هاکان فیدان: لە نزیکەوە چاودێریی رووداوەکانی حەلەب دەکەین

18 کاژێر له‌مه‌وپێش
هێمن عەساف
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

وەزیری دەرەوەی تورکیا لەبارەی پێکدادانەکانی گەڕەکە کوردنشینەکانی حەلەبەوە رایگەیاند، "لە رووی ئاسایشی نیشتمانیمانەوە، رەوتی رووداوەکانی سووریا و حەلەب بۆ ئێمە زۆر گرنگە. لە نزیکەوە چاودێریی دەکەین و لەگەڵ هاوبەشە هەرێمی و نیشتمانییەکانمان لە هاوئاهەنگی و پەیوەندیداین." 
 
هاکان فیدان، وەزیری دەرەوەی تورکیا، دوای کۆبوونەوەی لەگەڵ سەید بەدر حەمەد ئەلبوسعیدی، وەزیری دەرەوەی عومان، لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەڤانیی هاوبەشدا ئاماژەی بە بابەتی سووریا کرد. رایگەیاند، لە کۆبوونەوەکانی دا لەگەڵ وەزیری دەرەوەی سووریا لە پاریس، باسیان لە پەیوەندییەکانیان لەگەڵ هێزەکانی سووریای دیموکرات (هەسەدە) کردووە.
 
فیدان، باسی لەوە کرد "تورکیا چاوەڕوانی رێککەوتنێکە سەقامگیری بۆ سووریا بهێنێت" و گوتی، "پێداگریی هەسەدە لەسەر پاراستنی ئەوەی لەدەستی دایە بە هەر نرخێک بێت، گەورەترین رێگرە لەبەردەم گەیشتنی سووریا بە ئارامی و سەقامگیری. پێویستە هەسەدە ماڵئاوایی لە تیرۆر و جوداخوازی بکات." 
 
فیدان، گوتیشی، لە نزیکەوە چاودێریی پرۆسەکە دەکەن و "لە رووی ئاسایشی نیشتمانیمانەوە، رەوتی رووداوەکانی سووریا بۆ ئێمە زۆر گرنگە. لە نزیکەوە چاودێریی دەکەین و لەگەڵ هاوبەشە هەرێمی و نیشتمانییەکانمان لە هەماهەنگی و پەیوەندیداین."
 
وەزیری دەرەوەی تورکیا، ئاماژەی بەوەشکرد کە تورکیا لە پرۆسەکەدا بینەرێکی "بێبایەخ نییە" و گوتی، "لە نزیکەوە چاودێری دەکەین. کاتێک پێویست بکات، لە دەستوەردان سڵناکەینەوە. هیچ کێشەیەکمان نییە لە قسەکردن لەگەڵ هەموو لایەنەکان، چونکە دیدگامان زۆر روون و شەفافە." 
 
هاکان فیدان ئەوەشی خستەڕوو کە "رووداوەکانی چەند رۆژی رابردووی حەلەب، بەداخەوە دەرکەوتنی ئەو بابەتەیە کە ماوەی ساڵێکە هۆشداریمان لەبارەیەوە داوە و دووبارەمان کردووەتەوە. ئەگەر هەسەدە لەبری یاریکردن بە کات، دەستی بە پرۆسەیەکی راستەقینەی یەکگرتنەوە لە وڵاتەکەی دا بکردایە، هیچ کام لەمانەمان نەدەبینی." 
 
هەروەها رایگەیاند "لەبری ئەوە، تێگەیشتنی 'با لە هەر شوێنێک بین، بەبێ سازش بمێنینەوە و بەرژەوەندییەکانمان پێشبخەین'، بەداخەوە هیچ سوودێکی بۆ کەس نییە. پێویستە هەسەدە ئەوەی لەسەر شانیەتی، جێبەجێی بکات. بەڵام لەبری ئەوە، بوون بە ئەکتەرێک کە لە هاوئاهەنگیدا لەگەڵ ئیسرائیل، دەبێتە ئامرازێک بۆ سیاسەتی 'پارچە بکە، دابەشی بکە و حوکم بکە'ی ئیسرائیل لە ناوچەکەماندا، بەداخەوە رێکەوت نییە."
 
گوتیشی: "ئێمە چیدی لە یەمەن، سۆماڵیلاند، سوودان و سووریا روودەدات، هەمووی لە یەک روانگە و یەک هاوێنەوە دەبینین. ئەمە هەڵسەنگاندنی ستراتیژیی خۆمانە. وەک دەزانن، پێکهاتەیەک هەیە کە درێژە بە دابەشبوون و داگیرکاری لە فەلەستین دەدات. هەوڵێکیش هەیە بۆ قووڵکردنەوەی هەمان داگیرکاری لە لوبنان. هیوادارین دۆخی حەلەب ئاسایی ببێتەوە، بە جۆرێک کە حکومەت بتوانێت ئەرک و بەرپرسیارێتییەکانی خۆی لە هەموو شارەکەدا جێبەجێ بکات." 
 
باسی لەوەشکرد کە بەرژەوەندیی خوشک و برا کوردەکانمان، ئێزدییەکانمان و هەموو خوشک و براکانی دیکەمان کە لە حەلەب دەژین، لەمەدایە. واتە، با حکومەتی سووریا بتوانێت خزمەتگوزارییە بنەڕەتییەکان، بە ئاسایشیشەوە، لە هەموو حەلەبدا دابین بکات.
 
لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا، هاکان فیدان ئەوەشی خستەڕوو کە ئێستا ئەگەر تۆ هەوڵبدەیت لەناو حەلەبدا ئیدارەیەکی جیاواز، پێکهاتەیەکی هاوتەریب، دەوڵەتێکی هاوتەریب دروست بکەیت، هیچ دەوڵەتێکی سەروەر ئەمە قبووڵ ناکات. پێویستە هەسەدە خۆی لەم پێکهاتە هاوتەریبە دەربهێنێت. پێویستە هەڵوێستێک وەربگرێت کە لە بەرژەوەندیی هەموو هاووڵاتییانی حەلەبدا بێت. 
 
گوتی: "ئێمە لەم دوو رۆژەی دواییدا، دامەزراوە پەیوەندیدارەکانمان لە راوێژدان. هەم لەگەڵ لایەنی سووری و هەم لەگەڵ لایەنی ئەمریکی لە گفتوگۆی چڕداین. ئیشاڵڵا بەبێ رژانی خوێنی زیاتر، ئەم کێشەیە بە ئاشتی و سەلامەتی چارەسەر دەبێت. بەڵام وەک گوتم، بەداخەوە سەرەڕای ئەرێنیبوونی هەموو پرۆسەکان، هەسەدە پێداگری دەکات لەسەر نەگرتنەبەری هەنگاوی ئەرێنی. لە تورکیا کەشێک هەیە، پەیام لە دوورگەکەوە (مەبەست لێی عەبدوڵڵا ئۆجەلانە) دێت، نامەی راستەوخۆیان بۆ نووسراوە، رێنوێنییان پێدراوە."
 

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە