ئاگری شەڕ لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست تەشەنە دەکات

3 کاژێر له‌مه‌وپێش
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

بەرەبەیانی رۆژی شەممە، هێرشە چڕەکانی ئێران، وڵاتانی کەنداویان کردە ئامانج، ئەمەش لەکاتێکدایە ئیسرائیل و ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا بەردەوامن لە هێرشە ئاسمانییەکانیان بۆ سەر کۆماری ئیسلامیی ئێران.
 
هیچ ئاسۆیەکی روون بۆ کۆتاییهاتنی شەڕ نابینرێت. ئیدارەی دۆناڵد ترەمپ رەزامەندیی لەسەر فرۆشتنی چەک بە بڕی 151 ملیۆن دۆلار بە ئیسرائیل نیشاندا، دوای ئەوەی ترەمپ رایگەیاند کە ئامادە نییە لەگەڵ ئێران گفتوگۆ بکات مەگەر "بێ مەرج خۆی بەدەستەوە بدات". هاوکات بەرپرسانی ئەمریکا هۆشدارییان دا لە دەستپێکردنی هەڵمەتێکی بۆردوومان کە بە گوتەی ئەوان، لە مێژووی ئەم شەڕە یەک هەفتەییەدا چڕترین دەبێت.
 
باڵیۆزی ئێران لە نەتەوە یەکگرتووەکان رایگەیاند، وڵاتەکەی "هەموو رێکارێکی پێویست" بۆ بەرگری لە خۆی دەگرێتەبەر.
 
دیمەنە ڤیدیۆییەکان تەقینەوە و بەرزبوونەوەی دووکەڵ لە رۆژئاوای تاران نیشان دەدەن، ئەوەش دوای ئەوەی ئیسرائیل رایگەیاند شەپۆلێکی بەرفراوانی هێرشەکانی دەستپێکردووە. هەروەها دەنگی تەقینەوەی بەهێز لە قودس - ئورشەلیم بیسترا و بەهۆی مووشەکەکانی ئێرانەوە، خەڵک لە سەرانسەری ئیسرائیل بەرەو پەناگەکان چوون.
 
فراوانبوونی شەڕ و کاریگەرییە ئابوورییەکان
 
وەک نیشانەیەک بۆ فراوانبوونی شەڕەکە، زەنگی ئاگادارکردنەوە لە بەحرێن لێدرا. سعودیەش رایگەیاند کە چەند درۆنێکی تێکشکاندووە کە ئاراستەی کێڵگەی نەوتیی (شەیبە) کرابوون، هەروەها مووشەکێکی بالیستییان خستووەتە خوارەوە کە ئاراستەی بنکەی ئاسمانیی (شازادە سوڵتان) کرابوو.
 
لە دووبەی، دەنگی چەند تەقینەوەیەک بیسترا و حکومەت رایگەیاند، سیستمی بەرگریی ئاسمانیی چالاک کردووە. لە فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی دووبەی، گەشتیاران بۆ شوێنی سەلامەت گوێزرانەوە.
 
سەعد کەعبی، وەزیری وزەی قەتەر هۆشداریی دا کە ئەم شەڕە دەبێتە هۆی "داڕمانی ئابووریی جیهان" و پێشبینی کرد ئەگەر هەناردەی وزەی کەنداو بوەستێت، نرخی بەرمیلێک نەوت بگاتە 150 دۆلار.
 
هاوکارییەکانی رووسیا بۆ ئێران
 
بەرپرسانی ئەمریکا دەڵێن، رووسیا زانیاریی داوەتە ئێران کە یارمەتیی تاران دەدات بۆ لێدانی کەشتییە جەنگی و فڕۆکەکانی ئەمریکا لە ناوچەکەدا.
 
هەرچەندە بەرپرسان دەڵێن هێشتا بەڵگەیان نییە کە رووسیا فەرمان بە ئێران بدات چی بەو زانیارییانە بکات، بەڵام ئەمە یەکەم ئاماژەیە بۆ دەستێوەردانی مۆسکۆ لەم شەڕەدا.
 
داواکارییەکەی ترەمپ و ئاوەدانکردنەوەی ئێران
 
ترەمپ دوێنێ لە پۆستێکدا نووسی: "هیچ رێککەوتنێک لەگەڵ ئێران نابێت جگە لە خۆبەدەستەوەدانی بێ مەرج!" 
 
ترەمپ بەڵێنی دا دوای خۆبەدەستەوەدان و "دیاریکردنی سەرکردەیەکی مەزن و پەسند"، ئەمریکا و هاوپەیمانەکانی یارمەتیی ئاوەدانکردنەوەی ئێران بدەن تاوەکو لە رووی ئابوورییەوە لە هەموو کاتێک بەهێزتر بێت.
 
بەگوێرەی ئامارە فەرمییەکان، تاوەکو ئێستا لانیکەم 1,230 کەس لە ئێران، زیاتر لە 200 کەس لە لوبنان و نزیکەی 12 کەس لە ئیسرائیل کوژراون، هەروەها شەش سەربازی ئەمریکیش گیانیان لەدەستداوە.
 
پشێوی لە لوبنان و لێکۆڵینەوە لە تەقینەوەیەک لە رۆژهەڵاتی لوبنان، حیزبوڵڵا رایگەیاند کە چەکدارەکانی لەگەڵ هێزێکی ئیسرائیلی کە لە ناوچە شاخاوییەکان دابەزیون، رووبەڕوو بوونەتەوە. 
 
وەزارەتی تەندروستیی لوبنان دەڵێ، لە رۆژی دووشەممەوە 217 کەس لەو وڵاتە کوژراون و رێگەکانی بەیرووت بەهۆی ئاوارەبوونی خەڵکەوە قەرەباڵخییەکی زۆریان تێکەوتووە.
 
هاوکات، لێکۆڵینەوەکان لەبارەی تەقینەوەیەک لە قوتابخانەیەکی شاری (میناب) لە ئێران بەردەوامن کە تێیدا 165 کەس کوژراون و زۆربەیان منداڵ بوون. ئێران دەڵێت ئەمریکا و ئیسرائیل بەرپرسن، لە کاتێکدا واشنتن و تەلئەڤیڤ بەرپرسیارێتییەکەیان لە ئەستۆ نەگرتووە، بەڵام وەزیری بەرگریی ئەمریکا دەڵێت لێکۆڵینەوە لە رووداوەکە دەکەن.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

بۆردوومانکردنی فڕۆکەخانەی میهراباد لە تاران

ئیسرائیل بە 80 فڕۆکەی جەنگی هێرشێکی چڕی کردە سەر تاران

ئەمڕۆ شەممە هێرشی ئەمریکا و ئیسرائیل بۆسەر ئێران پێی نایە هەفتەی دووەمەوە، هێرشەکان بەردەوامن و دووکەڵ و ئاگر لە فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی "میهراباد" بەرز دەبێتەوە، دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا پەیامێکی تووند ئاراستەی تاران دەکات و رایدەگەیێنێت، "خۆڕادەستکردنی بێ مەرج" تەنیا رێگەی بەردەم ئێرانە.