئیسرائیلی رادەست بکاتەوە، ئیسرائیلیش لە بەرامبەردا هەزار و 900 بەندکراو ئازاد بکات.
لە 19ـی کانوونی دووەمەوە بزووتنەوەی حەماس 18 بارمتەی رادەست کردوون، لە بەرامبەردا ئیسرائیل 583 گیراوی فەلەستینی ئازاد کردوون.
بڕیارە تاوەکو کۆتایی قۆناخی یەکەم، 15 بارمتەی دیکە و نزیکەی هەزار و 500 گیراوی فەلەستینی ئازاد بکرێن.
نزیکەی 80 بارمتە ماون کە کوژرانی 34یان لەلایەن ئیسرائیلەوە پشتڕاست کراوەتەوە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ