ئیسرائیل هەڕەشە لە کەشتیی مادلین دەکات و دەڵێت، رێگە نادات بگاتە غەززە

08-06-2025
بژار زوبێر @BBashqaly
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

بەلەمی چالاکڤانان گەیشتە نزیک غەززە و چەند کاژێرێکی کەمی ماوە بۆ ئەوەی لە کەناری کەرتەکە لەنگەر بگرێت. چالاکڤانانی نێو بەلەمەکە دەڵێن، لە ئێستاوە سیستمی پەیوەندیکردنی بەلەمەکەیان بلۆککراوە و داوا لە خەڵکی جیهان دەکەن، دەنگیان بگەیێنن. 
 
ئیسرائیل رۆژی یەکشەممە فەرمانی بە سوپاکەی کرد رێگری لە بەلەمەکە بکات کە ژمارەیەک چالاکڤانی تێدایە، لەنێویاندا گرێتا تونبێرگ، چالاکڤانی سوێدیی بواری کەشوهەوا.
 
چالاکڤانان دەیانەوێت بەو بەلەمە گەمارۆی ئیسرائیل لەسەر کەرتی غەززە بشکێنن و بڕێک یارمەتیی مرۆیی بگەیێننە خەڵکی کەرتەکە.
 
یسرائیل کاتس، وەزیری بەرگریی ئیسرائیل، لە راگەیێندراوێکدا دەڵێت: "رێنماییم داوەتە سوپا بۆ رێگریکردن لە گەیشتنی بەلەمی مادلین بە غەززە."
 
کاتس، تونبێرگی بە "دژە جوو" و گرووپی چالاکڤانانی بە "زمانحاڵی پڕوپاگەندەی حەماس" وەسفکرد و گوتی: "بگەڕێنەوە، چونکە ناگەنە غەززە."
 
بەلەمی مادلین کە لەلایەن هاوپەیمانیی کەشتیگەلی ئازادییەوە بەڕێوەدەبردرێ، لە 1ی حوزەیران لە ئیتالیاوە دەرچوو بە ئامانجی گەیاندنی هاوکاری بە غەززە و شکاندنی گەمارۆی ئیسرائیل.
 
بە گوێرەی نەتەوە یەکگرتووەکان، بەهۆی گەمارۆی ئیسرائیلەوە غەززە رووبەڕووی "تووندترین برسێتی" بووەتەوە. 
 
کەرتی غەززە تەنانەت پێش دەستپێکردنی جەنگیش لە 7ی تشرینی یەکەمی 2023 لە ژێر گەمارۆی ئیسرائیل بوو، بەڵام دوای جەنگ، گەمارۆکە تووندتر بوو. 
 
چالاکڤانان رۆژی شەممە رایانگەیاند، کەشتییەکە چووەتە نێو سنوورە ئاوییەکانی میسر و لە غەززە نزیک بووەتەوە. 
 
زیاتر لە 20 مانگە جەنگ لە غەززە بەردەوامە کە زۆربەی هەرە زۆری قوربانییانی منداڵ و ژنن و نزیکەی هەموو کەرتەکە وێران بووە. 
 
کاتس گوتی: "ئیسرائیل رێگە نادات هیچ کەسێک گەمارۆی دەریایی سەر غەززە بشکێنێت، کە ئامانجی رێگریکردنە لە گەیشتنی چەک بە حەماس."
 
هەروەها گوتی:"ئیسرائیل دژی هەر هەوڵێکە بۆ شکاندنی گەمارۆ یان پشتیوانیکردنی گرووپە تیرۆریستییەکان." 
 
کاتس هەڕەشە دەکات کە سوپای ئیسرائیل "لە رێگەی دەریا، ئاسمان یان وشکانییەوە هەنگاو دەنێت" دژی هەر کەسێک بیەوێت گەمارۆکە بشكێنێت. 
 
"کوشتنی خەڵک لە لایەن ئیسرائیلەوە لە کاتی وەرگرتنی یارمەتییەکان"
 
لە غەززە، بەرگریی شارستانی رایگەیاند، هێرشەکانی ئیسرائیل رۆژی یەکشەممە لانیکەم 10 کەسیان کوشت.
 
مەحمود بەسەڵ، گوتەبێژی دەزگاکە رایگەیاند: "پێنج شەهید و دەیان بریندار گەیێندرانە نەخۆشخانەی ناسر لە خان یوونس، دوای ئەوەی هێزەکانی داگیرکەری (ئیسرائیل) دەوروبەری کاژێر 6:00ی بەیانی تەقەیان لە هاووڵاتیانی سڤیل کرد."
 
ئەو خەڵکە سڤیلە بەرەو ناوەندێکی دابەشکردنی هاوکاری لە رۆژئاوای رەفەح دەڕۆیشتن کاتێک لە لایەن سەربازانی ئیسرائیلەوە تەقەیان لێ کرا. بە گوتەی بەسەڵ، خەڵکەکە هەوڵیان دەدا بگەنە لای بنکەیەکی دامەزراوەی مرۆیی غەززە بۆ ئەوەی یارمەتیی مرۆیی وەربگرن. 
 
دامەزراوەکە لە لایەن ئیسرائیل و ئەمریکاوە دروستکراوە بۆ ئەوەی لەبری نەتەوە یەکگرتووەکان یارمەتی لە غەززە دابەش بکات. بەڵام نەتەوە یەکگرتووەکان و ئاژانسە مرۆییەکان گومانیان لە بێلایەنیی دامەزراوەکە هەیە و پێیان وایە ئیسرائیل دەیەوێت لە رێگەیەوە خواردن وەک چەک دژی خەڵکی غەززە بەکاربێنێت. بەڕێوەبەری پێشووی دامەزراوەکەش، وەک ناڕەزاییەک، لەسەر ئەو بنەمایە دەستی لەکاركێشایەوە. 
 
نەتەوە یەکگرتووەکان رەتی دەکاتەوە لەگەڵ دامەزراوەی مرۆیی غەززە کاربکات.
 
سوپای ئیسرائیل رایگەیاند تەقەی لەو کەسانە کردووە کە "بە شێوەیەک بەردەوام بوون لە نزیکبوونەوە لە سەربازەکان".
 
عەبدوڵا نووردەین، هاووڵاتیی غەززە دەڵێت: "دەوروبەری کاژێر 4:30ی بەیانی خەڵک دەستیان بە کۆبوونەوە کرد لە ناوچەی عەلەمی رەفەح. دوای نزیکەی کاژێر و نیوێک، سەدان کەس بەرەو شوێنەکە چوون و سوپا تەقەی کرد."
 

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

حاجییان لە مزگەوتی حەرام بە دەوری کەعبەدا تەواف دەکەن. وێنە: Reuters

حەج و عومرەی سعودیە وێنەگرتن لە مزگەوتی حەرام و پێغەمبەر قەدەخە دەکات

گوتەبێژی بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی حەج و عومرەی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، لە وەرزی حەجی ساڵی داهاتوودا وێنەگرتن و تۆمارکردنی ڤیدیۆ لە هەردوو مزگەوتی پێغەمبەر (د.خ) لە مەدینە و مزگەوتی حەرام لە مەککە قەدەخە دەکرێت.