بڕیار لەسەر ڤیزای شنگنی عەرەبی درا

07-12-2023
تەنیا ئەحمەد
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ
 
ئەنجوومەنی باڵای هاریکاریی کەنداو دەسەڵات دەداتە وەزیرانی ناوخۆی شەش وڵاتی کەنداو بۆ جێبەجێکردنی ڤیزای یەکگرتووی گەشتیاری کە رێگە بە گەشتیاران دەدات بە یەک ڤیزا سەردانی شەش وڵاتی کەنداو بکەن، هەروەک ڤیزای شنگنی ئەوروپی.
 
رۆژی سێشەممە 5-12-2023، 44ـەمین لووتکەی کەنداو لە دەوحەی قەتەر بەڕێوەچوو. یەکێک لە بڕگەکانی لووتکەکە بریتییبوو لە بڕیاردان لەسەر "ڤیزای گەشتیاریی یەکگرتووی کەنداو" کە رێگە بە گەشتیاران دەدات بە یەک ڤیزا، وەک ڤیزای شنگنی ئەوروپی،  سەردانی شەش وڵاتی ئەنجوومەنی هاریکاریی کەنداو بکەن کە بریتیین لە: سعودیە، ئیمارات، عومان، قەتەر، بەحرەین و کوێت.
 
ئەنجوومەنی باڵای وڵاتانی هاریکاریی کەنداو رایگەیاند، دەسەڵات دەدەنە وەزیرانی ناوخۆی ئەو شەش وڵاتە بۆ دابینکردنی ڤیزای ئەلیکترۆنی.
 
کۆبوونەوەی وەزیرانی ناوخۆی وڵاتانی ئەنجوومەنی هاریکاریی کەنداو رۆژی 8-11-2023 لە مەسقەتی پایتەختی عومان بەڕێوەچوو، تێیدا پڕۆژەی ڤیزای یەکگرتوو خرایەڕوو.
 
جاسم محەممەد بەدیوی، ئەمینداری گشتیی ئەنجوومەنی هاریکاریی کەنداو، دوای لووتکەکە رایگەیاند، "پڕۆژەی ڤیزەی گەشتیاری یەکگرتووی کەنداو دەستکەوتێکی نوێیە و بۆ دەستکەوتەکانی ئەنجوومەنی هاریکاریی کەنداو زیاد دەکرێت".
 
رۆژی چوارشەممە 6-12-2023، ناسر ئەلعەزبە، پرۆفیسۆری یاسای نێودەوڵەتی لە زانکۆی قەتەر رایگەیاند، "بێگومان ڤیزای گەشتیاریی یەکگرتووی کەنداو هاوتەریبە لەگەڵ ئەو پێشکەوتنەی وڵاتانی کەنداو و پێویستییەکی زۆر گرنگە بۆ درێژەدان بەو نوێبوونەوە و مۆدێرنێتییەی کە هەموو وڵاتانی کەنداو ئەزموونی دەکەن".
 
ئەو هەروەها گوتی، "ڤیزای یەکگرتوو کاریگەریی ئەرێنی بەرچاوی هەیە، بەتایبەتی لەسەر کەرتی گەشتیاری و پاشان ئابووری بەگشتی، ئابووری پێویستیی بەو هەنگاوە هەیە".
 
رۆژی چوارشەممە، ئەحمەد خەتیب، وەزیری گەشتوگوزاری سعودیە رایگەیاند، "سعودیە دەتوانێت ڤیزای ئەلیکترۆنی گەشتیاریی یەکگرتووی کەنداو بداتە گەشتیاران. ڤیزاکە بۆ ماوەی ساڵێکە و گەشتیار دەتوانێت چەند جارێک لەماوەی 90 رۆژدا هاتووچۆ بکات".

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە