نەتەنیاهوو: دوای شەڕ ئیسرائیل ئاسایشی غەززە دەگرێتە ئەستۆ

07-11-2023
تەنیا ئەحمەد
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

لە نوێترین چاوپێکەوتنی تەلەڤیزیۆنیدا، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل دەڵێت، "تەنانەت دوای شەڕیش، ئیسرائیل بۆ ماوەیەکی نادیار لە ئاسایشی غەززە بەرپرس دەبێت."
 
رۆژی دووشەممە 06-11-2023 بنیامین نەتەنیاهوو، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ تەلەڤیزیۆنێکی ئەمریکی رایگەیاند، "دوای شەڕ، ئیسرائیل بە تەواوی کۆنترۆڵی ئاسایشی غەززەی لەدەستدا دەبێت." هەروەها گوتیشی، لە لەنێوبردنی حەماس ناوەستن.
 
نەتەنیاهوو پێیوایە، ئەگەر ئەوان ئەو بەرپرسیارێتیە هەڵنەگرن، ئەوەی دروستدەبێت "تیرۆری حەماسە" بە شێوەیەک، ناتوانیت خەیاڵی بکەیت.
 
بەپێی چەند بەرپرسێکی کۆشکی سپی، رۆژی دووشەممە بنیامین نەتەنیاهوو و جۆ بایدن، سەرۆکی ئەمریکا بە تەلەفۆن قسەیان لەبارەی "ئاگربەستی مرۆیی" کردووە، بەڵام هیچ لایەنێک هیچ رێککەوتنێکی بڵاونەکردووەتەوە.
 
لەوبارەوە نەتەنیاهوو گوتی، "ئاگربەستی گشتی روونادات، بەبێ ئازادکردنی بارمتەکانمان، ئاگربەست نییە."
 
بەگوێرەی قسەکانی نەتەنیاهوو، جارجار دەکرێت بۆردوومانەکان و هێرشەکان بوەستن، ئەو گوتی، "پێشتر ئەوەمان هەبووە؛ چەند وەستانێکی بچووک، کاژێرێک لێرە و کاژێرێک لەوێ. ئێمە بەدواداچوون بۆ دۆخەکە دەکەین، بۆئەوەی بهێڵین کەلوپەلی مرۆیی بچێتە ژوورەوە یان بارمتەکانمان بێنە دەرەوە."
 
رۆژ دوای رۆژ، ئاگری شەڕەکەی ئیسرائیل و گرووپە چەکدارەکانی غەززە گەرمتر دەبێت، نەتەوە یەکگرتووەکان لە چەندین کۆبوونەوە داوای ئاگربەستی بەپەلە دەکات، لە دوایین لێدوانیدا رۆژی دووشەممە ئەنتۆنیۆ گۆتێرێز، سکرتێری گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەڤانیدا لە بارەگای سەرەکیی نەتەوە یەکگرتووەکان لە نیویۆرک گوتی، "لەگەڵ تێپەڕینی هەر کاژێرێکدا ئەو کارەساتەی کە لە غەززەدا روودەدات، پێویستی بە راگەیاندنی ئاگربەستێکی بەپەلەیە."
 
گۆتێرێز گوتیشی، "لایەنەکانی ململانێ و کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی رووبەڕووی بەرپرسیارێتییەکی دەستبەجێ و بنەڕەتی دەبنەوە بۆئەوەی ئەو ئازارە بەکۆمەڵەی سەر کەرتی غەززە رابگرن و یارمەتیی مرۆیی بگەیێننە کەرتەکە."
 
رۆژی 05-11-2023 دوای مانگێک لە شەڕی نێوان ئیسرائیل و باڵی سەربازیی حەماس، بەڕێوەبەرانی 18 ئاژانسی جیاوازی نەتەوە یەکگرتووەکان لە بەیاننامەیەکی هاوبەشدا داوای راگرتنی بەپەلەی شەڕیان لە غەززە کرد. ئەوان دەڵێن، "ئەوە بووە مانگێک، ئیدی بەسە. دەبێت بە زووترین کات شەڕ رابگیرێت."
 
سەرکردەکان لە نەتەوە یەکگرتووەکان داوایان لە هاوبەشەکانیان کرد، "رێز لە یاسای نێودەوڵەتی بۆ مافەکانی مرۆڤ بگرن، لەوانەش پاراستنی خەڵکی سڤیل، قوتابخانەکان و نەخۆشخانەکان، بهێڵن هاوکاری بچێتە نێو کەرتەکە".
 
بەگوێرەی نەتەوە یەکگرتووەکان، دەرمان، ئاو و خۆراک لە کەرتی غەززە بەرەو نەمان دەچێت، هەروەها 695 هەزار کەس لەنێوخۆی کەرتەکەدا ئاوارەبوون. 
 
ئەوەی کە بەرپرسانی نێودەوڵەتیی لەسەری کۆکن ئەوەیە، "ئیسرائیل مافی خۆیەتی بەرگریی لەخۆی بکات، بەڵام نابێت خەڵکی سڤیل لەو نێوەندە ببنە قوربانی."
 
رۆژی دووشەممە، ئەشرەف قودرە، گوتەبێژی تەندروستیی غەززە لە کۆنفڕانسێکی رۆژنامەڤانیدا لە غەززە دوایین ئاماری قوربانییانی راگەیاند و گوتی، "ژمارەی ئەو کەسانەی گیانیان لەدەستداوە گەیشتووەتە 10 هەزار و 22 کەس، کە چوار هەزار و 100یان منداڵ و دوو هەزار و 640یشیان ئافرەتن".
 
بەگوێری تەندروستیی غەززە ژمارەی ئەوانەی، بەهۆی بۆردوومانەکانەوە برینداربوون گەیشتووەتە سەرووی 20 هەزار کەس.
 
بەگوێرەی بەرپرسانی ئیسرائیلیش تائێستا زیاتر لە هەزار و 400 کەس کوژراون و زیاتر لە 5 هەزار کەس برینداربوونە.
 
شەڕەکە دوای ئەوە دەستیپێکرد کە بەیانیی رۆژی شەممە 7ـی تشرینی یەکەمی 2023 بزووتنەوەی حەماس، ئۆپەراسیۆنی ناونراو بە "تۆفانی ئەقسا"ـی دژی ئیسرائیل راگەیاند؛ ئیسرائیلیش لەبەرامبەردا ئۆپەراسیۆنی ناونراو بە "شمشێری ئاسنین"ـی راگەیاند.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە