رووداو دیجیتاڵ
بنیامین نەتەنیاهوو رایگەیاند، ئیسرائیل بەنیازی کۆنترۆڵکردنی تەواوی غەززەیە، بەڵام نایەوێت داگیری بکات یان حوکمڕانیی بکات.
رۆژی پێنجشەممە، 7ـی ئابی 2025، بنیامین نەتەنیاهوو، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل پێش کۆبوونەوەی کابینەکەی لە وەڵامی پرسیارێکدا کە ئایا ئیسرائیل کۆنترۆڵی "هەموو غەززە" دەکات، بە میدیای ئەمریکی گوت، "بەڵێ، بەنیازی ئەوەین".
بەگوێرەی میدیای ئیسرائیل، چاوەڕوان دەکرێت نەتەنیاهوو لە کۆبوونەوەکەدا هەوڵی بەدەستهێنانی رەزامەندیی بدات بۆ فراوانکردنی ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکان، لەنێویاندا لەو ناوچە چڕانەی کە پێدەچێت بارمتەکانی لێبێت.
سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل لەبارەی پلانەکەی بۆ کۆنتڕۆڵکردنی غەززە گوتی، "دەمانەوێت پشتێنەیەکی ئەمنیمان هەبێت. نامانەوێت حوکمڕانیی بکەین."
نەتەنیاهوو ئاماژەی بەوەش کرد، "دەمانەوێت [غەززە] رادەستی هێزە عەرەبییەکانی بکەین کە بە شێوەیەکی گونجاو حوکمڕانیی بکەن بەبێ ئەوەی هەڕەشەمان لێبکەن و ژیانێکی باش بە خەڵکی غەززە ببەخشن. ئەوە لەگەڵ حەماسدا ناکرێت."
بەگوێرەی میدیای ئیسرائیل، مژاری سەرەکیی کۆبوونەوەی کابینەی ئەمنی بڕیاردانە لەسەر دەستبەسەرداگرتنی تەواوی ئەو کەرتە لەلایەن سوپای ئیسرائیلەوە، کە بیرۆکەی نەتەنیاهوو و ئەنجوومەنی سیاسیی ئیسرائیلە، بەڵام فەرماندە سەربازییەکان و سوپاسالاری ئیسرائیل دژی ئەو پلانەن.
رۆژی چوارشەممە، سوپا فەرمانێکی نوێی چۆڵکردنی بۆ بەشێک لە شاری غەززە لە باکوور و خان یونس لە باشووری کەرتەکە دەرکرد، گوتەبێژی سوپاش رایگەیاند، هێزە زەوینییەکان خۆیان ئامادە دەکەن بۆ "فراوانکردنی سنووری ئۆپەراسیۆنەکان".
ئەمەش لەکاتێکدایە جەنگی غەزە لە 23ـەمین مانگییەوە نزیک دەبێتەوە و نەتەنیاهوو پێداگریی دەکات کە ئیسرائیل دەبێت "تێکشکاندنی بزووتنەوەی حەماس تەواو بکات، بۆ ئەوەی ئازادکردنی ئەو بارمتانە مسۆگەر بکات کە هێشتا لە غەززە دەستبەسەرن."
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ