لوبنان بە هیوای گەڕانەوەی 'سەردەمی زێڕین'ی گەشتیارییە

07-06-2025
عەلی زەڵمی
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

یارییە ئاگرینەکان لەسەر هۆتێل سانت جۆرجی بەناوبانگ، ئاسمانی شەوی بەیرووتیان رووناک کردەوە، لە کاتێکدا گۆرانییە بەنێوبانگەکانی 1960 و 1970کان کەشی گۆڕەپانێکیان پڕ کردبوو لە خۆشی، کە بەسەر دەریای نێوەڕاستدا دەڕوانێت.
 
ئەم بۆنە کلاسیکییە مانگی رابردوو لەلایەن وەزارەتی گەشتوگوزاری لوبنانەوە رێکخرا بۆ بانگەشەکردن بۆ وەرزی هاوین و رەنگە بۆ گێڕانەوەی هەندێک لە هەستە خۆشەکانی سەردەمێک بووبێت، کە وەکو سەردەمی زێڕینی وڵاتەکە سەیر دەکرا. لە ساڵانی پێش دەستپێکردنی شەڕی ناوخۆ لە ساڵی 1975، لوبنان شوێنی سەرەکیی گەشتیارە دەوڵەمەندەکانی وڵاتانی کەنداو بوو، کە بەدوای کەناراوەکاندا دەگەڕان لە هاویندا، چیا بەفراوییەکان لە زستاندا، و ژیانی شەوانەی شارەکان بە درێژایی ساڵ.
 
لە دەیەی دوای شەڕەکە، گەشتیارانی وڵاتانی کەنداو، بەتایبەتی سعودیە، گەڕانەوە و ئابووریی لوبنانیش بووژایەوە؛ بەڵام لە سەرەتای 2000ەکاندا لەگەڵ بەهێزبوونی گرووپی چەکداریی حیزبوڵڵای پاڵپشتیکراو لەلایەن ئێرانەوە، پەیوەندییەکانی لوبنان لەگەڵ وڵاتانی کەنداو دەستی بە تێکچوون کرد. گەشتوگوزار وردە وردە وشکی کرد و ئابوورییەکەی لە ملیاران دۆلاری خەرجیی ساڵانە بێبەش کرد.
 
ئێستا، دوای شەڕە سەختەکەی ساڵی رابردوو لەگەڵ ئیسرائیل، حیزبوڵڵا زۆر لاواز بووە و سەرکردە سیاسییە نوێیەکانی لوبنان هەست بە دەرفەتێک دەکەن بۆئەوەی جارێکی دیکە بە یارمەتیی دراوسێ دەوڵەمەندەکان ئابووریی وڵاتەکە ببووژێننەوە. ئامانجیان ئەوەیە حیزبوڵڵا چەک دابنێت و پەیوەندییەکان لەگەڵ سعودیە و وڵاتانی دیکەی کەنداو زیندوو بکەنەوە، کە لە ساڵانی رابردوودا سەردانیکردنی لوبنان یان هاوردەکردنی بەرهەمەکانیان لە هاووڵاتییانی خۆیان قەدەخە کردبوو.
 
لۆرا خازن لاحود، وەزیری گەشتوگوزاری وڵاتەکە دەڵێت، "گەشتوگوزار هاندەرێکی گەورەیە، بۆیە زۆر گرنگە قەدەخەکان هەڵبگیرێن."
 
لەسەر رێگەی سەرەکیی فڕۆکەخانەی بەیرووت، ئەو لافیتانەی کە پێشتر بانگەشەیان بۆ سەرکردایەتیی حیزبوڵڵا دەکرد، بە بیلبۆردی بازرگانی و پۆستەر گۆڕاون کە لەسەریان نووسراوە "سەردەمێکی نوێ بۆ لوبنان". لە ناوەندی بەیرووت، بەتایبەتی لەو گەڕەکانەی هیوادارن گەشتیار رابکێشن، پۆستەرە سیاسییەکان لادەبرێن و گەڕانی پۆلیس و سوپا لە زیادبووندایە.
 
هەندێک نیشانەی گەرمبوونەوەی پەیوەندییەکان لەگەڵ هەندێک لە دراوسێکانی کەنداو هەن. ئیمارات و کوێت قەدەخەی گەشتی چەندین ساڵەیان هەڵگرتووە.
 
بە گوتەی لاحود و بەرپرسانی دیکەی لوبنان، ئێستا هەموو چاوەکان لەسەر سعودییەن، کە هێزێکی سیاسی و ئابووریی ناوچەییە بۆ ئەوەی بزانرێت ئایا هەمان هەنگاو دەنێت. ئەو بەرپرسانە دەڵێن، خاڵێکی سەرەکیی هەستیار، ئاسایشە. هەرچەندە ئاگربەست لەگەڵ ئیسرائیل لە مانگی تشرینی دووەمەوە لە ئارادایە، بەڵام هێرشە ئاسمانییە نزیکە رۆژانەییەکان لە باشوور و رۆژهەڵاتی لوبنان بەردەوامن؛ ئەو شوێنانەی حیزبوڵڵا بە درێژایی ساڵان بنکەی سیاسی و جبەخانە سەربازییە بەهێزەکەی لێ دانابوو.
 
گەشتوگوزار وەک پردێکی دیپلۆماسی و ئابووری
 
هەرچەندە گەشتوگوزار زۆر گرنگە کە پێش داڕمانی لە ساڵی 2019 نزیکەی 20%ی ئابووریی لوبنانی پێکدەهێنا، سەرکردەکانی وڵاتەکە دەڵێن ئەمە تەنیا پارچەیەکە لە وێنە گەورەکە کە هەوڵ دەدەن پێکەوەی بنێنەوە.
 
کەرتەکانی کشتوکاڵ و پیشەسازیی لوبنان وێران بوون و لە ساڵی 2021دا گورزێکی کوشندەیان بەرکەوت، کاتێک سعودیە هەناردەکانی قەدەخە کرد دوای ئەوەی حیزبوڵڵای بە قاچاخکردنی ماددەی هۆشبەر بۆ ریاز تۆمەتبار کرد. ساڵانێک لە خراپیی کارگێڕیی ئابووری، چینی نێوەڕاستی وڵاتەکەی، کە جاران گەشەسەندوو بوو، خستووەتە دۆخێکی نائومێدییەوە.
 
بانکی نێودەوڵەتی دەڵێت، هەژاری لە لوبنان لە دەیەی رابردوودا نزیکەی سێ هێندە زیادی کردووە و کاریگەری لەسەر نزیکەی نیوەی دانیشتووانەکەی هەبووە کە نزیکەی 6 ملیۆن کەسن. خراپتر لەوەش، هەڵاوسان بەرز بووەتەوە و لیرەی لوبنانی 90%ی بەهاکەی لەدەستداوە و زۆرێک لە خێزانەکانیش پاشەکەوتەکانیان لەدەستدا، کاتێک بانکەکان داڕمان.
 
گەشتوگوزار لەلایەن سەرکردەکانی لوبنانەوە وەک باشترین رێگە سەیر دەکرێت بۆ دەستپێکردنی ئەو ئاشتەواییەی لەگەڵ وڵاتانی کەنداو پێویستە و پێیان وایە دوای ئەوە دەتوانن بچنە سەر هەناردەکردن و دەرفەتەکانی تری گەشەی ئابووری.
 
سامی زەغیب، بەڕێوەبەری توێژینەوە لە (دەستپێشخەریی سیاسەت)، کە سەنتەرێکی لێکۆڵینەوەیە لە بەیرووت دەڵێت، "ئەمە لۆژیکیترین شتە، چونکە ئەمە هەموو ئەو شتەیە کە لوبنان ئێستا دەتوانێت بیکات."
 
هێشتا چەند رۆژێک بۆ هاوین ماون، بەڵام گەشتەکان بۆ لوبنان زۆر بوون و هۆتێلەکانیش دەڵێن ژوورگرتن زۆر بووە.
 
لەو بۆنەیەی کە مانگی رابردوو لەلایەن وەزارەتی گەشتوگوزارەوە رێکخرا، فادی خوری، خاوەنی هۆتێل سانت جۆرج زەردەخەنەی لەسەر لێو بوو. هۆتێلەکە کە لە سەردەمی زێڕینی گەشتوگوزاردا باوکی خاوەندارێتی دەکرد، بە درێژایی دەیان ساڵ هەستی بە هەوراز و نشێوەکانی لوبنان کردووە و چەندین جار بەهۆی شەڕەوە داخراوە و کراوەتەوە. فادی گوتی: "هەست دەکەم وڵاتەکە دوای 50 ساڵ دەگەڕێتەوە".
لە پشووی کۆتایی هەفتەی رابردوودا، کاتێک خەڵک کەناراوەکانی شاری بەتروونی باکووریان پڕ کردبوو و بەلەمە گەشتیارییەکان لە دەریای نێوەڕاست دەبینران، خاوەنکارە نێوخۆییەکان گەشبین دیاربوون کە وڵاتەکە لەسەر رێگەی راستە.
 
جاد نەسڕ، خاوەنی یانەیەکی شەوانە گوتی: " دڵخۆشین؛ هەموو کەسێک لێرە دڵخۆشە. دوای ساڵانێک لە بایکۆتکردنمان لەلایەن عەرەبەکان و براکانمان لە کەنداو، چاوەڕوانین ئەم ساڵ دۆزەکە جیاواز بێت."
 
لەگەڵ ئەوەشدا، گەشتوگوزار چارەسەری ئەفسووناوی نییە بۆ ئابووریی لوبنان، کە دەیان ساڵە بەدەست گەندەڵیی بەربڵاو و بەفیڕۆدانەوە دەناڵێنێت.
 
لوبنان ساڵانێکە لەگەڵ سندووقی نێودەوڵەتیی دراو لە گفتوگۆدایە سەبارەت بە پلانێکی بووژانەوە کە ملیاران دۆلار قەرز لەخۆدەگرێت و داوا لە وڵاتەکە دەکات دژایەتیی گەندەڵی بکات، بانکەکانی رێکبخاتەوە، و باشترکردن لە کۆمەڵێک خزمەتگوزاریی گشتیدا بهێنێتە ئاراوە، لەوانە کارەبا و ئاو.
 
پسپۆڕان دەڵێن، بەبێ ئەو چاکسازییانە و چاکسازیی دیکە، دراوسێ دەوڵەمەندەکانی لوبنان متمانەیان نابێت بۆ وەبەرهێنان لەوێ.
 
وەزیری گەشتوگوزاری لوبنان دەڵێت، پرۆسەیەکی درێژخایەن تازە دەستیپێکردووە؛ ئاماژە بەوەش دەکات، "بەڵام ئێمە باسی بابەتگەلێک دەکەین کە پێشتر هەرگیز باسمان نەدەکردن.  پێم وایە هەموو وڵاتەکە تێگەیشتووە کە شەڕ خزمەتی هیچ کەس ناکات. ئێمە بەڕاستی پێویستمانە ئابوورییەکەمان بگەڕێتەوە و دووبارە گەشە بکاتەوە."
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

تۆم باراک، نێردەی تایبەتی ئەمریکا بۆ سووریا

تۆم باراک بۆ رووداو: سیستمی ناناوەندی لەم ناوچەیە بە کەڵک نایەت

تۆم باراک، نێردەی تایبەتی ئەمریکا بۆ سووریا لە وەڵامی پرسیارێکی رووداودا لە دەوحە رایگەیاند، سیستمی ناناوەندی لە عێراق و ناوچەکە "شکستی هێناوە" و جەختی کردەوە کە دەبێت گەل و هۆزەکان خۆیان بڕیار لە شێوازی بەڕێوەبردنی خۆیان بدەن