رووداو دیجیتاڵ
وەزارەتی دەرەوەی تورکیا دەڵێت، هێرشەکانی ئیسرائیل سەقامگیری و ئاشتیی ناوچەکە دەکەنە ئامانج؛ ئاماژە بەوەش دەکات، دەبێت کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی هەڵوێستی هەبێت.
وەزارەتی دەرەوەی تورکیا شەوی سێشەممە، 6ی ئایاری 2025 لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئێکس رایگەیاند، دەبێت ئیسرائیل کۆتایی بە هێرشەکانی بۆ سەر ناوچەکە بێنێت؛ ئاماژە بەوەش دەکات، "هێرشەکانی ئیسرائیل بۆ سەر سووریا، لوبنان، یەمەن و ناوچەکە بەگشتی، ئاشتی و سەقامگیری دەکاتە ئامانج."
ئەو وەزارەتە دەشڵێت، "دوایین بڕیار کە حکومەتەکەی نەتەنیاهوو لەبارەی فراوانکردنی داگیرکارییەکەی لە غەززە داویەتی، رەنگدانەوەی هزری تێکدەری و پاوانخوازییە."
وەزارەتی دەرەوەی تورکیا داوا لە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی دەکات، لە بەرامبەر ئەو هێرشانەی ئیسرائیلدا هەڵوێستی هەبێت و ریکاری پێویست بگرێتەبەر.
وەزارەتەکە جەختی لەوە کردوەتەوە، تورکیا لە هەوڵەکانی بۆ بەرقەرارکردنی سەقامگیریی زیاتر لە ناوچەکە بەردەوام دەبێت و بۆ ئەم مەبەستەش هاوئاهەنگیی زیاتر لەگەڵ کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی دەبێت.
ئەو راگەیێندراوەی وەزارەتی دەرەوەی تورکیا لە کاتێکدایە، سوپای ئیسرئیل رۆژی دووشەممە، 5ی ئایاری 2025 چەند ناوچەیەکی لە یەمەن بۆردوومان کرد.
ئیسرائیل هەروەها لە چەند رۆژی رابردوودا غەززە، چەند ناوچەیەکی لە سووریا و لوبنان بۆردوومان کردووە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ