رووداو دیجیتاڵ
راگرتنی گەشتە ئاسمانییەکانی فڕۆکەخانەی حەلەب بۆ دووەمجار و بۆ ماوەی 24 کاتژمێر درێژکرایەوە، ئەوەش بەهۆی ئاڵۆزیی ئەمنی لە دوو گەڕەکە زۆرینە کوردەکەی ئەو شارە کە سێ رۆژە بەردەوامە.
دەستەی گشتیی فڕۆکەوانیی مەدەنیی سووریا، رۆژی پێنجشەممە 8ی کانوونی دووەمی 2026، لە راگەیێنراوێکدا راگرتنی گەشتەکانی فڕۆکەخانەی حەلەبی تاوەکو کاتژمێر 23:00ی رۆژی هەینی 9ی کانوونی دووەم درێژکردەوە.
بە گوێرەی راگەیێنراوەکە، ئەو درێژکردنەوەی راگرتنە بەهۆی بەردەوامیی پێشهاتە ئەمنییەکانە لە هەندێک ناوچەی حەلەب و پەرۆشییانە بۆ سەلامەتیی گەشتیاران و تیمی فڕۆکەوانی.
ماوەی سێ رۆژە پێکدادانی نێوان هێزەکانی ئاسایشی ناوخۆی سەر بە بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەر و گرووپە چەکدارەکانی سەر بە حکومەتی سووریا لە هەردوو گەڕەکی شێخ مەقسوود و ئەشرەفیە بەردەوامە.
دەستەی گشتیی فڕۆکەوانیی مەدەنیی سووریا رایگەیاند، گەشتەکانی ئەو فڕۆکەخانەیە لەم ماوەیەدا ئاڕاستەکەی بۆ فڕۆکەخانەی دیمەشق دەگۆڕدرێت، تاوەکو ئەو کاتەی هەڵسەنگاندنی تەکنیکی و ئەمنیی پێویست دەکرێت.
رۆژی 6ی کانوونی دووەم گەشتەکانی فڕۆکەخانەی حەلەب راگیران و رۆژێک دواتر بۆ یەکەمجار راگرتنەکە درێژکرایەوە، ئەمە دووەم جارە ئەو بڕیاری راگرتنە درێژبکرێتەوە.
دەستەکە رایگەیاندووە کە ئەو رێکارەیان "خۆپارێزی و کاتییە و لە بوونى هەر پێشهاتێکى نوێ زانیارى بڵاودەکەنەوە".
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ