رووداو دیجیتاڵ
بەرپرسانی ئیماراتی عەرەبی رایانگەیاند، هێلیکۆپتەرێک لە کاتی راهێنان لە کەناراوەکانی دوبەی تێکشکا و کەوتە نێو ئاوەوە. هێلیکۆپتەرەکە دوو کەسی تێیدا بووە و هەردووکیان بێسەروشوێنن.
رۆژی هەینی، 8ـی ئەیلوولی 2023، دەزگای فڕۆکەوانیی ئیمارات لە راگەیێندراوێکدا گوتی، "هێلیکۆپتەرەکە لە جۆری Bell 212 بووە و رۆژی پێنجشەممە کاژێر 08:30 خولەکی ئێوارە بە کاتی دوبەی لە فڕۆکەخانەی ئالمەکتوم لە دوبەی فڕیوە و لە کەناراوەکانی دوبەی کەوتووەتە نێو ئاوەوە."
لەبارەی ناسنامەی دوو کەسەکە، دەزگای فڕۆکەوانیی ئیمارات رایگەیاند، هەردووکیان فڕۆکەوان بوون، یەکێکیان میسری بووە و ئەوەی دیکەش خەڵکی ئەفریقیای باشوور بووە و کارمەندی کۆمپانیای AeroGulf بوون.
تائێستا هۆکاری کەوتنەخوارەوەی فڕۆکەکە دیار نییە، بەڵام دەزگای فڕۆکەوانیی ئیمارات ئاماژە بەوە دەکات لێکۆڵینەوە لە هۆکاری کەوتنەخوارەی فڕۆکەکە بەردەوامە.
دەزگاکە دەشڵێت، "تیمەکانی گەڕان و فریاگوزاری پاشماوەی هێلیکۆپتەرەکەیان دۆزیوەتەوە و هێشتا بەدوای تیمی فڕۆکەوانییەکەدا دەگەڕێن؛ لێکۆڵینەوەکان بەردەوامن".
لە ساڵی 2022دا لە دوبەی فڕۆکەیەک کەوتەخوارەوە و بەوهۆیەوە فڕۆکەوانەکە گیانی لەدەستدا. هەر لە ساڵی رابردوو، فڕۆکەیەکی نەفەرهەڵگر لە ئەبوزەبی پایتەختی ئیمارات خۆی کێشا بە شوێنی وەستانی ئۆتۆمبێل و بەهۆیەوە کەسێک بریندار بوو.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ