رووداو دیجیتاڵ
سوپای ئیسرائیل رایگەیاند، چوار سەربازیان لە باکووری شاری غەززە کوژراون، ئەوەش دوای ئەوەی چەکدارانی حەماس بۆمبیان فڕێدایە ناو تانکەکانیان.
رۆژی دووشەممە، 8ـی ئەیلوولی 2025، سوپای ئیسرائیل رایگەیاند، بەرەبەیانی ئەمڕۆ "سێ تیرۆریست گەیشتنە بنکەیەکی سوپای ئیسرائیل (IDF) لە نزیک شێخ رەزوان لە باکووری غەززە."
بە گوێرەی راگەیێندراوەکەی سوپای ئیسرائیل، سێ چەکدارەکە ئامێرێکی تەقینەوەیان فڕێداوەتە ناو تانکەکانی سوپای ئیسرائیل. بەو هۆیەوە چوار سەربازی سوپای ئیسرائیلی، کە لە نێو تانکەکە بوونە، کوژراون.
سوپا راشیگەیاند، سەربازێکی دیکە تەقەی لێکراوە و بە سەختی بریندار بووە.
هەموو ئەو سەربازانەی کە کوژراون لە لیوای 401ـی فەیلەقی 52 خزمەتییان کردووە.
بەگوێرەی ئەو ئامارانەی سوپای ئیسرائیل بڵاویکردوونەتەوە، لە سەرەتای دەستپێکردنی جەنگی غەززە، 468 سەربازی ئیسرائیلی کوژراون.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ