رووداو دیجیتاڵ
وەزارەتی دەرەوەی چین جەنگی غەززە بە "شەرمەزاری بۆ شارستانییەت" ناودەبات و داواشی لە هەردوولا کرد، دەستبەجێ ئاگربەست رابگەیێنن.
رۆژی 7ـی ئاداری 2024، ماو نینگ، گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی چین لە پەکینی پایتەختی وڵاتەکەی باسی لە جەنگی غەززە کرد و گوتی: "ئەوە تراژیدیایە بۆ مرۆڤایەتی و شارستانییەت شەرمەزارییە، کە ئەمڕۆ لە سەدەی 21ــدا ئەو کارەساتە مرۆییە ناتواندرێت بوەستێندرێت".
لە ئۆکتۆبەری ساڵی رابردووەوە دوای ئەوەی جەنگەکە دەستیپێکرد، چین بەردەوام داوای وەستانی جەنگەکە و راگەیاندنی ئاگربەستی کردووە. لەبارەی پرسی فەلەستینیش، چین بەردەوام هاوسۆز بووە لەگەڵ فەلەستین و پاڵپشتی لە چارەسەری دوو دەوڵەت کردووە.
گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی چین داوای لە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی کرد کار بکەن بۆ ئەوەی ئاگربەستی غەززە رابگەیێندرێت و هاوکاری مرۆیی بگەیێندرێتە کەرتەکە. ئەوە لەکاتێکدایە، شاندێکی حەماس بە مەبەستی گفتوگۆکردن لەبارەی ئاگربەست لە قاهیرەیە.
میسر، قەتەر و ئەمریکییەکان چەندین هەفتەیە هەوڵدەدەن حەماس و ئیسرائیل بگەیێننە رێککەوتنێک بۆ ئەوەی پێش مانگی رەمەزان شەڕ بوەستێت.
جەنگی غەززە دوای ئەوە دەستیپێکرد کە لە 7ی تشرینی یەکەمی پار، چەکدارانی بزووتنەوەی حەماس هێرشیانکردە سەر ئۆردووگا جوونشینەکانی دەوروبەری کەرتی غەززە. لەو رۆژەدا، بە گوتەی سوپای ئیسرائیل، هەزار و 160 کەس کوژران، کە زۆربەیان سڤیل بوون.
بەگوێرەی بەرپرسانی ئیسرائیل، ئەو رۆژەی حەماس هێرشەکەی کرد لانیکەم 240 هاووڵاتیی ئیسرائیلی کەوتنە دەست ئەو گرووپە چەکدارە و ئێستا 130یان لاماون.
لە بەرامبەردا ئیسرائیل وەڵامی هێرشەکەی بە بۆردوومانکردن و هێرشکردنەسەر کەرتی غەززە دایەوە. بە گوتەی تەندروستیی کەرتی غەززە، بەهۆی هێرش و بۆردوومانەکانی ئیسرائیلەوە 30 هەزار و 717 کەس کوژراون و زیاتر لە 72 هەزار و 156ـی دیکەش بریندار بوون.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ