رووداو دیجیتاڵ
نوورا مەترووشی، ژنێکی ئیماراتییە و توانی لە راهێنانێکی دەزگەی ناسا دەربچێت و ئامادەبێت بۆ ئەوەی وەک یەکەم ژنی عەرەب لە مێژوو، لە رێگەی ناساوە گەشتی بۆشایی ئاسمان بکات.
مەترووشیی تەمەن 31 ساڵ یەکێک بوو لەو دوو بەربژێرەی لەلایەن ئاژانسی ئیماراتی بۆ بۆشایی ئاسمان UAESA هەڵبژێردرا بۆ بەشداریکردن لە راهێنانێکی دەزگەی بۆشایی ئاسمانیی ناسای ئەمریکی.
رۆژی پێنجشەممە، 07-03-2024، نوورا رایگەیاند "بەدەر لە ئایین و کولتوورت، بوونە ئاسمانەوان قورسە؛ بۆیە پێموانییە موسڵمانبوونی من، کارەکەی قورستر کردبێت، بەڵکو ئایینەکەم هۆشیاریی لەبارەی توێژەر و زانا موسڵمانەکان پێدام، کە لە پێش منەوە کاریان لەسەر ئەستێرەناسی کردبوو."
ژنە ئیماراتییەکە بە دڵگەرمییەوە سوپاسی هاوکارییەکانی ناسای کرد و گوتی "ناسا یارمەتیدەرمان بوو، لە مانگی رەمەزاندا هاوکاریی بە رۆژووبوونی موسڵمانەکانیان دەکرد."
ئەو کچە لە پۆشینی جلوبەرگیشدا کێشەی بۆ دروستنەبووە و دەڵێت، ناسا جلی تایبەتی ئاسمانەوانییان بۆ دروستکردووە کە جەستە و قژی دادەپۆشێت.
نوورا لە پەیامێکدا گوتی "دەمەوێت زیاتر لە جاران مرۆڤایەتی بەرەو پێشەوە ببەم، دەمەوێت دووبارە مرۆڤ بچێتەوە سەر مانگ و دوورتر لە مانگ، دەمەوێت ببمە بەشێک لەو گەشتە."
محەممەد مەلا، ئاسمانەوانێکی عەرەبە لە دەزگای ناسا و یەکێک بووە لە راهێنەرەکان لەو خولانەی نوورا تێیدا بەشدار بووە، گوتی "راهێنانەکە زۆر چڕوپڕ بوو، شانازیی دەکەم کە نورا توانی راهێنانەکان تەواو بکات و ببێتە بەشێک لە تیمەکەمان، ئەمە پەیامێکی بەهێزە بۆ هەموو ژنانی ئیمارات، ئەوان دەتوانن قورسترین کار بکەن و ببنە ئاسمانەوان."
ئاژانسی ئیماراتی بۆ بۆشایی ئاسمان UAESA لە ساڵی 2014 دامەزراوە و بارەگای سەرەکیی لە شاری ئەبوزەبییە. حکومەتی ئیمارات 5.2 ملیار دۆلاری لە ئاژانسەکە خەرجکردووە. سارا ئەمیری سەرۆکی ئاژانسەکەیە و لە هەمان کاتدا وەزیری دەوڵەتە بۆ تەکنەلۆژیای پێشکەوتوو.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ