رووداو دیجیتاڵ
دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا دەڵێت، ئەم هەفتەیە "هەلێکی باش" بۆ گەیشتن بە رێککەوتنێک لەسەر ئاگربەستی غەززە هەیە.
ئەمەش لە کاتێکدایە کە بڕیارە ئەمڕۆ ترەمپ لە کۆشکی سپی لەگەڵ بنیامین نەتەنیاهوو، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل کۆببێتەوە.
ترەمپ لە نیوجێرزی و پێش گەڕانەوەی بۆ واشنتن، بە رۆژنامەڤانانی گوت، "پێم وایە هەلێکی باش هەیە بۆ ئەوەی لەم هەفتەیەدا لەگەڵ حەماس بگەینە رێککەوتن."
ترەمپ هەروەها گوتی، رێککەوتنێکی لەو شێوەیە بە واتای ئەوە دێت کە دەکرێت "ژمارەیەکی باش لە بارمتەکان" ئازاد بکرێن.
نەتەنیاهوو رۆژی یەکشەممە جەختی کردەوە کە دەکرێت کۆبوونەوەکەی لەگەڵ ترەمپ، یارمەتیدەر بێت بۆ گەیشتن بە رێککەوتنێک لەسەر غەززە.
نەتەنیاهوو پێش ئەوەی بەرەو واشنتنی پایتەختی ئەمریکا بەڕێبکەوێت گوتی، "پێم وایە گفتوگۆکردن لەگەڵ سەرۆک ترەمپ، بە دڵنیاییەوە یارمەتیدەر دەبێت بۆ بەدەستهێنانی ئەو ئەنجامانە."
نەتەنیاهوو جەختی لە پابەندبوونی حکومەتەکەی بە گەڕاندنەوەی بارمتەکان و لەنێوبردنی حەماس کردەوە و ئاماژەی بەوەشکرد، شاندی دانوستاندنکاری ئیسرائیل "رێنمایی روونی" پێیە بۆ گەیشتن بە رێککەوتنێک بەپێی ئەو مەرجانەی ئیسرائیل پەسندی کردوون.
نەتەنیاهوو گوتی، حکومەتەکەی رژدە لەسەر "مسۆگەرکردنی گەڕانەوەی هەموو بارمتەکان بۆ ئیسرائیل و لەنێوبردنی هەڕەشەی حەماس لە کەرتی غەززە." گوتیشی، "سوورین لەسەر گەڕاندنەوەی هەموو رفێندراوە ئیسرائیلییەکان و لە داهاتوودا حەماس هیچ شوێنێکی لە غەززە نابێت."
گوشارەکانی سەر نەتەنیاهوو لە زیادبووندان بۆ رازیبوون بە ئاگربەستێکی هەمیشەیی و کۆتاییهێنان بە شەڕ لە غەززە؛ هەنگاوێک کە هەندێک لە ئەندامە تووندڕۆکانی حکومەتەکەی دژایەتی دەکەن، لە کاتێکدا هەندێکی دیکەیان، لەوانەش جەدعون ساعری وەزیری دەرەوە پشتگیری دەکەن.
بەگوێرەی سەرچاوەیەکی ئاگاداری فەلەستینی کە قسەی بۆ ئاژانسی فرانس پرێس کردووە، رۆژی یەکشەممە لە قەتەر دانوستاندنی ناڕاستەوخۆ لەنێوان ئیسرائیل و حەماس بەڕێوەچووە.
سەرچاوەکە رایگەیاند، "دانوستاندنەکان لەبارەی میکانیزمەکانی جێبەجێکردنی رێککەوتنە چاوەڕوانکراوەکە" و "ئاڵوگۆڕی دیلەکان" بووە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ