سوپای ئیسرائیل دەڵێت کۆگەیەکی چەکی حەماسی لە سووریا بۆردوومانکردووە

08-02-2025
نیاز مستەفا
دیمەنێکی بۆردوومانەکە کە لەلایەن سوپای ئیسرائیلەوە بڵاوکراوەتەوە
دیمەنێکی بۆردوومانەکە کە لەلایەن سوپای ئیسرائیلەوە بڵاوکراوەتەوە
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ 

سوپای ئیسرائیل بڵاویکردەوە، کۆگەیەکی چەکی حەماسیان لە باشووری سووریا بۆردوومان کرد. دەشڵێت، هەموو کارێک دەکەن بۆ ئەوەی رێگری لە "رێکخراوە تیرۆرستییەکان" بکەن لەوەی خۆیان بەهێزبکەن. 
 
رۆژی شەممە، 8ـی شوباتی 2025، سوپای ئیسرائیل بڵاویکردەوە، "لەسەر بنەمای هەواڵگری، فڕۆکە جەنگییەکانمان کۆگەیەکی رێکخراوی تیرۆرستیی حەماسیان لە ناوچەی دێر عەلی لە باشووری سووریا بۆردوومان کرد." 
 
شارۆچکەی دێر عەلی، سەر بە پارێزگای گوندەواری دیمەشقە و نزیکەی 39 کیلۆمەتر لەو ناوچانەی خاکی سووریاوە دوورە، کە لەژێر دەستی سوپای ئیسرائیل دایە. ناوچەکە نزیکەی 69 کیلۆمەتریش لە سنووری ئیسرائیلەوە دوورە. 
 
تاوەکو ئێستا حەماس و سووریاش دروستیی ئەم هەواڵەیان پشتڕاست نەکردووەتەوە. سوپای ئیسرائیل دەشڵێت، "بەردەوام دەبین لە لەنێوبردنی تواناکانی حەماس لە هەموو بەرەکان و رێگریش لە هەموو هەوڵەکانی رێکخراوە تیرۆرستییەکان دەکەین لەوەی خۆیان رێکبخەنەوە و هێزی زیاتر کۆبکەنەوە". 
 
رۆژی 7ـی تشرینی یەکەمی 2023، جەنگی حەماس و ئیسرائیل دەستیپێکرد. رۆژی 15ـی کانوونی دووەمی ئەمساڵیش هەردوولا بە نێوەندگیریی ئەمریکا، میسر و قەتەر ئاگربەستیان واژۆکرد. بەگوێرەی ئەنجوومەنی ئەورووپی بۆ پەیوەندییەکانی دەرەوە، لەو جەنگەدا نزیکەی شەش هەزار بۆ حەوت هەزار چەکدار و ئەندامی گرووپەکە کوژران. 
 
رۆژی 8ی کانوونی یەکەمی رابردوو، گرووپە چەکدارەکانی سووریا سەرکەوتوو بوون لە رووخاندنی حکومەتی بەشار ئەسەد، سەرۆکی پێشووی سووریا. دواتر، سوپای ئیسرائیل چووە نێو خاکی وڵاتەکە. بەرپرسانی تەلئەڤیڤ دەڵێن، ئامانجیان لەو کارە پاراستنی دانیشتووانی بەرزاییەکانی جۆلان و هاووڵاتییانیانە لە باکووری وڵاتەکەیان لە هێرشی گرووپە چەکدارەکانی نزیک لە ئێران. 
 
لەو کاتەوە بەرپرسانی ئیدارەی نوێی دیمەشق داوای کشانەوەیان لە سوپای ئیسرائیل کردووە و، ئاماژەیان بەوە داوە هەموو هەوڵێک دەدەن بۆ ئەوەی سووریا نەبێتە مەترسی لەسەر ئەو وڵاتە. 

 

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە