رۆژهەڵاتی نێوەڕاست
گەنجێکی فەلەستینی پاشماوەی باڵەخانەیەک لادەبات کە ئیسرائیل لە رۆژی 5-12-2023 لە خان یونس لە غەززە بۆردوومانی کرد. وێنە: AFP
رووداو دیجیتاڵ
نووسینگەی وەزیری بەرگریی بەریتانیا رایگەیاند، وەزیری بەرگری بەنیازە سەردانی ئیسرائیل و چەند ناوچەیەکی فەلەستین بکات بۆ کۆبوونەوە لەگەڵ دەسەڵاتدارانی هەردوو لا و گفتوگۆکردن لەسەر ناردنی هاوکاری بۆ غەززە، ئازادکردنی بارمتەکان و رێگریی لە فراوانبوونی شەڕ.
رۆژی پێنجشەممە، 7-12-2023، نووسینگەی گرانت شاپس، وەزیری بەرگریی بەریتانیا رایگەیاند، لەپێناو ناردنی هاوکاریی زیاتر بۆ غەززە، وەزیری بەرگری سەردانی ئیسرائیل و ناوچەکانی ژێر دەسەڵاتی ئیسرائیل دەکات.
هەروەک لە راگەیێندراوەکەی نووسینگەی وەزیر هاتووە، شاپس دەیەوێت هاوکارییەکان راستەوخۆ لە رێگەی دەریاوە بگاتە نێو غەززە.
هەروەها ئاشکراشکراوە، "ئەو لە سەردانەکەیدا لەگەڵ سەرکردەکان گفتوگۆ لەبارەی چەند بژاردەیەکی ناردنی هاوکاریی بۆ کەرتی غەززە و خەڵکە سڤیلەکەی دەکات، هەروەها بەریتانیا چۆن دەتوانێت پاڵپشتیی دەسەڵاتی فەلەستین، ئازادکردنی بارمتەکان و رێگریی لە فراوانبوونی شەڕ بکات".
وەزیری بەرگریی بەریتانیا لە لێدوانێکدا رایگەیاند، "ئێمە کار لەسەر دۆزینەوەی باشترین رێگە دەکەین بۆ پشگیرییکردنی ئەوانەی پێویستییان بە هاوکارییە بە خێراترین و راستەوخۆترین شێوە، ئەوانەش بژاردەکانی وشکانی، دەریایی و ئاسمانی دەگرێتەوە".
لەبارەی ئەجێندای سەردانەکەی، نووسینگەی وەزیر رایگەیاندووە، شاپس لەگەڵ زیاد هەب ریح، وەزیری ناوخۆی دەسەڵاتی فەلەستین کۆدەبێتەوە بۆ تاوتوێکردنی رێکارەکانی بەهێزکردنی ئاسایشی کەرتی رۆژئاوا و خەڵکەکەی. هەروەها، لە تەلئەڤیڤ لەگەڵ یواڤ گالانت، وەزیری بەرگریی ئیسرائیل کۆدەبێتەوە بۆ قسەکردن لەسەر دۆخی ئاسایشی ئێستا و هەنگاوەکانی داهاتووی ئیسرائیل.
شاپس، هەروەک لە بەرنامەی گەشتەکەیدا هاتووە، سەردانی کۆمەڵگەی جوونشینی کفار ئازا دەکات کە رۆژی 7-10-2023 لەلایەن چەکدارانی حەماسەوە هێرشی کرایە سەر.
رۆژی سێشەممە، 5-12-2023، گرانت شاپس رایگەیاندبوو، بەریتانیا بەنیازە کەشتیی ئار ئێف ئەی لایم بەی بنێرێتە رۆژهەڵاتی نێوەڕاست بۆ دابینکردنی هاوکاریی مرۆیی و پزیشکی.
رۆژی 7-10-2023، بزووتنەوەی حەماس هێرشێکی لەناکاوی کردە سەر چەند کۆمەڵگەیەکی جوونشین و فێستیڤاڵێکی میوزیکی.
سوپای ئیسرائیل دەڵێت، لەو هێرشەدا هەزار و 200 کەس کە زۆربەیان سڤیل بوون کوژران و 240 کەسیش بە بارمتە گیران، جگە لە برینداربوونی سەدانی دیکە.
تەنیا چەند کاژێرێک دوای هێرشەکە، ئیسرائیل بەڵێنی لەنێوبردنی حەماسی دا و دەستی بە هێرش و بۆردوومانەکان کرد. بەگوێرەی نوێترین ئاماری وەزارەتی تەندروستیی غەززە، لە 7ـی تشرینی یەکەمەوە بەهۆی بۆردوومان و هێرشەکانی ئیسرائیلەوە لانیکەم 16 هەزار و 248 فەلەستینی کوژراون و 43 هەزار و 616 کەس بریندار بوون، هەروەها 1.93 ملیۆن کەس ئاوارە بوون کە 78%ـی خەڵکی غەززە پێکدەهێنن.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ