راوێژکارێکى سوودانى: سەردانەکەی نێچیرڤان بارزانی بۆ تاران ئاڵۆزییەکانی پێشوو کەمدەکاتەوە

07-05-2024
هەستیار قادر
نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان
نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ 

راوێژکارێکى سەرۆکوەزیرانى عێراق رایگەیاند، سەردانەکەى سەرۆکى هەرێمى کوردستان بۆ تاران هەر هەڵوێست و لێدوانێکى ئاڵۆز هەبووبێت، بەشێوەیەکى گەورە کەمى دەکاتەوە و پەیوەندیى نێوان بەغدا و تاران ئاسان دەکات بۆ چارەسەرکردنى ئەو کێشانەى کە ماون.
 
زیا ناسڕى، راوێژکارى رۆژنامەڤانیى سەرۆکوەزیرانى عێراق راگەیاند، هەر هەوڵێک بۆ چارەسەرکردنى کێشەکان لە نێوان عێراق و ئێران لە بەرژەوەندیى هەردوولایە و گوتى: "پێمانوایە هەر لێدوانێک و هەڵوێستێکى ئاڵۆز لە پێشوودا هەبووبێت، ئەو سەردانە بەشێوەیەکى گەورە کەمى دەکاتەوە".
 
رۆژی 5ی ئایار نێچیرڤان بارزانى، سەرۆکى هەرێمى کوردستان بە سەردانێک گەیشتە کۆمارى ئیسلامى ئێران. رۆژی دواتر لەگەڵ عەلى خامنەیی، رێبەرى باڵاى کۆمارى ئیسلامى ئێران، سەرۆککۆمار و وەزیرى دەرەوە و چەند بەرپرسێکى دیکەى ئەو ڵاتە کۆبووەوە.
 
زیا ناسڕى لەکاتی بەشداریکردنى لە کۆڕۆژى رووداودا گوتى: "پێشوازیکردن لە نێچیرڤان بارزانى لەلایەن رێبەرى باڵاى ئێرانەوە گرنگییەکى گەورەى دا بەو سەردانە."
 
سەردانەکەى سەرۆکى هەرێمى کوردستان و شاندى یاوەرى بۆ تاران ئەمڕۆ سێشەممە کۆتایی دێت، راوێژکارەکەى سەرۆکوەزیرانى عێراق ئاماژەى بەوەدا، بەگەشبینیەوە لەو سەردانە دەڕوانن و چاوەڕێى گەڕانەوەى دەکەن بۆ زانینى وردەکارییەکەى. 
 
گوتیشى: "ئەو کەشە ئەرێنییەى کە سەرۆکى هەرێمى ێى کوردستان و سەرۆکى کۆمارى ئیسلامیی ئێران باسیان کرد لەگەڵ لێدوان و شرۆڤەکار و سیاسەتمەداران لەهەردوولا جەختکردنەوەیە لە سەرکەوتوویی ئەو سەردانە". 
 
پەیوەندیى نێوان هەرێمى کوردستان و کۆمارى ئیسلامیى ئێران، رێککەوتنامەى ئەمنیى نێوان بەغدا و تاران، سەرەکیترین ئەو دۆسیانەن کە لەو سەردانەى نێچیرڤان بارزانى باسکراون. 
 
زیا ناسڕى گوتى: "ئەوەى بینیمان لەو سەردانە، پەیوەندى نێوان ئێمە و تارانى ئاسان کرد بۆ چارەسەرکردنى ئەو کێشانەى کە ماون، پێمانوابوو باشترە دیالۆگى راستەخۆ لە نێوان هەولێر و تاران هەبێت بۆ چارەسەرکردنى کێشەکان."
 
سەردانەکەى نێچیرڤان بارزانى بۆ تاران، دواى ماوەیەکى کەم بوو لە سەردانێکى بۆ بەغدا بۆ چارەسەرى کێشەکانى نێوان هەرێمى کوردستان و حکومەتى فیدراڵى.
 
زیا ناسڕى رایگەیاند هاوهەنگى بەردەوام هەیە لە نێوان محەممەد شیاع سوودانى و نێچیرڤان بارزانی، سەردانە بەردەوامەکانى سەرۆکى هەرێمى کوردستان بۆ بەغدا ئاماژەیە بۆ ئاستێکى بەرزى هاریکارى. گوتیشى: "نێچیرڤان بارزانى کەسێکى کراەویە و رۆڵى ئەرێنییە، هەوڵى زۆر دەدات بۆ سەرکەوتنى سەردانەکانى بۆ بەغدا و چارەسەرى واقعیى پێیە".
 

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە