رووداو دیجیتاڵ
ئەندامێکی مەکتەبی سیاسیی حەماس رایگەیاند، نایانەوێت بگەڕێنەوە بۆ جەنگ لەگەڵ ئیسرائیل. دەشڵێت، پێویستە وڵاتانی عەرەبی پەیوەندییەکانیان لەگەڵ تەلئەڤیڤ ئاسایی نەکەنەوە.
رۆژی شەممە، 8ـی شوباتی 2025، باسم نەعیم، ئەندامی مەکتەبی سیاسیی حەماس دوای نزیکەی سێ هەفتە لە دەستپێکردنی ئاگربەستی نێوانیان لەگەڵ ئیسرائیل، رایگەیاند، "بەدڵنیاییەوە گەڕانەوە بۆ جەنگ، ویست و بڕیاری ئێمە نییە". دەشڵێت، پابەندنەبوونی تەواوەتیی ئیسرائیل بە قۆناخی یەکەمی ئاگربەست، مەترسیی لەسەر ئەو پرۆسەیە دروستدەکات و لەنێوی دەبات.
ئەو بەرپرسەی حەماس هەڕەشەی ئەوەش دەکات کە ئەگەر ئیسرائیل بیەوێت دەست بە جەنگ بکاتەوە، فەلەستینییەکان ئامادەن بۆ وەڵامدانەوە.
رۆژی شەممە 08-02-2025، بزووتنەوەی حەماس لە شاری دێر بەلەحی کەرتی غەززە، سێ بارمتەی ئیسرائیلیی رادەستی لیژنەی نێودەوڵەتیی خاچی سوور کرد. ئیسرائیلیش 183 بەندکراوی ئازادکرد و بەشێکیان بە پاس گەیشتنە شاری رامەڵڵای کەرتی رۆژئاوا. ئەمە پێنجەم گۆڕینەوەی بارمتە و بەندکراوان بوو. قۆناخی یەکەمی ئاگربەستی غەززە لە 19-01-2025 دەستیپێکرد و بڕیارە 42 رۆژ بخایێنێت.
سەبارەت بە دەستپێکردنی گفتوگۆکان بۆ قۆناخی دووەمی ئاگربەست، باسم نەعیم ئاماژەی بەوە کرد، دەبوو گفتوگۆکان دووشەممەی رابردوو دەستیانپێکردبا، بەڵام ئیسرائیلییەکان دوای دەخەن. ئاماژە بەوەش دەکات، لە چەند رۆژی داهاتوودا ئەو گفتوگۆیانە دەستپێدەکەن.
ئەو بەرپرسەی حەماس ئەوەشی خستەڕوو، داوا لە وڵاتانی عەرەبی دەکەن پەیوەندییەکانیان لەگەڵ ئیسرائیل ئاسایی نەکەنەوە. ئەوانەی ئاساییشیان کردووەتەوە، پێویستە پاشگەزبنەوە.
پێشتر چەند وڵاتێکی عەرەبی، لەوانە میسر و ئوردن، پەیوەندییەکانیان لەگەڵ ئیسرائیل ئاسایی کردبووەوە و سعودیەش نزیک بوو لە ئاساییکردنەوەی.
رۆژی 7ی تشرینی یەکەمی 2023 جەنگی حەماس و ئیسرائیل دەستیپێکرد. 15ـی کانوونی دووەمی ئەمساڵیش هەردوولا بە نێوەندگیریی ئەمریکا، میسر و قەتەر ئاگربەستیان واژۆکرد. بە گوێرەی ئەنجوومەنی ئەورووپی بۆ پەیوەندییەکانی دەرەوە، لەو جەنگەدا نزیکەی شەش هەزار بۆ حەوت هەزار چەکدار و ئەندامی گرووپەکە کوژران.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ