رووداو دیجیتاڵ
شەڕی نێوان گرووپی شەباب موسلیم لەگەڵ چەکدارانی بزووتنەوەی فەتحی فەلەستینی لە کەمپی عەین حلوە، گەورەترین کەمپی پەنابەرانی فەلەستینی لە شاری سەیدای لوبنان، دەستیپێکردەوە و بەوهۆیەوە لانیکەم شەش کەس بریندار بوون.
شەڕی نێوان فەلەستینییەکان لە 30ـی تەممووزی ئەمساڵ دەستیپێکرد دوای ئەوەی کە بزووتنەوەی فەتحی نزیک لە مەحموود عەباس، سەرۆکی فەلەستین، گرووپی "شباب المسلم" کە گرووپێکی چەکداری نزیک لە حەماس و جیهادی فەلەستینین، تۆمەتبار کرد بەوەی سەرکردەیەکی سەربازیی بزووتنەوەی فەتحیان کوشتووە. شەڕەکە بووە هۆی کوژرانی 13 کەس لە هەردوولا.
دوای ئەوەش ئاگربەستی نێوان هەردوو گرووپەکە راگەیێندرا، بەڵام گرووپی "شباب الموسلم" ئامادە نەبوو کە تۆمەتباری کوشتنی سەرکردەکەی بزووتنەوەی فەتح رادەستی دادگەی لوبنان بکات.
بەرپرسانی فەتح رایانگەیاندووە، رۆژی پێنجشەممە هێزە ئەمنییەکانی لوبنان هەڵمەتێکی گەڕانیان بەدوای تۆمەتبارەکان دەستپێکردووە، بەڵام لەلایەن چەکدارانی گرووپی "شباب المسلم" رێگەیان لێگیراوە و بەوهۆیەوە گرژی کەوتووەتە نێوان دانیشتووانی کەمپەکە.
ئامارە فەرمییەکانی لوبنان دەریدەخەن شەش کەس لە شەڕەکەدا بریندار بوون.
54 هەزار فەلەستینی لە کەمپی عەین حلوەی لوبنان دەژین؛ جگە لەم کەمپەش، 11 کەمپی دیکەی پەنابەرانی فەلەستینی هەن کە بە تێکڕا 450 هەزار فەلەستینییان تێدایە. لە نێویشیاندا گرووپی چەکداری جۆراوجۆری فەلەستینی هەن، کە هەندێکیان دژ بەیەکن و جاروبار پێکدادان لەنێوانیاندا روودەدات.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ