زیاتر لە 1.3 ملیۆن زیارەتکار بە دەروازەی مێهراندا هاتووچۆیان کردووە

08-08-2025
پەیمان محەممەد
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

جێگری بەرپرسی ناوەندی بەڕێوەبردنی رێوڕەسمی چلەی ئیمام حوسێن لە پارێزگای ئیلام رایگەیاند، لە ماوەی 24 کاژێردا 206 هەزار زیارەتکاری شوێنە پیرۆزەکانی عێراق بە دەروازەی سنووریی مێهراندا تێپەڕیون. 
 
ئەمڕۆ هەینی 08-08-2025، تاجەدین ساڵحیان، جێگری بەرپرسی ناوەندی بەڕێوەبردنی رێوڕەسمی چلەی ئیمام حوسێن لە پارێزگای ئیلامی رۆژهەڵاتی کوردستان رایگەیاند، لە سەرەتای مانگی سەفەرەوە (26ـی تەممووز) زیاتر لە یەک ملیۆن و 300 هەزار زیارەتکاری شیعە بە دەروازەی سنووریی مێهراندا تێپەڕیون.
 
تاجەدین ساڵحیان ئاماژەی بەوە کرد، لە کاژێر 19:00ـی رۆژی چوارشەممە تاوەکو هەمان ماوەی رۆژی پێنجشەممە، ژمارەی هاتووچۆی زیارەتکاران بە دەروازە سنوورییەکەدا گەیشتووەتە 206 هەزار کەس.
 
بەگوتەی جێگری بەرپرسی ناوەندی بەڕێوەبردنی رێوڕەسمی چلەی ئیمام حوسێن لە پارێزگای ئیلام، لەو ژمارەیە 150 هەزاریان بەرەو شوێنە پیرۆزەکانی عێراق چوون و 56 هەزاریشیان گەڕاونەتەوە ئێران و رۆژهەڵاتی کوردستان.
 
چلەی ئیمام حوسێن لای شیعەکان بایەخی زۆری پێدەدرێ و ئەم ساڵ دەکەوێتە 14ـی مانگی ئاب.
 
لە هەموو پارێزگا سنوورییەکانی ئێران لەگەڵ عێراق و هەرێمی کوردستان، دەروازەوی سنووریی تایبەت دەستنیشانکراون بۆ هاتووچۆی زیارەتکارانی شیعە کە گرنگترینیان دەروازەی سنووریی مێهرانە. 
 
دەروازەی سنووریی مێهران بە دووریی 85 کیلۆمەتر کەوتووەتە باشووری رۆژئاوای شاری ئیلام و لە دیوی عێراقەوە دەکەوێتە سنووری پارێزگای واست و ناوی زڕباتیەیە کە بەهۆی نزیکی لە شوێنە پیرۆزەکانی شیعە لە عێراق، زۆرترین زیارەتکاری ئێرانی و بیانی هاتووچۆی پێدا دەکەن.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە