رۆژهەڵاتی نێوەڕاست

دوو چەکداری کەتیبەکانی قەسامی حەماس لەگەڵ یەکێک لە بارمتە ئیسرائیلییەکان پێش ئازادکردنی، وێنە: AFP
رووداو دیجیتاڵ
حەماس، سێ بارمتە و ئیسرائیلیش 183 بەندکراوی دیکەی ئازادکرد. حکومەتی ئیسرائیل رادەستکردنەوەی بارمتەکانی بە "دڵڕەقانە" وەسفکرد.
رۆژی شەممە 08-02-2025، بزووتنەوەی حەماس لە شاری دێر بەلەحی کەرتی غەززە، سێ بارمتەی ئیسرائیلی رادەستی لیژنەی نێودەوڵەتیی خاچی سوور کردەوە. ئیسرائیلیش 183 بەندکراوی ئازادکرد و بەشێکیان بە پاس گەیشتنە شاری رامەڵڵای کەرتی رۆژئاوا.
ئەمە، پێنجەم گۆڕینەوەی بارمتە و بەندکراوان بوو، بڕیارە دانوستاندنەکان بۆ رێککەوتن لەسەر مەرجەکانی قۆناخی دووەمی ئاگربەستەکە لەنێوان حەماس و ئیسرائیل دەستپێبکەن.
قۆناخی یەکەمی ئاگربەستی غەززە لە 19-01-2025 دەستیپێکرد و بڕیارە 42 رۆژ بخایێنێت.
سێشەممەی رابردوو، دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا لەکاتی پێشوازیکردن لە بنیامین نەتەنیاهوو، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل رایگەیاند، ئەمریکا دەستبەسەر کەرتی غەززەدا دەگرێت و بنیادی دەنێتەوە.
ئۆر لێڤی، ئۆهاد بن ئامی و ئێلی شەرابی ئەو بارمتانە بوون کە ئەمڕۆ ئازادکران. هەرسێکیان لە هێرشەکەی حەماس بۆ سەر ئۆردووگا جوونشینەکانی باشووری ئیسرائیل لە 7-10-2023 دەستگیرکرابوون.
سوپای ئیسرائیل پشتڕاستیکردەوە، هەرسێ بارمتەکە گەیشتوونەتە خاکی ئیسرائیل.
خەڵکێکی زۆر لە گۆڕەپانێکی شاری تەلئەڤیڤی ئیسرائیل راستەوخۆ سەیری ئازادکردنی بارمتەکانیان دەکرد و ئاهەنگیان گێڕا.
گەڕەکانی پێشوو
گەڕی یەکەمی ئاڵوگۆڕکردن لە 19-01-2025 بوو. ئەوکات حەماس سێ بارمتەی ژنی بە ناوەکانی دۆرۆن ستێینبرێچەر، ئێملی داماری و رۆمی گۆنێن رادەستکرد. لەبەرامبەردا، ئیسرائیل 90 بەندکراوی ئازادکرد.
رۆژی 25-01-2025 گەڕی دووەم بەڕێوەچوو، تێیدا چوار ژنە بارمتە ئازادکران. هەریەک لە کارینا ئەریڤ، دانیێلا گیلبوا، ناما لێڤی و لیری ئەلباگ رادەستی خاچی سوور کران. لەبەرامبەردا ئیسرائیل 200 بەندکراوی ئازادکرد.
گەڕی سێیەم لە رۆژی 30-01-2025 بەڕێوەچوو، تێیدا هەشت بارمتە ئازادکران، پێنج لە بارمتەکان تایلەندی بوون. ئەربیل یەهوود و ئاگام بێرگەر دوو بارمتەی ژن بوون و بارمتەی سێیەمیش گادی مووشی مۆزیسی تەمەن 80 ساڵان بوو. ئیسرائیل 183 بەندکراوی ئازادکردن.
لە گەڕی چوارەم دا کە لە رۆژی 01-02-2025 بەڕێوەچوو، سێ بارمتەی پیاو بە ناوەکانی یاردن بیباس، کێیس سیگڵ و ئۆفەر کاڵدیرۆن ئازادکران. لە بەرامبەردا ئیسرائیل 110 بەندکراوی فەلەستینی لە زیندانەکان دەرهێنا.
لە گەڕی پێنجەمیشدا سێ بارمتەی پیاوی ئیسرائیلی و 183 بەندکراوی فەلەستینی لە 08-02-2025 ئازادکران.
'هیچ کاتێک بۆ بەفیڕۆدان نییە'
سێ بارمتەکە چوونە سەر سەکۆیەکی دیزاینکراوی حەماس و بە مایکێک قسەیانکرد. پشتیوانیی خۆیان بۆ تەواوکردنی قۆناخەکانی دیکەی ئاگربەستەکە دەربڕی.
کۆڕبەندی خێزانی بارمتە و بێسەروشوێنبووەکان رایگەیاند،"ئەو وێنە دڵهەژێنانە بەڵگەیەکی دیکەی ئەوەن؛ بێگومان هیچ کاتێک بۆ بەفیڕۆدان نییە و پێویستە دەستبەجێ هەموو بارمتەکان ئازادبکرێن."
نووسینگەی بنیامین نەتەنیاهوو، دۆخی بارمتەکانی بە "تاسێنەر" وەسفکرد.
ئیسحاق هێرزۆگ، سەرۆکی ئیسرائیل سەرکۆنەی چۆنییەتی مامەڵەکردن لەگەڵ بارمتەکانی کرد و گوتی، "ئەمە تاوانە لە دژی مرۆڤایەتی."
هێرزۆگ لە ئێکس نووسی: "لە دوای 491 رۆژ لە دۆزەخ، برسیێتی و ئازار، دەبێت هەموو جیهان راستەوخۆ سەیری ئۆهاد، ئۆر و ئێلی بکەن."
شەرابیی تەمەنی 52 ساڵ، لە رۆژی هێرشەکەدا لە ماڵەکەی خۆی لە ئۆردووگای بیری بوو. هاوژینە بەریتانییەکەی و دوو کچەکەشی لە ماڵەوە بوون.
چەکدارەکان لەگەڵ چوونە نێو ماڵەکەیان تەقەیان لە سەگەکەیان کرد، "دواتر هاوژین و دوو کچەکەیان لە ژوورێک کرد و ژوورەکەیان ئاگرتێبەردا." حکومەتی ئیسرائیل لە رێگەی پشکنینەوە تەرمی هەرسێ کەسەکەی ناسییەوە.
بن ئامی کە وەڵاتینامەی ئیسرائیلی-ئەڵمانی هەیە، لە بارمتەیی تەمەنی بووە 56 ساڵ. ئەو لە ئۆردووگای بیری لەلایەن حەماسەوە لەگەڵ هاوژینەکەی دەستگیرکرا. هاوژینەکەی لە یەکەم رێککەوتنی ئاگربەست لە تشرینی دووەمی 2023 ئازادکرا.
لێڤی لە فێتیسڤاڵی میوزیکیی نۆڤا بە بارمتە گیرا و چەکدارەکان تەقەیان لە هاوژینەکەی کرد و کوشتیان.
'ئێستا کاتیەتی'
یاردن بیباس، ئەو بارمتەیەی لە گەڕی چوارەمی ئاڵگۆڕکردن هەفتەی پێشوو ئازادکرا. داوای لە نەتەنیاهوو کرد، هاوژین و دوو منداڵەکەی لە غەززە بگەڕێنێتەوە.
بیباس رایگەیاند "سەرۆکوەزیران نەتەنیاهوو، ئێستا من خۆم قسەت لەگەڵ دا دەکەم. خێزانەکەم بگەڕێنەوە، هاوڕێکانم بگەڕێنەوە، هەمووان بگەڕێنەوە."
حەماس، پێشتر رایگەیاندبوو، شیری بیباس، هاوژینی یاردن؛ لەگەڵ دوو منداڵەکەیان ئاریێل و کفیر لە هێرشێکی ئیسرائیل دا کوژراون، بەڵام هێشتا ئیسرائیل پشتڕاستی نەکردووەتەوە.
لەکاتی بەبارمتەگرتنیان، ئاریێل تەمەنی چوار ساڵ و کفیر تەمەنی نۆ مانگ بوو.
کۆڕبەندی خێزانی بارمتە و بێسەروشوێنبووەکان داوای لە حکومەتی ئیسرائیل کرد، سەرەڕای لێدوانە ئاگرینەکەی ترەمپ و کاردانەوە زۆرەکانیان، ئیسرائیل لە ئاگربەستی غەززە نەکشێتەوە.
گرووپەکە رایگەیاند "یەک نەتەوەی تەواو، چاوەڕێن بارمتەکان بگەڕێنەوە. ئێستا کاتی ئەوەیە دڵنیایی لە تەواوکردنی رێککەوتنەکە بکرێت، تاوەکو هەموو بارمتەکان دەهێنرێنەوە."
گفتوگۆکانی دەوحە
تاوەکو ئێستا فەلەستینییەکان 21 بارمتەیان ئازادکردووە و سەدان بەندکراویش لە بەرامبەریاندا لە زیندانەکان دا دەرهێنراون.
بڕیارە رۆژی دووشەممە، 10-02-2025 گفتوگۆ و دانوستاندنەکان لە دەوحە دەستپێبکەنەوە. هەریەک لە قەتەر، میسر و ئەمریکا نێوەندگیری ئیسرائیل و حەماسن.
نووسینگەی نەتەنیاهوو رایگەیاند، لەدوای ئاڵوگۆڕەکەی شەممە، شاندێکی ئیسرائیل بەرەو دەوحە دەفڕن.
ئامانجی قۆناخی دووەم بریتییە لە ئازادکردنی بارمتەی دیکە و دانانی نەخشەڕێگەی راگرتنی یەکجارەکیی جەنگ.
لە هێرشەکەی ئۆکتۆبەری 2023، چەکدارانی حەماس 251 بارمتەیان گرت. بەگوێرەی ئیسرائیل، ئێستا 73 بارمتە لە غەززە ماون، پێشبینی دەکرێت 34ـیان کوژرابن.
وەڵامە کەمەرشكێنەکەی ئیسرائیل تاوەکو ئێستا 47 هەزار و 583 کەسی لە 15 مانگدا کوشتووە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ