رووداو دیجیتاڵ
ئیهود ئۆلمێرت، سەرۆکوەزیرانی پێشووتری ئیسرائیل رۆژی هەینی رایگەیاند، فراوانکردنی هێرشەکان بۆ سەر کەرتی غەززە نابێتەهۆی شکستپێهێنانی حەماس یان ئازادکردنی بارمتە ئیسرائیلییەکان.
ئۆلمێرت گوتی، "گریمانەی ئەوەی کە ئێستا دەگەینە پاشماوەکانی حەماس و بارمتەکان رزگار دەکەین، خەیاڵە. ئەوە روونادات؛" گوتیشی: "ئەمە بە تەواوی قبووڵنەکراوە و لێخۆشبوونی نییە."
رۆژی هەینی، ئیسرائیل پلانی خۆی بۆ کۆنترۆڵکردنی شاری غەززە راگەیاند.
ئەم هەنگاوە وەڵامێکی خێرای بزووتنەوەی حەماسی بەدوای خۆیدا هێنا، هەروەها داواکارییە نێودەوڵەتییەکانی بۆ کۆتاییهێنان بە جەنگەکە زیاترکرد و وایکرد ترس و نیگەرانی گەورەش لەسەر ژیانی بارمتەکانی نێو غەززە دروست بێت.
شاری غەززە یەکێکە لەو ناوچە کەمانەی کەرتی غەززە کە نەکراوەتە ناوچەی دابڕێنەری نێوان ئیسرائیل و فەلەستینییەکان و فەرمانی چۆڵکردنیشی بۆ دەرنەکراوە.
ئۆپەراسیۆنێکی گەورەی زەوینی لەوێ، رەنگە ببێتەهۆی ئاوارەبوونی دەیان هەزار کەس و هەوڵەکانی گەیاندنی خۆراک بەو ناوچە برسییە زیاتر پەک بخات.
روون نییە چەند کەس لەو شارەدا نیشتەجێن کە پێش جەنگ گەورەترین شاری کەرتی غەززە بوو. سەتان هەزار کەس لە هەفتەکانی سەرەتای جەنگدا بە فەرمانی چۆڵکردن رایانکرد، بەڵام بەشێکی زۆریان لە کاتی ئاگربەستی سەرەتای ئەم ساڵدا گەڕانەوە.
سەرۆکوەزیرانی پێشووتری ئیسرائیل گوتی: "ئێمە بۆ 22 مانگە دەجەنگین و دەستکەوتی زۆر سەرنجڕاکێشمان هەبووە؛ دەستکەوتی سەربازی لە ماوەی ئەم 22 مانگەی جەنگدا. ئازارێکی زۆر و باجێکی زۆر دڵتەزێنیشمان هەبووە. ئێمە بەرپرس بووین لە کوشتنی زۆر لە بارمتەکان لە ئەنجامی ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکان لەو ناوچانەی کە ناوچەی رووبەڕووبوونەوە بوون."
ئۆلمێرت گوتی، تەنیا دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا دەتوانێ کۆتایی بە جەنگی غەززە بهێنێت و رایگەیاند: "بڕیاری سەرۆکی ئەمریکا بۆ بەکارهێنانی هەموو هێزی قایلکردنی، هەموو کاریگەرییەکەی و گوتن بە بنیامین نەتەنیاهوو کە 'ئیدی بەسە، دەبێت رایبگری'. ئەگەر ترەمپ ئەمە بکات، گۆڕانکارییەک دروست دەکات."
سەرۆکوەزیرانی پێشووتری ئیسرائیل پێیوایە، خەڵکی ئیسرائیل لە کۆتاییدا دەگەنە قۆناخێک کە ناتوانن رەفتاری حکومەتی نەتەنیاهوو قبووڵ بکەن.
ئۆلمێرت دەڵێت، "هەست دەکەم ئەو تووڕەیی و نائومێدی و بێزارییەی ملیۆنان کەس هەیانە، دەگاتە لووتکەیەک کە وەک گڕکانێک دەتەقێتەوە و حکومەت ناچاردەکات گۆڕانکارییەکی گەورە لە هەڵوێستیدا بکات."
بە بڕوای ئۆلمێرت، حەماس هەموو بارمتەکان ئازاد دەکات، "ئەگەر جەنگ کۆتایی بێت و ئیسرائیل لە غەززە بکشێتەوە و لە بەرامبەردا هێزێکی ئەمنی دەسەڵات وەربگرێت کە پێکهاتبێت لە فەلەستینییەکان، سەربازانی وڵاتانی عەرەبی میانڕۆ وەکو میسرییەکان، ئوردنییەکان، ئیماراتییەکان، بەحرێنییەکان، سعودیيەکان و رەنگە هەندێک ئەورووپی. ئەوانە بەرپرس دەبن لە رێگریکردن لە هەر سەرهەڵدانەوەیەکی حەماس و بوونەوەی بە هێزێکی سەربازی و دوورخستنەوەی تەواوەتیی حەماس لە هەر پۆستێکی بەڕێوەبردن لە غەززە."
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ