عێراق پێشوازی لە نێوەندگیریی عومان لەنێوان ئەمریکا و حووسییەکان دەکات

07-05-2025
نەهرۆ محەممەد
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

وەزارەتی دەرەوەی عێراق پێشوازی لە هەوڵە دیپلۆماسییەکانی عومان دەکات، کە لە نێوەندگیریی نێوان ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا و حووسییەکان هەیبووە.
 
بەگوێرەی راگەیێندراوێکی وەزارەتی دەرەوەی عێراق، کە درەنگانی شەوی رابردوو بڵاویکردەوە، وەزارەتەکە پێشوازی لەو هەوڵە دیپلۆماسییە "بەرچاوانە" دەکات کە سەڵتەنەتی عومان داویەتی "لە نێوەندگیریی نێوان ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا و دەسەڵاتدارانی پەیوەندیدار لە سەنعا"، ئەوەش لە چوارچێوەی پشتیوانیکردنی گفتوگۆی بنیاتنەر و چارەسەری ئاشتییانەدایە بۆ قەیرانە هەرێمییەکان.
 
وەزارەتەکە بە پێویستی دەزانێت ئاشتی و سەقامگیری لە ناوچەکەدا پتەوتر بکرێت، دیدگاکان لەیەک نزیکبکرێنەوە، پردی متمانە لەنێوان لایەنە جیاوازەکاندا دروستبکرێت، بە شێوەیەک کە ببێتە هۆی بەدیهێنانی لێکتێگەیشتنی هاوبەش، ئەمەش لە سۆنگەی باوەڕی پتەو بە گرنگیی گفتوگۆ وەکو ئامرازێکی کاریگەر بۆ چارەسەرکردنی ناکۆکییەکان.
 
هەروەها جەختی لە گرنگیی پشتیوانیکردنی ئەو هەوڵانە کردەوە کە ئامانجیان کەمکردنەوەی گرژییەکانە لە یەمەن و بەشداربێت لە بەدیهێنانی ئاشتەواییەکی نیشتمانی گشتگیر، کە کۆتایی بەو ئازارە مرۆییانە بهێنێت گەلی یەمەن پێیدا تێدەپەڕێت.
 
وەزارەتەکە دووپاتی دەکاتەوە، وڵاتەکەی درێخیی نەکردووە لە پشتیوانیکردنی رێی ئاشتیخوازی کە ئامانجیان کۆتاییهێنانە بە ململانێکان لە یەمەن، ئەمەش لە سۆنگەی هەڵوێستی نەگۆڕیەوە کە پشتیوانی لە چارەسەری سیاسی و گفتوگۆ دەکات. جەختیشی کردەوە لەسەر "گرنگی چڕکردنەوەی هەوڵە هەرێمی و نێودەوڵەتی بۆ پتەوکردنی ئاسایش، سەقامگیری و دوورخستنەوەی ناوچەکە لە گرژیی زیاتر."
 
رۆژی سێشەممە 6ی ئاداری 2025 دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا لە کۆشکی سپی لەگەڵ مارک کارنی، سەرۆکوەزیرانی نوێی کەنەدا کۆبووەوە و پێش کۆبوونەوەکە، ترەمپ دەربارەی چەندین پرسی گەرمی جیهان قسەی کرد.
 
سەبارەت بە هێرشەکانی سوپای ئەمریکا بۆسەر حووسییەکان، ترەمپ رایگەیاند، حووسییەکان "رازی بوون هێرشەکانیان بۆسەر کەشتییەکان رابگرن،" بەبێ ئەوەی ترەمپ هیچ وردەکارییەک لەوبارەیەوە بخاتەڕوو.
 
هەر لەوبارەیەوە ترەمپ گوتی، "حووسییەکان رایانگەیاندووە، چیدی نایانەوێت شەڕ بکەن. ئێمەش رێز لەو بڕیارە دەگرین و بۆردوومانەکان رادەگرین، ئەوان خۆیان بەدەستەوە داوە."
 
بڕیارە هەفتەی داهاتوو دۆناڵد ترەمپ، سەردانی رۆژهەڵاتی نێوەڕاست بکات و لەوبارەیەوە گوتی، پێش ئەوەی هەفتەی داهاتوو سەردانی رۆژهەڵاتی نێوەڕاست بکات، "راگەیاندنێکی زۆر زۆر گەورەمان دەبێت، ئەوەندە گەورەیە، دەگاتە لووتکە. هیچتان لەبارەیەوە پێناڵێم، ئەوەندە نەبێت شتێکی زۆر ئەرێنییە،" بەبێ ئەوەی هیچ زانیارییەکی زیاتر بدات.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە