کوێت: دوای مەترسیی بوونی بۆمب فڕۆکەیەکی 'گەڵف ئێیەر' بە سەلامەتی نیشتەوە

08-06-2025
تەنیا ئەحمەد
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ
 
دوای ئەوەی کوێت ئاگادار دەکرێتەوە لەوەی فڕۆکەیەک کە بەرەو وڵاتەکە دەچێت بۆمبی لەناوە، ئامادەکاری بۆ دەکرێت و دوای نیشتنەوەی فڕۆکەکە هەموو سەرنشینەکان بە سەلامەتی دادەبەزێنرێن. ئەو کەسەشی کە زانیارییەکەی داوە دەستبەسەر دەکرێت و لێکۆڵینەوەی لەگەڵدا دەکرێت.
 
رۆژی یەکشەممە 08-06-2025، دەستەی گشتیی فڕۆکەوانیی مەدەنیی کوێت رایگەیاند، لە هەبوونی هەڕەشەی بۆمب لەنێو فڕۆکەیەکی هێڵی ئاسمانیی گەڵف ئێیەر ئاگادارکراونەتەوە کە بەرەو کوێت دەچوو. فڕۆکەکە بە سەلامەتی لە فڕۆکەخانەی کوێت نیشتەوە و سەرجەم گەشتیارەکان "بە سەلامەتی و تەندروستییەکی باشەوە" هاتنە خوارەوە.
 
عەبدوڵڵا راجی، گوتەبێژی فڕۆکەوانیی مەدەنیی کوێت رایگەیاند، سەرجەم گەشتیارانی نێو ئەو فڕۆکەیەی گومانی هەبوونی بۆمبی لێدەکرا، بە رێکاری ئەمنی تێپەڕێنران. هەروەها ئەو کەسەی بەرپرس بووە لە پێدانی زانیارییەکە دەستگیرکراوە و رێکاری ئەمنی لەبەرامبەریدا گیراوەتەبەر.
 
گوتەبێژەکە گوتیشی، دەستەکەیان بە هاوکاریی لایەنە پەیوەندیدارەکان، لە پشکنیندایە بۆ دڵنیابوونەوە لەوەی فڕۆکەکە هیچ هەڕەشەیەکی ئەمنی لەسەر نییە. جەختیشی لەوە کردەوە، گەشتەکانی فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی کوێت بەهۆی رووداوەکەوە هیچ کاریگەرییەکیان لەسەر نەبووە.

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە