عێراق و کوێت هاوبەشییەکی ستراتیژی بۆ راکێشانی کێبڵی ئینتەرنێت بۆ ئەوروپا واژۆ دەکەن

07-04-2024
نەهرۆ محەممەد
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

عێراق و کوێت، ئەمڕۆ هاوبەشییەکی ستراتیژییان سەبارەت بە راکێشانی کێبڵی ئینتەرنێت بۆ ئەوروپا لە رێگەی عێراقەوە واژۆ کرد.
 
بەگوێرەی راگەیێندراوی وەزارەتی گواستنەوەی عێراق، بە سەرپەرشتی هەیام یاسری، وەزیری گەیاندنی عێراق، ئەمڕۆ (یەکشەممە، 7ـی نیسانی 2024) کۆمپانیای گشتیی گەیاندن و زانیارییەکان کە یەکێکە لە دامەزراوەکانی وەزارەتی گەیاندنی عێراق، گرێبەستی هاوبەشیی ستراتیژیی لەگەڵ کۆمپانیای زاجلی کوێتی واژۆکرد، بۆ راکێشان و تێپەڕبوونی کێبڵی ئینتەرنێت بە خاکی عێراقەوە بۆ ئەوروپا کە بە تورکیاوە تێدەپەڕێت.
 
وەزیری گەیاندنی عێراق لەکاتی واژۆکردنە کە بە ئامادەبوونی ئەو کرا، قسەی کرد و گوتی، واژۆکردنی گرێبەستەکە، بۆ بەهێزکردنی پێگەی ستراتیژیی عێراق لە ناوچەکە و زیادکردنی داهاتی داراییە، ئەوەش لە چوارچێوەی جێبەجێکردنی بەرنامەی حکومەت و یاسای بودجەی فیدراڵیی دێت.
 
هەیام یاسری جەختی لەوە کردەوە، ئەم گرێبەستە، دەستپێکی چەندین گرێبەست و پرۆژەی دیکەیە، کە تایبەتن بە راکێشانی کێبڵی دەریایی و ترانزێت و تێپەڕبوونی لە وڵاتانی کەنداو، وڵاتانی باشوور و رۆژئاوای ئاسیا بەرەو کیشوەری ئەوروپا، ئەوەش لە رێگەی دەروازەی دەریایی و وشکانی عێراق دەبێت کە لە رێگەی تورکیاوە دەچێتە ئەوروپا. 
 
وەزیری گەیاندنی عێراق دەڵێت، ئەم پڕۆژە و پرۆژە هاوشێوەکانی دیکە کە ئێستا رێکارەکانی جێبەجێکردنیان گیراونەتەبەر، عێراق دەکەنە رێڕەوێکی دەریایی ئارام و تاکە کێبڕکێکاری تێپەڕبوونی دەریایی لە ناوچەکە، کە ئەویش کەنداوی سوێسە، ئەم پرۆژانە سەقامگیریی ئاسایشی وڵات بەهێزدەکەن، ئەوەش بەهۆی هەبوونی بەرژەوەندیی بازرگانی و کاری هاوبەش لەگەڵ وڵاتانی دیکەی ناوچەکە و جیهان، جگە لەوەش بەشێکی گرنگی پێویستیی وڵاتان بۆ خێرایی زۆری ئینتەرنێت پڕدەکاتەوە. 
 
هەیام یاسری، باسی ئەوەشی کرد، بەم نزیکانە گرێبەستی دیکەی هاوشێوە واژۆ دەکەن لەوانە؛ لەگەڵ سعودیە کە تائێستا کێبڵی سێیەمی دەریایی عێراق لە فاوە، لەگەڵ هەبوونی رەزامەندیی بەرایی کە ئیمارات بە فاو ببەسترێتەوە و لە رێگەی خاکی عێراقەوە ئینتەرنێتی بۆ بگوازرێتەوە.  

 

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە