بەدواداچوونی رووداو؛ ئەو قاچاخچییەی گەنجانی راپەڕین لە لیبیاوە دەباتە ئەورووپا کوردە

08-07-2025
سۆران حوسێن
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ 

رۆژ بە رۆژ کۆچی گەنجان لە هەرێمی کوردستان و بە تایبەت ئیدارەی سەربەخۆی راپەڕین بەرەو وڵاتانی ئەورووپا روو لە زیادبوونە. بەرپرسی رێکخراوێکی پەنابەران دەڵێت، قاچاخچی بۆ هەر کەسێک 17 هەزار دۆلار وەردەگرێت.
 
بەکر بایز، قایمقامی قەزای پشدەر لە ئیدارەی راپەڕین بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "لێشاوێکی دیکەی کۆچبەران لە راپەڕین و قەزای پشدەری سەری هەڵداوەتەوە و رێگەی لێ نەگیرێت پشدەر دەبێتە شوێنی پیر و بەساڵاچووان."
 
رەنج پشدەری، چالاکڤانی کۆچبەران لە ئەورووپا ئەمڕۆ بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "هەفتانە زیاتر لە 300 گەنجی پشدەر و دەوروبەری رێگەی قاچاخ دەگرنەبەر بۆ گەیشتن بە وڵاتانی ئەورووپا".
 
پشدەری گوتی: "ئەو گەنجانە ئێستا زۆرینەیان بۆ گەیشتن بە وڵاتانی ئەورووپا رێگەی لیبیا دەگرنەبەر و لەوێشەوە بەرەو ئیتاڵیا بەڕێدەکەون".
 
تووندبوونەوەی رێگرییەکان لە کۆچبەری لە تورکیا و یۆنان و دووریی رێگەی نێوان یۆنان بۆ ئیتاڵیا، وایکردووە ئێستا کۆچبەرانی کورد رێگەی لیبیا بگرنە بەر.
 
هەر ئەمڕۆ سێشەممە، بەکر عەلی، سەرۆکی رێکخراوی پەنابەرە گەڕاوەکانی ئەورووپا بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "هەموو ئەوانەی بە رێگەی پڕ مەترسی و قاچاخ بەرەو لیبیا بەڕێدەکەون، هەریەکە و نزیکەی 17 هەزار دۆلار دەدەنە قاچاخچییەکان".
 
بەکر عەلی گوتی: "رێگەی لیبیا بۆ ئیتاڵیا نزیکەی هەشت کاژێرە لە ئاودا، لەکاتێکدا لە یۆنانەوە زیاتر لە 72 کاژێری دەوێت، ئەوەش هۆکاری سەرەکی کۆچی گەنجانە لە لیبیاوە".
 
بەگوێرەی زانیارییەکانی رووداو، بەنێوبانگترین قاچاخاچی کە ئێستا لە لیبیا کار بکات کەسێکی کوردە بە ناوی (ح - خ) و هەر خەڵکی ئیدارەی سەربەخۆی راپەڕینە، بەڵام ئێستا لە ئەورووپا دەژی و بۆ قاچاخچێتی بەشێوەیەکی کاتیی چووەتە لیبیا.
 
سەرۆکی رێکخراوی پەنابەرە گەڕاوەکانی ئەورووپا گوتی: "ئەو پارەیەی دەدرێتە قاچاخچییەکان هەمووی بۆ خۆیان نییە و بەشێکی بۆ گرووپە میلیشیاکانی لیبیایە، چونکە لە سنوورە ئاوییەکان ئەو گرووپانە هەن و بە رێککەوتن و پارە نەدەیت رێگە نادەن هیچ کۆچبەرێک بەڕێبکەوێت".
 
شەوی رابردوو ژمارەیەک گەنج لە ناحیەی ژاراوە لە قەزای پشدەر گردبوونەوە. بەکر عەلی، کە خۆی لە ئیدارەی راپەڕین دەژی دەڵێت: "گردبوونەوەکە دژی کەسێک بووە کە لێدوانی داوە لەسەر زۆربوونی ژمارەی کۆچبەری و گوایە لێدوانەکەی بووە بەهۆکاری ئەوەی هێزە ئەمنییەکان لێکۆڵینەوە بکەن و رێگری لە کۆچبەری بکەن، ئەوەش گەنجانی نیگەران کردووە".
 
هەر شەوی رابردوو گردبوونەوەکە کۆتایی هات. بە گوتەی سەرۆکی رێکخراوی پەنابەرە گەڕاوەکانی ئەورووپا "هیچ کەسێک لەو گەنجانە دەستگیر نەکراوە".
 
بەپرسێکی باڵای ئەمنییش بە رووداوی گوت: "دوێنێ هیچ گەنجێک دەستگیر نەکراوە و ئەگەریش هێزە ئەمنییەکان دەستوەردانیان کردبێت بۆ بڵاوپێکردنیان و پاراستنی خۆیان بووە".
 

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە