ئیسرائیل: ئێران بۆمبی هێشوویی بەکارهێناوە و تاوانی جەنگە

كاژێرێك له‌مه‌وپێش
تەنیا ئەحمەد
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ

حکومەتی ئیسرائیل رایگەیاند، کۆماری ئیسلامیی ئێران لە دەستپێکی جەنگەکەوە لە کۆتایی هەفتەی رابردوو، "چەندین جار" بۆمبی هێشوویی لە هێرشەکانیدا بەکارهێناوە. دەشڵێت ئەمە "تاوانی جەنگە."
 
بۆمبی هێشوویی چییە؟
 
بۆمبە هێشووییەکان لە نێوەڕاستی ئاسماندا دەتەقێنەوە و دەیان بۆمبی بچووکتر بەسەر ناوچەکەدا بڵاودەکەنەوە. مەترسیی گەورەی ئەم چەکە لەوەدایە کە زۆرجار هەندێک لەو بۆمبە بچووکانە لە کاتی کەوتنەخوارەوەدا ناتەقێنەوە، ئەمەش وایان لێدەکات وەک "مینی چێنراو" بمێننەوە و دوای جەنگ ببنە هۆی کوژرانی خەڵک، بەتایبەتی منداڵان. نە ئێران و نە ئیسرائیل ئەندامی پەیماننامەی ساڵی 2008ـی قەدەخەکردنی بۆمبی هێشوویی نین.
 
ناداف شۆشانی، گوتەبێژی سوپای ئیسرائیل لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەڤانیدا رایگەیاند: "ئێرانییەکان بۆمبی هێشوویی بەکاردەهێنن. ئەوان چەندین جار ئەم کارەیان کردووە، کە ئەمەش ئەگەر ئاراستەی سڤیلەکان بکرێت، بە تاوانی جەنگ ئەژمار دەکرێت."
 
هاوکات پۆلیسی ئیسرائیل رایگەیاند، شارەزایانی پووچەڵکردنەوەی بۆمب، بەڵگەی بەکارهێنانی ئەم جۆرە چەکەیان لەو ناوچانە دۆزیوەتەوە کە مووشەکە ئێرانییەکانی لێ کەوتووەتەوە. پۆلیس گرتەیەکی ڤیدیۆیی بڵاوکردەوە، تێیدا شارەزایەک هۆشداری لەبارەی مەترسییەکانی ئەو بۆمبانە دەدات کە نەتەقیونەتەوە.
 
چەند گرتە ڤیدیۆیەکی بڵاوکراوە، چەندین گڵۆڵە ئاگریان نیشاندا کە لە ئاسمانی نێوەڕاستی ئیسرائیلەوە بەرەو خوارەوە دەهاتن. ئێتیێن مارکوز، پسپۆڕی ستراتیژیی چەک لە فەرەنسا، ئاماژەی بەوە کرد کە وا دیارە ئەو دیمەنانە بۆمبی هێشوویی بن، کە لەرێگەی مووشەکی بالیستیی مامناوەندی ئێرانییەوە ئاراستەکراون.
 
ئەمە یەکەمجار نییە هەردوو وڵات بە بەکارهێنانی ئەم چەکە تۆمەتبار دەکرێن. لە جەنگی 12 رۆژەی حوزەیرانی 2025دا، رێکخراوی لێبووردنی نێودەوڵەتی رایگەیاند، ئێران لانیکەم 3 جار بۆمبی هێشوویی بەکارهێناوە. هەروەها لە ساڵی 2007دا، لێکۆڵینەوەیەکی حکومەتی ئەمریکا دەریخست کە ئەگەری زۆرە ئیسرائیل رێککەوتنەکانی هەناردەی چەکی پێشێل کردبێت کاتێک لە جەنگی 2006دا بۆمبی هێشوویی دروستکراوی ئەمریکای لە گوندەکانی لوبنان بەکارهێنابوو.


کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

سەربازێکی ئیسرائیل لەسەر تانکێک دانیشتووە لەسەر سنووری لوبنان. وێنە: Reuters

حیزبوڵڵای لوبنان دەڵێت، رووبەڕووی هێزێکی ئیسرائیلی بووەتەوە

حیزبوڵڵای لوبنان دەڵێ، رووبەڕووی هێزێکی ئیسرائیلی بووەتەوە کە لە شارۆچکەیەکی رۆژهەڵاتی لوبنان دابەزیوە. هاوکات لایەنە پەیوەندیدارەکانی لوبنان باس لە کوژرانی لانیکەم 16 کەس دەکەن لە ئەنجامی بۆردوومانەکانی ئیسرائیل بۆ سەر ئەو ناوچەیە.