رووداو دیجیتاڵ
فەرماندەیی ناوەندیی ئەمریکا (سێنتکۆم) رۆژی سێشەممە رایگەیاند، پیلاندانەرێکی باڵای سەر بە رێکخراوی قاعیدەیان لە سووریا کوشتووە.
بە گوێرەی راگەیێنراوی سێنتکۆم، هێرشەکە رۆژی 2ـی تشرینی یەکەم کراوە و بووەتەهۆی کوژرانی محەممەد عەبدولوەهاب ئەحمەد.
راگەیێندراوەکە دەڵێت، ئەحمەد ئەندامی گرووپی "ئەنسارولئیسلام بووە کە گرووپێکی تیرۆریستیی سەر بە قاعیدەیە."
ئەدمیراڵ براد کووپەر، فەرماندەی سێنتکۆم رایگەیاند: "هێزەکانی ئەمریکا لە رۆژهەڵاتی نێوەڕاست لە ئامادەباشیدان بۆ لەنێوبردن و شکستپێهێنانی هەوڵەکانی تیرۆریستان بۆ پیلاندانان، رێکخستن و ئەنجامدانی هێرش."
کووپەر گوتیشی: "ئێمە لە بەرگریکردن لە نیشتمانەکەمان، جەنگاوەرەکانمان، هاوپەیمان و هاوبەشەکانمان لە سەرانسەری ناوچەکە و دەرەوەی بەردەوام دەبین."
دوایین ئۆپەراسیۆنی سێنتکۆم لە سووریا لە 19-09-2025 بوو. ئەوکات سێنتکۆم رایگەیاند، ئەندامێکی باڵای داعشیان کوشتووە.
سێنتکۆم رایگەیاند، ئەو کەسەی کراوەتە ئامانج ناوی عومەر عەبدولقادر بووە کە کاری بۆ ئەوە کردووە هێرش بکاتە سەر ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا؛ ئاماژەی بەوەشکرد، کوشتنی ئەو کەسە "توانای رێکخراوە تیرۆریستییەکە بۆ پیلاندانان و هێرشی داهاتوو کە هەڕەشە لە ئەمریکا و هاوبەشەکانمان بکات، تێکدەدات."
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ