رووداو دیجیتاڵ
وەزارەتی بەرگریی قەتەر تێکشکاندنی هێرشێکی مووشەکی بۆ سەر وڵاتەکەی رادەگەیێنێت. میدیای ئێرانیش باس لەوە دەکەن کە بنکە سەربازییەکانی ئەمریکا لە قەتەر و بەحرێن کراونەتە ئامانج.
رۆژی شەممە، 7ـی ئاداری 2026، بەڕێوەبەرایەتیی رێنمایی مەعنەوی لە وەزارەتی بەرگریی قەتەر راگەیێندراوێکی بڵاوکردەوە و تێیدا هاتووە، هێزە چەکدارەکانیان توانیویانە بەرپەرچی هێرشێکی مووشەکی بدەنەوە کە وڵاتەکەیانی کردبووە ئامانج.
هەرچەندە وەزارەتی بەرگریی قەتەر وردەکاریی زیاتری دەربارەی شوێنی هێرشەکە بڵاونەکردووەتەوە، بەڵام ئاژانسە هەواڵییەکانی ئێران بڵاویانکردەوە، کە لەو هێرشەدا "بنکەیەکی سەربازیی ئەمریکا" لە ناو خاکی قەتەر کراوەتە ئامانج.
هاوکات لەگەڵ هێرشەکەی سەر قەتەر، لە مەنامەی پایتەختی بەحرێن دەنگی چەند تەقینەوەیەکی بەهێز بیستراوە. سوپای پاسدارانی ئێران رایگەیاندووە، ''بنکەی دەریایی جوفەیر لە بەحرێن، کە هێزەکانی ئەمریکای تێدا جێگیرە، کراوەتە ئامانج.''
تاوەکو ئێستا لایەنە فەرمییەکانی بەحرێن هیچ لێدوانێکیان لەبارەی زیانەکان یان وردەکاریی هێرشەکە بڵاونەکردووەتەوە.
وەزارەتی بەرگریی کوێتیش دەڵێت، هێزە چەکدارەکانی کوێت لە 48 کاژێری رابردوودا، 14 مووشەکی بالیستییان دەستنیشان کردووە و، "بەپێی رێکارە پەسندکراوەکان مامەڵەیان لەگەڵدا کراوە، کە لە ئەنجامدا 12 مووشەکیان تێکشکێنراون."
بەرگریی کوێت ئاماژەی بەوەش کردووە، لە هەمان ماوەدا "23 درۆن دەستنیشان کراون و سەرجەمیان بە سەرکەوتوویی تێکشکێنراون."
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ