ئیسرائیل: هێرشمان کردە سەر پێگەی حوسییەکان لە یەمەن

07-07-2025
بژار زوبێر @BBashqaly
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

ئیسرائیل بەرەبەیانی رۆژی دووشەممە رایگەیاند، زنجیرەیەک هێرشی کردووەتە سەر شاری حودەیدە و ناوچەکانی دیکەی ژێر کۆنترۆڵی حوسییەکان لە یەمەن.
 
سوپای ئیسرائیل لە تەلەگرام بڵاویکردەوە، تەنیا چەند کاژێرێک دواتر دوو مووشەک لە یەمەنەوە ئاراستەی ئیسرائیل کران و هەوڵی خستنەخوارەوەیان درا.
 
سوپاکە دەڵێت، ئیسرائیل هێرشی کردووەتە سەر ژێرخانی حوسییەکان و "وێرانی کردووە." ئاماژە بەوەش دەکات، "بەندەرەکانی حودەیدە، رەئس عیسا و سەلیف لەنێو ئامانجەکاندا بوون."
 
سوپاکە هەروەها رایگەیاند، هێرشەکان وەڵامدانەوەیەک بوون بۆ هێرشە بەردەوامەکانی حوسییەکان بۆسەر ئیسرائیل.
 
بەرەبەیانی ئەمڕۆ، میدیای سەر بە حوسییەکان بڵاویکردەوە، ئیسرائیل بەندەری حودەیدە دەکاتە ئامانج، هەروەها باسی لە هێرشکردنە سەر بەندەرەکانی رەئس عیسا و سەلیف و وێستگەی کارەبای رەئس کەسیب کرد.
 
هێرشەکان نزیکەی نیو کاژێر دوای ئەوە هاتن کە گوتەبێژێکی سوپای ئیسرائیل لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانەوە هۆشداری لە دەستپێکردنی هێرشەکان دا.
 
ئیسرائیل وەک وەڵامدانەوەیەک بۆ هێرشەکانی حووسییەکان، چەندین جار هێرشی کردووەتە سەر یەمەن، لەنێویاندا هێرشکردنە سەر بەندەرەکان و فڕۆکەخانەی سەنعای پایتەخت.
 
یەکێک لەو ئامانجانەی ئیسرائیل دەڵێت پێکاویەتی، کەشتیی بارهەڵگری "گەلەکسی لیدەر"ە کە حوسییەکان لە تشرینی دووەمی 2023 دەستیان بەسەردا گرت و ئیسرائیلییەکان دەڵێن، سیستمی راداری تێدا جێگیرکراوە بۆ چاودێریکردنی کەشتییەکان لە دەریای سوور.
 
حوسییەکانی یەمەن دوای دەستپێکردنی شەڕی غەززە لە ئۆکتۆبەری 2023، بەردەوام بوون لە بەئامانجکردنی ئیسرائیل بە مووشەک و درۆن.
 
حوسییەکان، کە دەڵێن وەک پاڵپشتییەک بۆ فەلەستینییەکان ئەو کارە دەکەن، لە مانگی ئاداردا هێرشەکانیان دەستپێکردەوە، دوای ئەوەی ئیسرائیل ئاگربەستێکی دوو مانگەی لە غەززە شکاند.
 
هەروەها لە تشرینی دووەمی 2023ـەوە هێرش دەکەنە سەر ئەو کەشتییانەی دەریای سوور و کەنداوی عەدەن کە بە بڕوای خۆیان سەر بە ئیسرائیلن.
 
دوای ئەوەی ئەمریکا و بەریتانیا لە کانوونی دووەمی 2024ـدا هێرشی سەربازییان کردە سەر یەمەن، حوسییەکان هێرشەکانیان فراوانتر کرد و ئەو کەشتییانەشیان کردە ئامانج کە پەیوەندییان بەو دوو وڵاتەوە هەبوو.
 
لە مانگی ئایاری ئەم ساڵدا حوسییەکان ئاگربەستێکیان لەگەڵ ئەمریکا راگەیاند کە کۆتایی بە چەندین هەفتە لە هێرشی چڕی ئەمریکا هێنا، بەڵام بەڵێنیان دا بەردەوام بن لەسەر کردنەئامانجی کەشتییەکانی ئیسرائیل.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

حاجییان لە مزگەوتی حەرام بە دەوری کەعبەدا تەواف دەکەن. وێنە: Reuters

حەج و عومرەی سعودیە وێنەگرتن لە مزگەوتی حەرام و پێغەمبەر قەدەخە دەکات

گوتەبێژی بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی حەج و عومرەی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، لە وەرزی حەجی ساڵی داهاتوودا وێنەگرتن و تۆمارکردنی ڤیدیۆ لە هەردوو مزگەوتی پێغەمبەر (د.خ) لە مەدینە و مزگەوتی حەرام لە مەککە قەدەخە دەکرێت.