رۆژهەڵاتی نێوەڕاست
منداڵێک لە کەرتی غەززەی فەلەستین لە چاوەڕوانیی وەرگرتنی خواردن؛ وێنە: THE TELEGRAPH
رووداو دیجیتاڵ
ئاژانسی یونیسێفی سەر بە نەتەوە یەکگرتووەکان رایدەگەیێنێت، لە هەر چوار منداڵی خوار تەمەن 5 ساڵ لە جیهاندا یەکێکیان رووبەڕووی هەژارییەکی تووندی خۆراکی بووەتەوە و ئامادەیە بۆ تووشبوون بە بەدخۆراکییەکی کوشندە.
رۆژی پێنجشەممە، 6ـی حوزەیرانی 2024، هارێیت تۆرلێس، پسپۆڕی خۆراک لە ئاژانسی یونیسێفی سەر بە نەتەوە یەکگرتووەکان لە راپۆرتێکدا گوتی، 27٪ـی منداڵانی خوار تەمەن پێنج ساڵ، کە دەکاتە 181 ملیۆن منداڵ، رووبەڕووی هەژاری خۆراکی بوونەتەوە.
بە گوێرەی یونیسێف، دوو لەسەر سێی ئەو 181 ملیۆن منداڵەی لە جیهاندا رووبەڕووی هەژاری خۆراکی بوونەتەوە، لە باشووری ئاسیا و وڵاتانی باشووری بیابانی سەحەرا لە ئەفریقا.
لە راپۆرتەکەی یونیسێفدا ئاماژە بەوەکراوە، کە رێکارەکان بۆ چارەسەرکردنی دۆخەکە بەو خێراییە ناکرێن، داواش لە وڵاتان کراوە دەستبەجێ کار بۆ دۆزینەوەی چارەسەرێک بکەن.
یونیسێف لە بەشێکی راپۆرتەکەیدا باسی دۆخی منداڵانی غەززەی کردووە و رایگەیاندووە، لە هەر 10 منداڵی خوار تەمەن پێنج ساڵی کەرتەکە، نۆیان رووبەڕووی هەژاری خۆراکی بوونەتەوە.
رۆژی چوارشەممە، 5-6-2024، هەردوو رێکخراوی خۆراکی جیهانی و رێکخراوی تەندروستیی جیهانی لە راپۆرتێکدا ئاماژەیان بەوە کرد، برسێتی و نەبوونی ئاسایشی خۆراک هەڕەشە لە 17 وڵاتی جیهان دەکەن؛ بەشێکیان لە رۆژهەڵاتی نێوەڕاستن.
دوو رێکخراوەکەی سەر بە نەتەوە یەکگرتووەکان ئەوەشیان باسکردووە، لەکۆی 400 ملیۆن دانیشتووی رۆژهەڵاتی نێوەڕاست، نزیکەی 40 ملیۆنیان ئاسایشی خۆراکییان نییە.
یەمەن بە 17 ملیۆن کەس لە ریزبەندی یەکەمی ئەو وڵاتانەی رۆژهەڵاتی نێوەڕاستە کە زۆرترین هاووڵاتی ئاسایشی خۆراکی نییە، بەدوایدا سووریا دێت بە نزیکەی 13 ملیۆن کەس؛ ژمارەی ئەوانەشی لە غەززە هەمان کێشەیان هەیە زیاتر لە 1.1 ملیۆن کەسە.
بە گوێرەی پڕۆگرامی خۆراکی جیهانی، لە تەواوی جیهاندا نزیکەی 800 ملیۆن لە 78 وڵاتی جیهان کێشەی نەبوونی ئاسایشی خۆراکیان هەیە، واتە لە هەر 10 کەسێک یەکێکیان توانای دەستگەیشتن بە خۆراکی پێویستی نییە.
نەتەوە یەکگرتووەکان رایگەیاندووە ساڵانە پێویستی بە نزیکەی 40 ملیار دۆلارە بۆ چارەسەرکردنی قەیرانی برسێتی لە جیهان.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ