رووداو دیجیتاڵ
وەزیری راگەیاندنی لوبنان رایگەیاند، ئەنجوومەنی وەزیران رەزامەندیی لەسەر ئامانجە گشتییەکانی ئەو پێشنیازنامە ئەمریکییە داوە کە تایبەتە بە چەسپاندنی رێککەوتنی 'راگرتنی کردەوە دوژمنکارییەکان'، کە یەکێک لە خاڵەکانی کۆتاییهێنانە بە بوونی چەکداری لە وڵاتدا، بە چەکی حیزبوڵڵاشەوە.
پۆل مۆرقس، لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەڤانیدا دوای کۆبوونەوەی ئەنجوومەنی وەزیران گوتی: "رەزامەندیمان داوە لەسەر کۆتاییهێنان بە بوونی چەکداری لەسەرانسەری خاکی لوبنان، بە حیزبوڵڵاشەوە."
روونیشیکردەوە کە حکومەت رەزامەندیی دەربڕیوە لەسەر بڵاوکردنەوەی سوپای لوبنان لە ناوچە سنوورییەکان و دەستپێکردنی گفتوگۆی ناڕاستەوخۆ لەگەڵ ئیسرائیل بۆ دیاریکردنی سنوورە وشکانییەکان.
وەزیری راگەیاندنی لوبنان ئاماژەی بەوەکرد، ئەنجوومەن [ـی وەزیران] هێشتا باسی وردەکاریی خشتە کاتییەکانی ناو پێشنیازنامە ئەمریکییەکەی نەکردووە و ئاماژەی بەوەشدا کە حکومەت چاوەڕێی پلانێکە لەلایەن سوپاوە سەبارەت بە میکانیزمی رادەستکردنی چەک، پێش ئەوەی بچێتە ناو گفتوگۆی وردەوە لەبارەی پێشنیازنامەکەوە.
پێنج وەزیری "شیعە" لە کۆبوونەوەکە چوونە دەرەوە
لە کۆبوونەوەکەی ئەنجوومەنی وەزیرانی لوبنان دا، پێنج وەزیر وەکو دەربڕینی ناڕەزایەتی، کۆبوونەوەکەیان جێهێشت. لەوبارەوە مۆرقس گوتی: "دەرچوونیان بە مانای دەستلەکارکێشانەوە نییە لە حکومەت و هەوڵەکان بۆ پاشگەزکردنەوەیان لە بڕیارەکەیان بێئەنجام بووە."
سەرچاوەیەکی نزیک لە حیزبوڵڵا رایگەیاند، کشانەوەی وەزیرەکانی حیزبەکە لە کۆبوونەوەی حکومەت وەک هەنگاوی یەکەمە بۆ ناڕەزایەتی دەربڕین دژی گفتوگۆکردن لەبارەی پێشنیازنامەکە. جەختیشی کردەوە کە "هەموو ئەگەرەکان کراوەن" ئەگەر ئەم پێشنیازنامەیە پەسند بکرێت.
حیزبوڵڵا: بۆ ئێستا تەنیا لەسەر ئاگربەست رێککەوتن دەکرێت
بەپێی سەرچاوەکانی نزیک لە حیزبوڵڵا، ئەو حیزبە پێی وایە "تاکە رێککەوتن کە دەبێت لەم قۆناخەدا جێبەجێ بکرێت، رێککەوتنی ئاگربەستە"، و داواشی لە ئیسرائیل کرد کە بە تەواوی پابەندی خاڵەکانی ئەم رێککەوتنە بێت.
رۆژی چوارشەممەی رابردوو، حیزبوڵڵا رایگەیاند کە حکومەت "هەڵەیەکی گەورەی" کردووە بە دەرکردنی بڕیارێک کە لوبنان لە چەک دادەماڵێت. گوتیشی: "ئێمە بەجۆرێک مامەڵە لەگەڵ ئەم بڕیارەدا دەکەین وەک ئەوەی نەبێت."
حیزبوڵڵا، کە لەلایەن تارانەوە پشتیوانی لێدەکرێت، داوا دەکات کە ئیسرائیل لە پێنج بەرزایی باشووری لوبنان بکشێتەوە کە دوای جێبەجێکردنی ئاگربەست هێزەکانی تێدا هێشتووەتەوە.
داوایش لە ئیسرائیل دەکات هێرشەکانی رابگرێت، ئەمەش وەک بەشێک لە مەرجەکانی، پێش ئەوەی گفتوگۆ لەسەر چارەنووسی چەکەکەی لە چوارچێوەی ستراتیژیەتێکی بەرگریی نیشتمانیدا بکرێت.
وردەکاریی پلانی چەکداماڵین لە لوبنان
بەپێی هەواڵێکی ئاژانسی رۆیتەرز، پلانەکە وردەکاریی پلانی چەکداماڵینی حیزبوڵڵا تاوەکو کۆتایی ساڵ ئاشکرا دەکات، هاوکات لەگەڵ کۆتاییهێنان بە ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکانی ئیسرائیل و کشانەوەی هێزەکانی لە پێنج پێگەی باشووری لوبنان.
ئەمڕۆ پێنجشەممە، پۆل مۆرقس، وەزیری راگەیاندنی لوبنان رایگەیاند کە ئەنجوومەنی وەزیران رەزامەندیی لەسەر "کۆتاییهێنان بە بوونی چەکداری لەسەرانسەری خاکەکەدا، بە حیزبوڵڵاشەوە" داوە.
وردەکاریی پلانەکە
پلانەکە، کە لەلایەن ئەنجوومەنی وەزیرانی لوبنانەوە گفتوگۆی لەسەر کراوە، وردترین هەنگاوەکانی تاوەکو ئێستا بۆ چەکداماڵینی گرووپی حیزبوڵڵا دیاری کردووە، کە لەلایەن ئێرانەوە پشتیوانیی دەکرێت و رەتیدەکاتەوە پابەندی ئەو بانگەوازانە بێت بۆ چەکداماڵین کە لە دوای شەڕی ساڵی رابردووی لەگەڵ ئیسرائیل دا دەکرێن.
وەزیرانی گرووپی حیزبوڵڵا و هاوپەیمانە شیعەکانی، وەک ناڕەزایەتییەک بەرامبەر بە گفتوگۆکردنی پێشنیازەکە، لە کۆبوونەوەی ئەنجوومەنی وەزیران کشانەوە.
ئیسرائیل لە هێرشەکەی ساڵی رابردوودا گورزی کوشندەی لە حیزبوڵڵا وەشاند، لە کاتی ئەو ململانێیەی کە لە ئۆکتۆبەری 2023دا سەریهەڵدا، کاتێک گرووپەکە لە سەرەتای جەنگی غەززەدا دەستیکرد بە بۆردوومانکردنی پێگەکانی ئیسرائیل لەسەر سنوور، وەک پشتیوانییەک بۆ هاوپەیمانەکەی (بزووتنەوەی حەماس).
پلانەکە ئامانجی "درێژکردنەوە و چەسپاندنی" رێککەوتنی ئاگربەستە کە لە مانگی نۆڤێمبەردا لەنێوان لوبنان و ئیسرائیل دا بەدەست هات.
لە پلانەکەدا هاتووە: "پێویستیی بەپەلەی ئەم پێشنیازە بەهۆی زیادبوونی ژمارەی سکاڵاکانەوەیە سەبارەت بە پێشێلکارییەکانی ئیسرائیل بۆ ئاگربەستی ئێستا، لەوانەش هێرشی ئاسمانی و ئۆپەراسیۆنی سنووربەزاندن، کە ئاماژەن بۆ ئەگەری داڕمانی دۆخی ناسکی ئێستا."
قۆناخی یەکەم: لە ماوەی 15 رۆژدا، حکومەتی لوبنان مەرسوومێک دەردەکات کە تێیدا پابەندبوونی خۆی بە چەکداماڵینی تەواوەتیی حیزبوڵڵا تا 31ـی کانوونی یەکەمی 2025 رادەگەیەنێت. لەم قۆناخەدا، ئیسرائیلیش ئۆپەراسیۆنە سەربازییە وشکانی، ئاسمانی و دەریاییەکانی رادەگرێت.
قۆناخی دووەم: داوا دەکات لوبنان لە ماوەی 60 رۆژدا دەست بە جێبەجێکردنی پلانی چەکداماڵین بکات، بە مەرجێک حکومەت رەزامەندی لەسەر "پلانێکی ورد بۆ بڵاوەپێکردنی (سوپای لوبنان) بدات بۆ پشتیوانیکردن پلانی کۆنترۆڵکردنی چەک لەلایەن دەوڵەتەوە". ئەم پلانە ئامانجەکانی چەکداماڵین دیاری دەکات.
لەم قۆناخەدا، ئیسرائیل دەست بە کشانەوە دەکات لەو پێگانەی کە لە باشووری لوبنان کۆنترۆڵی کردوون، هەروەها دەستبەسەرکراوە لوبنانییەکان بە هاوئاهەنگی لەگەڵ خاچی سووری نێودەوڵەتی ئازاد دەکات.
قۆناخی سێیەم: لە ماوەی 90 رۆژدا، ئیسرائیل لە دوو خاڵی کۆتایی لەو پێنج خاڵەی کە کۆنترۆڵی کردوون، دەکشێتەوە. هەروەها پارە بۆ دەستپێکردنی لابردنی داروپەردوو و نۆژەنکردنەوەی ژێرخان دابین دەکرێت، وەک ئامادەکارییەک بۆ ئاوەدانکردنەوە لە لوبنان.
قۆناخی چوارەم: لە ماوەی 120 رۆژدا، پاشماوەی چەکە قورسەکانی حیزبوڵڵا، لەوانەش مووشەک و فڕۆکەی بێفڕۆکەوان، هەڵبوەشێنرێنەوە.
قۆناخی پێنجەم و کۆتایی: ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا، سعودیە، فەرەنسا، قەتەر و وڵاتانی دیکە "دۆست"، کۆنفرانسێک بۆ پشتیوانیکردنی ئابووریی لوبنان و ئاوەدانکردنەوە رێکدەخەن، هەروەها بۆ "جێبەجێکردنی دیدگای سەرۆک ترەمپ بۆ گەڕانەوەی لوبنان وەک وڵاتێکی گەشەسەندوو کە توانای پێشکەوتنی هەبێت."
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ