حیزبوڵڵا: بە درۆن هێرشمان کردە سەر باکووری ئیسرائیل

07-05-2024
بەشدار موزەفەر @bashdarmu
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

حیزبوڵڵای لوبنان رایدەگەیێنێت، بە درۆنێکی بۆمبڕێژکراو هێرشیان کردووەتە سەر چەند ناوچەیەکی باکووری ئیسرائیل و چەند سەرباز و ئەفسەرێکی سوپای ئیسرائیلیان کردووەتە ئامانج.
 
رۆژی سێشەممە 7ی ئایاری 2024 حیزبوڵڵای لوبنانی رایگەیاند، "بە درۆنێکی بۆمبڕێژکراو هێرشمان کردووەتە سەر دووژمنەکانمان و سیستمێکی گومبەزی ئاسنینمان کردووەتە ئامانج."
 
لە راگەیێندراوێکی دیکەدا حیزبوڵڵا رایگەیاند، بە مووشەک چەند ناوچەیەکی باکووری ئیسرائیلیان کردووەتە ئامانج.
 
ئەوەش لە کاتێکدایە، دوێنێ سوپای ئیسرائیل رایگەیاند، دوو سەربازیان لە باکووری ئیسرائیل کوژراون، هەمان رۆژیش حیزبوڵڵا لە راگەیێندراوێکدا بەرپرسیارێتیی خۆی لە کوشتنی ئەو دوو سەربازە ئیسرائیلییە راگەیاند.
 
لە چەند هەفتەی رابردوودا حیزبوڵڵا هێرشەکانی بۆ سەر ئیسرائیل زیاتر چڕ کردووەتەوە و ئیسرائیلیش لە بەرامبەردا مەودایەکی فراوانتر لە خاکی لوبنان تۆپباران دەکات.
 
لە حەوت مانگی جەنگی غەززەدا، لانیکەم 390 کەس کە 70ـیان سیڤیل بوون لە لوبنان بە بۆردوومانی سوپای ئیسرائیل کوژراون. سوپای ئیسرائیلیش دەڵێت، "هێرشەکانی حیزبوڵڵا بۆ سەر ناوچەکانی باکوور بووەتە هۆی کوژرانی 13 سەرباز و نۆ هاووڵاتیی سیڤیل،" ئەوەش جگە لەوەی هەزاران کەس تاوەکو ئێستا لە هەردوولا ئاوارە بوون.
 
جەنگی غەززە حەوت مانگە بەردەوامە و تاوەکو ئێستا لانیکەم 34،789 کەس لە غەززە بەهۆی هێرشەکانی ئیسرائیلەوە کوژراون و 78،204 کەسی دیکەش بریندار بوون، لە ئیسرائیلیش هەزار و 200 کوژراون. 
 
رۆژی دووشەممە بزووتنەوەی حەماس لە راگەیێندراوێکدا گوتی، ئیسماعیل هەنییە، بەرپرسی مەکتەبی سیاسیی حەماس بە تەلەفۆن قسەی لەگەڵ شێخ محەممەد بن عەبدولڕەحمان ئەلشانی، سەرۆکوەزیرانی قەتەر و عەباس کەمال،  وەزیری هەواڵگریی میسر کردووە و ئاگاداری کردوونەتەوە، حەماس بە پێشنیازی ئەوان بۆ ئاگربەست رازی بووە.  
 
دوای ئەوەش، نووسینگەی بنیامین نەتەنیاهوو، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل لە راگەیێندراوێکدا گوتی، "هەرچەندە پێشنیازەکەی حەماس دوورە لە داواکارییە بنەڕەتییەکانی ئیسرائیل، بەڵام حکومەت شاندێکی باڵا بۆ گفتوگۆکردم لەگەڵ نێوەنگیرەکان دەنێرێت".
 
لە راگەیێندراوەکەی نووسینگەی سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیلدا هاتووە: کابینەی جەنگ بەکۆی دەنگ بڕیاریداوە کە ئیسرائیل بەردەوام دەبێت لە ئۆپەراسیۆنی رەفەح بۆ ئەوەی گوشارەکانی لەسەر حەماس زیاتر بکات بۆ ئەوەی بارمتەکان ئازاد بکەن".
 
تائێستا وردەکاریی ئەو پێشنیازەی حەماس پێی رازی بووە بڵاونەکراوەتەوە، بەڵام دوا پێشنیاز کە ئیسرائیلیش لەسەر رازی بووە، بریتی بووە لە راگرتنی جەنگ بۆ 40 رۆژ،  لەبەرامبەر حەماس 40 بارمتە ئازاد بکات، بارمتەکانیش ئافرەت و منداڵ بن یان ئەوانەی تەندروستیان ناجێگیرە. 
 
هەروەها ئیسرائیل لە بەرامبەردا رازی دەبێت بە سەتان گیراوی فەلەستینی ئازاد بکات لەگەڵ گەڕانەوەی ئاوارەکانی غەززە بۆ ناوچەکانی خۆیان، پاشان گەیاندنی هاوکاری مرۆیی بۆ غەززە. 
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە