رووداو دیجیتاڵ
فەرماندەی پاسەوانی سنووری عێراق دەڵێ، لەگەڵ پێشمەرگە لە هاوئاهەنگیی بەردەوامدان بۆ پاراستنی سنووری ئێران؛ ئاماژە بەوەش دەکات، سنوورەکانی عێراق بە تەواوی پارێزراون و هیچ هێزێک ناچێتە نێو خاکی ئێران.
فەریق محەممەد عەبدولوەهاب سوکەر، فەرماندەی هێزەکانی پاسەوانی سنووری عێراق گوتی، سنوورەکانی عێراق لەگەڵ تەواوی وڵاتانی دراوسێ بە تەواوی پارێزراون. ئەو هەواڵانەشی رەتکردنەوە کە باس لە چوونی هێز لەنێو هەرێمی کوردستانەوە بۆ نێو ئێران دەکەن.
فەرماندەی هێزەکانی پاسەوانی سنوور رایگەیاند: "هاوئاهەنگییەکی بەردەوام لەنێوان هێزەکانی پاسەوانی سنووری عێراق و هێزەکانی پێشمەرگە و ئاسایش بۆ پاراستنی سنوور لەگەڵ ئێران هەیە"؛ ئاماژەی بەوەش کرد کە پەیوەندی و هاوئاهەنگیی بەردەوام لەنێوان فەرماندەی لیواکانی سنووری عێراق و هاوتاکانیان لە لایەنی ئێرانی هەیە.
فەرماندەی پاسەوانی سنووری عێراق گوتی: "قەبارە و شێوەی بڵاوبوونەوەی هێزە سەربازییەکانی عێراق وایکردووە هێڵی سنووری ببێتە ناوچەیەکی تووندوتۆڵی ئەمنی، ئەمەش رێگری دەکات لە هەر جۆرە هەوڵێک"ی چوونی هێز بۆ نێو ئێران.
کۆماری ئیسلامیی ئێران زیاتر لە 1600 کیلۆمەتر سنووری لەگەڵ هەرێمی کوردستان و عێراق هەیە.
بەگوێرەی ڤیدیۆی بەردەستی رووداو، ئەمڕۆ هێزێکی پاسەوانی سنووریی عێراق چووەتە سنووری قەزای پێنجوێن لە پارێزگای سلێمانی.
هێزەکە پێکهاتوون لە ژمارەیەک ئۆتۆمبێل و بارهەڵگری سەربازی و ئاڵای عێراقییان بە سەرەوەیە. ئەمڕۆ شەممە سەرچاوەیەکی باڵای پاسەوانی سنوور بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "هێزەکە هەموویان کوردن و بۆ تووندوتۆڵکردنی سنوورە".
سەرچاوە باڵاکەی پاسەوانی سنوور گوتی: "هێزەکە بۆ تووندوتۆڵکردنی سنوور و رێگرییە لە قاچاخچێتی و کاری نایاسایی، هیچ پەیوەندی بە جەنگەوە نییە".
رۆژی هەینی، 6-3-2026، ئیبراهیم زولفەقاری، گوتەبێژی قەرارگای خاتەمولئەنبیای ئێران رایگەیاند، هێزە چەکدارەکانی وڵاتەکەی " زانیاریی تەواویان" لەسەر سنوورەکان هەیە و سەرجەم جووڵەکان لەژێر چاودێریدان.
گوتەبێژەکەی بارەگای ناوەندیی خاتەمولئەنبیای هێزە چەکدارەکانی ئێران پەیامێکی ئاراستەی بەرپرسانی هەرێمی کوردستان کرد و گوتی: "هۆشداری دەدەینە بەرپرسانی هەرێمی کوردستان، هەر جۆرە هەنگاو یان هاوکارییەک بۆ جێگیرکردنی هێزی دووژمنکار لە هێڵی سنوورییەکانی ئێران، بە تووندی لەلایەن هێزە چەکدارەکانی کۆماری ئیسلامییەوە ڕووبەڕووی دەبینەوە."
گوتەبێژی بارەگاکە دەڵێ، پاراستنی سەروەریی وڵاتانی ناوچەکە لای ئەوان رێزلێگیراوە، بەڵام هەر شوێنێک کە ئەمریکا و ئیسرائیلی لێیەوە چالاکی یان هەنگاوی سەربازی دژی کۆماری ئیسلامی ئێران ئەنجام بدەن، بە تووندی دەکرێتە ئامانج.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ